Draw Media

داوا دەكرێت بەكارهێنانی موبایل لە هێزە ئەمنییەكان قەدەغە بكرێت

داوا دەكرێت بەكارهێنانی موبایل لە هێزە ئەمنییەكان قەدەغە بكرێت

2019-02-16 11:35:02


(درەو میدیا):
یاری ئەلیكترۆنی (PUBG) بەكارهێنەرانی بەشێوەیەك لە عێراق زیادیكردووە، لە چەندین لاوە داوا لە حكومەتی عێراق كراوە ئەو یارییە قەدەغە بكات.
لە نوێترین پەرەسەندندا كێشەی پۆبجی گەیشتوەتە ناو ریزەكانی سوپای عێراق، فەرماندەكانی سوپا دەناڵێنن بەدەست سەرقاڵبوونی سەربازەكانیان بە یاری پۆبجییەوە لەكاتی دەوام‌و پاسەوانیكردندا.
ئەمە وایكردووە فەرماندەكانی سوپا سزا بەسەر ئەو سەربازانەدا بسەپێنن كە ئەو یارییە ئەلیكترۆنییە دەكەن، بەپێی راپۆرتێك كە رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی قەتەری بڵاویكردوەتەوە، ئێستا لەناو سوپادا داواكاری هەیە بۆ ئەوەی بەیەكجاری یاری پۆبجی لە هێزە ئەمنییەكان قەدەغە بكرێت‌و وەزارەتی بەرگری لە سەروبەندی توندكردنەوەی رێوشوێنەكاندایە لەناو دامەزراوەی سەربازی لەبارەی ئەو یارییەوە.
ئەفسەرێكی سوپای عێراق بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە:" سەرقاڵبوونی سەربازەكان بە یاریكردن‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەڕێگەی تەلەفۆنەكانیانەوە بەتایبەتیش یاری پۆبجی لەكاتی پاسەوانیكردنی شەوانەدا یاخود ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژدا، كێشەی زۆری دروستكردووە".
ئەفسەرەكە باسلەوەدەكات، ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی سوپای عێراق ئالودەی یاری پۆبجی بوون، بۆیە زۆرێك لە ئەفسەرەكان ئەو سەربازانەی كە بەهۆی یاری پۆبجییەوە كەمتەرخەمی دەكەن، سزا دەدەن، لەنمونەی زیندانكردنیان یاخود مۆڵەتی پشوویان پێنادەن.
بەڵام وەكو ئەفسەرەكە دەڵێ، ئەم جۆرە سزادانانە نەبووەتە هۆی ریشەكێشكردنی تەواوەتی یاری پۆبجی لەناو سەربازاندا.
مەترسی سەرقاڵبوونی هێزە ئەمنییەكان بە یاری پۆبجییەوە گەیشتووەتە ئاستێك، داوا بكرێت لەناو دامەزراوە ئەمنییەكاندا موبایل لە كارمەندان بسەنرێت.
سەربازانی سوپای عێراقی بەهانەیان هەیە بۆ یاریكردن بە موبایلەكانیان، ئەوان دەڵێن" كەشوهەوای ناو سەربازگەكانیان زۆر بێزاركەرە، بۆیە بەدوای شتێكدا دەگەڕێن كە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن".
لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق ڤیدیۆی سەربازێك بڵاوبوەوە كە لەكاتی پاسەوانیكردنیدا یاری پۆبجی دەكات‌و كاتێك ئەفسەرەكەی پێی دەزانی ناچاری دەكات موبایلەكەی بشكێنێ.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand