گۆڕان چۆن كاندیدەكانی یەكلادەكاتەوە؟
2019-02-20 18:31:33
راپۆرتی: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف
بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان، تائێستا یەكلانەبوەتەوە كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەدات، بەڵام زیاتر لە (6 هەزار) هەڵسوڕاو بۆ وەرگرتنی پۆست سیڤییان پڕكردوەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی كاندیدەكانی گۆڕان بڵاودەكاتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان وەك یەكەم هێزی سیاسی پشكی خۆی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان زامنكرد، بەپێچەوانەی یەكێتی نیشتمانییەوە كە هێشتا چاوی لە دانوستانە لەگەڵ پارتی، گۆڕان ئێستا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لە حكومەت.
هاوشێوەی كابینەی پێشوو پێدەچێت لەم كابینەیەشدا گۆڕان بەر لە یەكێتی پەیوەندی بە شەمەندەفەرەكەی حكومەتەوە بكات، ئێستا لە ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕاندا پرسی گەرموگۆڕ باسی دانانی كارەكتەرەكانە لەو پۆستانەی كە گۆڕان لە كابینەی نوێدا دەیانگرێتە دەست.
پۆستەكانی گۆڕان
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی كردویەتی، لە كابینەی نوێدا ئەم پۆستانە بەدەست گۆڕانەوە دەبێت:
• جێگری سەرۆكی هەرێم
• وەزیری دارایی
• وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
• وەزارەتێكی تر كە هێشتا یەكلانەبوەتەوە (رەنگە وەزارەتی شارەوانییەكان بێت)
• دەستەی دەستپاكی
• دەستەی وەبەرهێنان
• یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی
• ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە
• جێگری وەزیری ناوخۆ
• دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات (گۆڕان داوای نوێنەرایەتی ئەمریكاو بەریتانیا دەكات)
• 24 بەڕێوەبەری گشتی
• 24 راوێژكار
• بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت
• بریكاری وەزیری پەروەردە
كاندیدەكان چۆن دیاری دەكرێن؟
لەدواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیاربوو جڤاتی نیشتمانی لیژنەیەك بۆ (فلتەركردنی) ناوو سیڤی كاندیدەكان پەسەندبكاتو هەر جڤات خۆشی دەنگ لەسەر ناوی ئەندامانی لیژنەكە بدات، بەڵام ئەم بابەتە لە كۆبونەوەكەی جڤاتدا نەخرایەبەر باسو بەتەواونەكراویی بەجێهێڵدرا.
بەڵام (درەو میدیا) زانیویەتی، دروستكردنی لیژنەكەو ناوی ئەندامەكانی ئێستا لەنێوان جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندنو كوڕەكانی نەوشیروان مستەفادا (چیاو نما) بەهەڵواسراوی ماوەتەوەو نازانرێت ئەوە كێیە بڕیار دەدات لەسەر دانانی كاندیدەكان.
لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئێستا چەند بۆچونێكی جیاواز هەیە لەبارەی چۆنیەتی دانانی ناوی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان.
بۆچونی یەكەم:
هەندێك داوا دەكەن هیچ یەكێك لەو كارەكتەرانەی كە پێشتر لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستیان لە حكومەتو پەرلەمان وەرگرتووە، ئەمجارە پۆستیان پێنەدرێت، ئەندامانی خانەی راپەراندن زۆرینەیان لەگەڵ ئەو بۆچونەدا هاوڕان.
بۆچونی دووەم:
ئەم بۆچونە باوەڕیان وایە كە تەنیا لێهاتوویی كارەكتەرەكان لە كارەكانیاندا لەبەرچاوبگیرێت، بەڵام دەبێت گرەنتی ئەوە لەو كەسانە وەربگیرێت كە لە پۆستەكاندا دەبن، بەرنامەی گۆڕان جێبەجێبكەنو پەیوەست بن بە بڕیاری سەركردایەتی گۆڕانەوە.
پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هێشتا میكانیزمەكەی یەكلانەبوەتەوە، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر لە وتارێكدا نوسیبووی" كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكان لە جڤاتی نیشتمانی یەكلادەكرێتەوە"، بەڵام زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن، بەر لە رۆیشتنی ناوەكان بۆ بەردەم جڤاتی نیشتمانی، لە مەبتەخێكی تر ناوی كاندیدەكان یەكلادەكرێتەوە، كە تائێستا نادیارە.
ئێستا ئەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندان رۆڵی سەرەكیان هەیە، لەدانانی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان دوو جەمسەرن:
جەمسەری یەكەم: كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا-ن، بەپێی زانیارییەكان هەر كاندیدێك ئۆكەی ئەمانی لەسەر نەبێت لە فلتەر دەرناچێت.
جەمسەری دووەم: رێكخەری گشتی (عومەری سەید عەلی)یە، هەرچەندە هیچ دژبەرییەك لەنێوان جەمسەری یەكەمو دووەمدا بەدیناكرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا هەریەكەیان پشكی خۆی دەبێت، بەواتایەكی رونتر هەریەك لەو دوو جەمسەرە كەسانی نزیك لەخۆیان بۆ پۆستەكان كاندید دەكەن.
خانەی راپەراندن كە دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەبوو لە پرسی دیاریكردنی كاندیدەكاندا رۆڵی هەبێت، بەڵام پێناچێت خانە ئەو رۆڵە ببینێت، چونكە زیاتر لە نێوەی ئەندامەكانی خانە خۆیان چاویان لە وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانە.
شەش هەزار سیڤی
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەست (درەو میدیا) كەوتوون، زیاتر لە (6 هەزار) كەس كە هەڵسوڕاوی گۆڕانن لەهەموو ئاستەكاندا "سیڤی"یان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە پێشكەشكردووە كە لەم كابینەیەدا بەر گۆڕان دەكەوێت، كە نزیكەی (68) پۆستە، بەڵام ئەم ژمارە زۆرەی "سیڤی" نازانرێت بە چ میكانیزمێكو كێ یەكلاییان دەكاتەوە.
دابەشبوونی جوگرافی پۆستەكان
پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەپلەی یەكەم لەسەر بنەمای نزیكیی لە كارەكتەرە سیاسییەكانە، بەڵام سەرباری ئەمەش بۆ راگرتنی پارسەنگی دابەشبوونی جوگرافیو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەدانانی پۆستەكاندا ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانو رەوەندی دەرەوە لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام ئەمەش بێ كێشە نییە، بەپێی زانیارییەكان زۆرینەی مەكۆكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارەكان دەیانەوێت خۆیان رۆڵی سەرەكییان هەبێت لە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، واتە دانانی كاندیدی ناوچەكانیان لە مەكۆی سەرەكییەوە لە شاری سلێمانی رەتدەكەنەوە.
سەرباری ئەمە بەپێی زانیارییەكان، رەوەندی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی لەڕێگەی نوێنەرەكانیانەوە لە جڤاتی نیشتمانی داوا دەكەن ئەو دوو پۆستەی كە لە پەیوەندییەكانی دەرەوە بەر گۆڕان كەوتووە، ئەوان كاندیدەكانی بۆ دیاری بكەن.
وەزارەتەكانیش یەكێكیان بۆ كارەكتەرێكی سلێمانی بزوتنەوەكەو یەكێكی تریان بۆ كارەكتەرێكی هەولێر دەبێت.
بازەكە لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستیكەوتوون، كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكان ئەمانەن:
* بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مستەفا سەید قادر) چانسی گەورەی هەیە، چونكە هەم كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی دەكەن، هەم دڵخوازی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، بەوپێیەی پارتییەكان لە ئەدای كاركردنی لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە لە كابینەی پێشوودا رازین.
* هەرچی پۆستی وەزیری داراییە، كێبەركێكە لەنێوان (ئاوات شێخ جەناب) بەرپرسی ژووری كارگێری بزوتنەوەی گۆڕانو (هاوار شێخ رەئوف) بەرپرسی پێشووی بانكە بازرگانییەكانی هەرێمدایە، هەرچەندە هێشتا گەمەكە لەسەرەتادایەو پێدەچێت كاندیدی دیكەش بێنە ناوەوە، بەڵام تائێستا بەپێی زانیارییەكان (ئاوات شێخ جەناب) چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی زیاترە.
* بۆ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دوو كەس چاویان لەسەر پۆستەكەیە، كە بریتین لە (ئاراس وەلی) ئەندامی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانو (كوێستان محەمەد) پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، بەهۆی نزیكیی لە رێكخەری گشتیو هاوكات وەكو ژنێكیش (كوێستان محەمەد) چانسی زیاترە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.
* بۆ وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازیی، ئەوەی تائێستا ناوی دێت (ساماڵ سەردار) وەزیری بازرگانیی پێشووی حكومەتی هەرێمە، كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا.
* ئەو وەزارەتەی كە دەمێنێتەوەو تائێستا یەكلانەكراوەتەوە، پێدەچێت وەزارەتی (شارەوانیو نیشتەجێكردن) بێت، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا تائێستا قسە لەسەر ئەوەیە ئەم پۆستە بدرێتە بە كەسایەتییەكی هەولێر، ئەوەی ناوی دێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە بریتییە لە هەریەك لە (چالاكی موهەندیس) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانو (برزۆ مەجید) سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، (برزۆ مەجید) چانسی زیاترە.
* سەرباری ئەم ناوانەی كە وەكو كاندید بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان باسكران، زیاتر لەنیوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن چاویان لە وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانە، ئەمەش رەنگە پرۆسەكە دووچاری ئاستەنگ بكات.
* پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی كە بە پۆستێكی سیادی ئەژمار دەكرێتو لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشنیازكراوەو پرۆژەكەی بۆ نوسراوە، تائێستا كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە (جەلال جەوهەر)ە، كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنو سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری گۆڕانە.
* بۆ دەستەی وەبەرهێنان، لەگەڵ ئەوەی چەندین كەس چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، بەڵام تائێستا كاندیدی بەهێز (دانا عەبدولكەریم) بەرپرسی دۆسیەی حكومەتە لەژووری حكومەتو پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان.
* بۆ دەستەی دەستپاكی، ناوی هەریەكە لە (رەئوف عوسمان) سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو (سەردار قادر) بەرپرسی میدیای كۆمپانیا وشە لەئارادایە.
* بۆ پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، (جەمال حاجی محەمەد) سكرتێری جڤاتی نیشتمانی كاندیدی بەهێزە.
* بۆ پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ، (دلاوەر حاجی عوسمان) پێشمەرگەی دێرین چانسی گەورەی هەیە.
* بۆ نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمیش، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان داوای بەرپرسی نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی لە (ئەمریكا)و (بەریتانیا) كردووە، رەوەندی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان داوايان كردووە ئەوان كاندیدی ئەو دوو پۆستە یەكلابكەنەوە، بەڵام لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دوو كەسی تر چاویان لەسەر پۆستەكانە، (شوناس شێركۆ جدی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی نوێنەرایەتی ئەمریكاو (وشیار عومەر عەلی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەریتانیا، هەردوو كاندیدەكە دوو كەسی نزیكن لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا.
* هەرچی پۆستەكانی بەڕێوەبەرو راوێژكارەكانە، زۆربەیان بە خەڵكانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیو گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پڕبكرێنەوە، ئەمەش وەكو بەڵێنێك دیاریكراوە بۆ ئەوەی ئەو دوو جڤاتە كە رۆڵیان لە پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكاندا دەبێت، لەمپەر لەبەردەم پرۆسەكەدا دروستنەكەن.
هەموو ئەو ناوانەی لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) ئاماژەی پێكردوون، هەمووی زانیاری سەرەتاینو پێشبینیش دەكرێت هاوشێوەی كابینەی پێشووی حكومەت، بزوتنەوەی گۆڕان كەسانێك لە پۆستەكان جێگیر بكات كە هەرگیز پێشبینیكراو نەبوبن، یان لانی كەم بۆ زۆرینەی خەڵك ناسراو نەبن، ئەمەش ئاستی ململانێكان لەسەر دابەشبوونی پۆستەكان بڕیاری لەسەر دەدات.