رێكخەری ژوری یاسایی گۆڕان مەترسیە گەورەكەی راگەیاند
2019-02-19 20:13:56
درەو میدیا:
رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە " بەدانانی مونا قەهوەچی بەسكرتێری پەرلەمان هەموو شت كۆتایی پێهات و پارتی هەموو سەرۆكایەتیەكانی كۆنترۆڵكرد"
د. ئیسماعیل نامیق لە نوسێنكدا بەناوی " مەترسیە گەورەكە" ئاماژەی بەوەكردووە" پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی حكومەت وسەرۆكایەتی هەرێم وسەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری كۆنترۆڵكردوەو بەویستی خۆی هەڵیسوڕاندون وهەڵیاندەسوڕێنێ، سەرۆكایەتی پەرلەمان تاكە سەرۆكایەتی بو كە نەكەوتبوە ژێر كۆنترۆڵی پارتیەوە، لایەنەكانی تر دەیانتوانی جار جار وەكو كڵاورۆژنەیەك بەكاری بهێنن ولەرێگەیەوە هەناسەیەك بدەن وتاڕادەیەكیش روبەڕوی پرۆژەكانی پارتی رابوەستن و تەسلیمی هەموو ویستەكانی نەبن، بەڵام لەكۆبونەوەی 18/ 2/ 2019 پارتی دەستی بەسەر ئەو كڵاو رۆژنەیەشدا گرت وهەموو لایەنەكانی تری ئاخنیە سوچێكی تاریك وچراكەشی بەدەستی خۆیەوە گرت، تا هەموومان ناچار بین لەدوایەوە بڕۆین وبڵێین لەكوردستان تۆمان هەبی بەسمانی، بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی!!! "
رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستۆتە روو كە" پارتی بەجوڵەیەكی زۆر سادە كردی ئەویش بەدانانی مونا قەهوەچی بەسكرتێری پەرلەمان وەكو نوێنەری پێكهاتەی توركمان. ئیتر حەز ئەكەن كێ ئەكەن بەسەرۆكی پەرلەمان بیكەن، ئەملای هەورامی و ئەولای قەهوەچی، پێم بڵێن چی پێ ئەكرێ چی؟"
د. ئیسماعیل نامیق ترسی هەیەو دەڵێت" ترسە گەروەكە بریتیە لەوەی پارتی پێدانی سكرتێری پەرلەمان بكات بەبنەمایەكی یاسایی پیرۆز، یان عورفێكی پەرلەمانی پیرۆز كەس جورئەت نەكات باسی دەستكاریكردن وهەمواركردنی بكات، وەكو ئەوەی بۆ كۆتای پێكهاتەكان كردوێتی.
دەشڵێت" من خەمی ئەم خولەم نیە، چونكە لەم خولەدا پارتی زۆرینەیە وچی بوێت لەپەرلەماندا دەتوانێت بیكات، جا سەرۆكایەتی لای ئەو بێت یان نا، من خەمی ئەوەمە لەخولەكانی تردا، پێدانی سكرتێر بەپێكهاتەكان دەبێتە بنەمایەكی یاسایی پیرۆز یان عورفێكی پەرلەمانی پیرۆز كەس ناتوانێت باسی گۆڕینی بكات. بەڕای من بەدەر لەوەی كێ ئێستا ئۆپۆزسیۆنە، یان كێَ لەداهاتوودا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، پێویستە بەبنەمایەكی یاسایی لەهەموو خولێكدا پۆستی سكرتێری پەرلەمان بدرێت بە ئۆپەزسێون، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی جۆرێك لەهاوسەنگی ودادپەروەری لەسەرۆكایەتی پەرلەماندا، چونكە پەرلەمان نوێنەرایەتی هەمووان دەكات، نەك تەنها حكومەت، هەروەها ئەمە هاندەریش دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆنبون و كاری ئۆپۆزسیۆنیش باشتر رێكدەخرێت وپەیوەندی نێوان ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات جۆرێك لەنەرمی ولێكتێگەیشتنی تێدا دروست دەبێت. لەجیاتی پۆستی سكرتێری پەرلەمان پۆستێكی تر بدرێت بە پێكهاتەكان"