Draw Media

پەرلەمانی عێراق دۆسیەی لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێك هەڵدەداتەوە 

پەرلەمانی عێراق دۆسیەی لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێك هەڵدەداتەوە 

2018-04-10 13:32:24


بڕیارە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بە تاتوێكردنی ئەنجامی لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێكی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی و ژمارەیەك لەو پرۆژە یاسایانەی تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە ڕێكبخات.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە "درەو میدیا" ی ڕاگەیاند: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە دواین دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان لە ڕۆژی سێ‌ شەممەی داهاتو بەڕێوەببات، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان پەرلەمان تۆمەتباركرا بە لەكارخستنی پەرلەمان بەبێ‌ هیچ پاڵپشتێكی یاسایی، لە كاتێكدا ژمارەیەك وەزیری حكومەتی عێراق لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە و لە قۆناغی دەنگدان و یەكلاكردنەوەیاندا ڕاگیراون، وێڕایی كۆمەڵێك پرۆژە یاسا كە دیارترینیان پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی و نەوت و غازە كە پێناچێت لەم خولەدا پەسەندبكرێن، هاوكات پڕۆژە یاساكانی چاودێری تەندروستی و خوێندنی ئیلزامی و كاروباری مەدەنی و توندوتیژی دژی ژنان بە پەسەندنەكراوی ماونەتەوە.
سەرچاوەكە وتیشی: بەهۆی سەرقاڵبونی قەوارە سیاسیەكان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كە پێش دانیشتنی پەرلەمان دەستپێدەكات، تەواونەبوونی نیسابی یاسایی و شكستهێنانی ئەو دانیشتنە ئەگەرێكی بەهێزە، وتیشی: ژمارەیەك لە وەزیرانەی كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە خۆیان كاندیدكردوەتەوە و ئەوەش پێشێلكردنی دەستورە و سەرۆك وەزیرەكانی عێراق بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرێت، هاوكات ئەوەشی نەشاردەوە كە بەشێك لە كوتلە سیاسیەكان هەوڵی شكستپێهێنانی دانیشتنەكە بدەن تا وەك بانگەشەی هەڵبژاردن دژی لیستەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەكاریبهێنن. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand