Draw Media

پارتی بەتەلەفۆن كۆمەڵ بۆ حكومەت بانگهێشت دەكات

پارتی بەتەلەفۆن كۆمەڵ بۆ حكومەت بانگهێشت دەكات

2019-02-20 15:05:08


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
پارتی بە تەلەفۆن داوای لە كۆمەڵی ئیسلامی كردووە بەشداری حكومەت بكات، سەردانی ئەمیری كۆمەڵ بۆ پیرمام رەنگە دەرگای حكومەت بۆ كۆمەڵ بكاتەوە، بەڵام ئەمیر پێناچێت زیارەتەكە بكات.
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا‌و نیوەی زیاتری كێكی حكومەتیش دابەشكراوە، هێشتا كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بڕیاری خۆی بۆ بەشداریكردن لە دەسەڵات، یان ئۆپۆزسیۆنبوون یەكلانەكردوەتەوە.

 

پارتی‌و كۆمەڵ
كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، ئەوكات یەكێتی هاوشێوەی ئێستا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ پارتی ناكۆك بوو، پۆستی سكرتێری پەڕلەمان كە بەر یەكێتی كەوتبوو، بەهۆی نائامادەیی یەكێتییەوە لە كۆبونەوەی پەرلەمان، درا بە كۆمەڵی ئیسلامی (فەخرەدین قادر)، تا ئەوكاتەی یەكێتی بەشداری پەرلەمان دەكات، بەڵام پۆستەكە تا كۆتایی لای كۆمەڵ مایەوە.
لە خولی پێشووی پەرلەماندا، كۆمەڵ پشتیوانی لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرد، ئەمە پارتی نیگەران كردبوو، بەڵام كاتێك پارتی وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت وەدەرنا، وەزیرەكانی كۆمەڵ ناڕەزایەتییان نیشاندا، بەڵام لە حكومەت نەكشانەوە تاوەكو كۆتاییەكانی تەمەنی كابینەكە، پارتی زۆر بە كشانەوەی كۆمەڵ لە حكومەت نیگەران بوو، پارتییەكان پێیانوابوو، كۆمەڵ بۆ موزایەدە‌و بانگەشەی هەڵبژاردن لەكۆتایی كابینەكەدا لە حكومەت كشاوەتەوە.
پەیوەندییەكانی پارتی‌و كۆمەڵ لەمساڵانەی دوایدا تاڕادەیەك بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێپەڕی، پارتی لە هەولێر فشاری بۆ كادیرانی كۆمەڵ هێنا، پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی تۆمەتباركرد بە "تیرۆر"‌و چەندین كادری كۆمەڵی دەستگیركرد.
كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد لە 30ی ئەیلولی 2018دا، لەو هەڵبژاردنەدا یەكێك بوو لە لایەنە براوەكان، ژمارەی كورسییەكان لە پەرلەمان لە (6) كورسییەوە زیادی كرد بۆ (7) كورسی.

 

رێكخەر فریای كۆمەڵ دەكەوێ
دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەستیپانپێكرد، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەهۆی ئەوەی دەنگەكانی داكشا، هەرزوو ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند، لەدوای بڕیارەكەی یەكگرتوو، پارتی چیتر بیری لە بەشداری ئیسلامییەكان لە كابینەی نوێی حكومەت نەكردەوە، وەفدی پارتی چەندجارێك بۆ دانوستان سەردانی سلێمانیان كرد، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوە، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامییان نادیدەگرت، ئەوە لەكاتێكدابوو، كۆمەڵ چاوی لە بەشداریكردن بوو لە حكومەت.
بەمدواییانە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە یەكێتی نائومێد بوو، پارتی ئاڕاستەكەی بەلای كۆمەڵی ئیسلامیدا گۆڕی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یەكەم كەس بووە كە پێشنیازی بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی كردووە لە حكومەت‌و ئەو پێشنیازەی داوە بە پارتی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەیەكێك لە كۆبونەوەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتیدا، بە نێچیرڤان بارزانی وتووە" وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی كوردستان چ ئێران‌و چ توركیا، ئیسلامییەكان حوكمی دەكەن، چۆن دەبێت حكومەتی هەرێم لایەنێكی ئیسلامی تێدا نەبێت".
پارتی پێشنیازەكەی رێكخەری گشتی گۆڕانی تاڕادەیەك بەلاوە سەرەنجڕاكێش بوو، بەڵام هێشتا دوودڵ بوو، پارتی لە قۆناغی یەكەمدا كاری لەسەر ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی كرد لەگەڵ كۆمەڵ، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەستپێشخەرییەكی كرد بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان، وەفدی پارتی سەردانی كۆمەڵی كرد، بەڵام باسی بەشداری كۆمەڵ لە حكومەتدا نەكرا.

 

بانگهێشتكردن بە تەلەفۆن !
لەدوای هەوڵی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان، پارتی وردە وردە بیری لە بەشداری كۆمەڵ لە حكومەتیش كردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەمدواییە پارتی بە فەرمی داوای لە كۆمەڵ كردووە بەشداری لە حكومەت بكات، داواكارییەك كە ماوەیەكی زۆرە كۆمەڵ چاوەڕوانی دەكرد.
كۆمەڵ تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بانگهێشتە تەلەفۆنییەكەی پارتی قبوڵنەكردووە، هەندێك لە بەرپرسانی كۆمەڵ كە (درەو میدیا) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە قسەی لەگەڵ كردون، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، پارتی لەسەرەتاوە كۆمەڵی نادیدەگرتووەو ئێستاش لەبری ئەوەی بەفەرمی‌و بەوەفد پەیامەكەی بە كۆمەڵ بدات، بەتەلەفۆن بانگهێشتی حكومەتیان دەكات.

 

ئەمیر ناچێتە پیرمام ؟
هەندێك سەرچاوەی تری ئاگادار كە قسەیان بۆ (درەو میدیا) كردووە، باسلەوە دەكەن، پارتی تاڕادەیەك بەشداریكردنی كۆمەڵی لە حكومەت وابەستە كردووە بەوەی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ سەردانی پیرمام بكات‌و لەوێ لەگەڵ مەسعود بارزانی دیدار بكات.
بەرپرسانی پارتی ئەم پێشنیازەیان داوە بە گوێی سەركردەكانی كۆمەڵدا، بەڵام تائێستا ئەمیری كۆمەڵ نایەوێت بچێتە پیرمام.

 

كێشەیەكی تر
كێشەیەكی تر لە بەردەم بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتییە، پێشتر ئەو ئەنجومەنە بەزۆرینە ڕای لەسەر ئەوەداوە كە نابێت كۆمەڵ بەشداری لەكابینەی نوێی حكومەت بكات.
سەرچاوەیەك لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەگەر كۆمەڵ بەشداری لە حكومەت بكات، دەبێت پارتی جارێكی تر ڤیتۆكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵگرێت.

  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand