یەكێتی بەمانۆڕی جەماوەریی پەیام بۆ پارتی دەنێرێت
2019-02-19 20:31:08
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازڵ حەمەرەفعەت
لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بارودۆخی ناوخۆیی یەكێتیو پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی پەرەسەندنی نوێ بەخۆوە دەبینێت، (درەو میدیا) وردەكارییەكان بڵاودەكاتەوە.
سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵوێستی خۆی بۆ كادیرانی حزبەكەی سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی كوردستانو پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان روندەكاتەوە.
لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی ئاشكرایكرد، كۆبونەوەكەی كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كۆبونەوەیەكی فراوان لەگەڵ ئەنجومەنی ناوەندو مەڵبەندو كۆمیتەكان ئەنجام دەدات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، كۆبونەوەكە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلیو حاكم قادر حەمەجانەوە بەڕێوەدەبرێتو مەكتەبی سیاسی هەڵوێستەكانیان لەبەرامبەر پارتی بۆ كادیرەكانی یەكێتی روون دەكەنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پارتی بەبێ یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمانی بەڕێوەبردو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی هەڵبژارد.
یەكێك لەو سەرچاوانە بە (درەو میدیا) وت:" ئامانج لە كۆبونەوەكە ئەوەیە مەكتەبی سیاسی هەڵوێستەكانی لە داهاتوودا بەرامبەر بە پارتی بكات بە هەڵوێستی هەموو یەكێتی، نەك تەنیا دوو ناوەند لەناو یەكێتیدا كە مەكتەبی سیاسیو ئەنجومەنی سەركردایەتییە".
ئەو كۆبونەوەیەی سبەینێی تەلاری هونەر، لە شێوەی مانورێكی جەماوەریدا بەڕێوەدەچێت، یەكێتی دەیەوێت لەو رێگەیەوە پەیامێكی سیاسی بۆ پارتی بنێرێت.
باسی كۆنگرە دەكرێت
(درەو میدیا) زانیویەتی، هەندێك لە كادیرەكانی یەكێتی دەیانەوێت كۆبونەوەكەی سبەینێی تەلار هونەر بقۆزنەوەو لەو كۆبونەوەیەدا داوا لە مەكتەبی سیاسی بكەن پەلەبكرێت لە سازدانی كۆنگرەی یەكێتی، چونكە بەپێی وتەی ئەوان تەنیا كۆنگرە چارەسەری دەردی یەكێتی دەكات.
ئەوانەی دەیانەوێت لەبارەی كۆنگرەوە لە كۆبونەوەكەدا قسەبكەن، داوا دەكەن تاوەكو نەورۆز یاخود لانی كەم تاوەكو یادی دامەزراندنی یەكێتی كە لە مانگی حوزەیراندایە، یەكێتی كۆنگرە ببەستێت بۆ هەڵبژاردنی سكرتێرو دەستەی نوێی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتیو كۆتایهێنان بە كێشە ناوخۆییەكان.
مەلا بەختیار پرۆژەكەی رادەگەیەنێت
هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی (درەو میدیا)دان، سبەینێ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەكەی تەلاری هونەر، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەیەكە زویرەو بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی ناكات، پرۆژەی خۆی تایبەت بە سازدانی كۆنگرەی یەكێتی رادەگەیەنێت.
مەلا بەختیار كە ماوەیەكە لەرێگەی میدیاكانەوە جەخت لەسەر سازدانی كۆنگرەی یەكێتی دەكاتەوە، پێیوایە سەركردایەتی یەكێتی شكستیهێناوە لە دانوستانەكانیدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراقو لە هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ پارتی سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دوچاری ئەو دۆخە بووە كە تێیكەوتووەو تەنیا چارەسەر بەوتەی ئەو كۆنگرەیە.
دواین هەڵوێستی یەكێتی
سەبارەت پەیوەندییەكانی یەكێتیو پارتی، هێشتا یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت پارتی بە نوسراو گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بدات بۆ كەركوك، بەبێ ئەم گەرەنتییە یەكێتی ئامادە نییە بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بكات.
فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانی نەكرد، ئەمڕۆش بەشداری لە كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكان نەكرد.
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لەژێر فشاری یەكێتیدا سەرۆكایەتی پەرلەمان لیژنەی یاسایی هەڵنەبژاردووەو دوایخستووە بۆ كاتێكی تر، لیژنەی یاسایی رۆڵی سەرۆكی دەبێت لە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا، كە پارتی چاوی لێیەتی.
پارتی دڵنیایی دەدات
سەرباری ناكۆكییەكان، بەڵام هێشتا هێڵی گەرمی پەیوەندی نێوان بەرپرسانی پارتیو یەكێتی رانەوەستاوە، پارتی دەیەوێت یەكێتی قایل بكات بە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا وەفدێكی باڵای پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی سەردانی یەكێتی بكەن لە سلێمانی.
وەفدەكەی پارتی دەیەوێت دڵنیایی بە یەكێتی بدات كە پارێزگاری داهاتوو كەركوك كەسێك دەبێت لە یەكێتی.
(درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی ناوی هەریەك لە (ئاسۆ مامەند، رزگار عەلی، شاڵاو عەلی عەسكەری و خالید شوانی) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دیاریكردووە.