ئارێز عەبدوڵا: پێویستە پارتی رێگە بۆ قەوارەی دووەم چۆڵ بكات
2019-02-13 17:35:22
درەو میدیا:
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت كە پارتی لەماوەی یاساییدا بەبێ یەكێتی نەیتوانی حكومەت پێكبهێنێت، بەپێی یاسا دەبوو پارتی رێگە بۆ قەوارەی دووەم چۆڵ بكا تاكو ھەوڵی پێكھێنانی حكومەت بدا"
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی دەڵێت: پارتی دەیەوێ لایەنەكان تەسلیم بن و برا گەورەیی لێ قبول بكەن، ئەویش كاتێك مرۆڤ بیر لە دیدی پارتی دەكاتەوە كە دەڵێ ھەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان و بەغدا سێ دۆسیەی لێك جیاوازن تێ دەگا كە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتن لە پێناوی ھەڵومەرجێكی باشتر نیە"
دەقی نوسینەكەی ئارێز عەبدوڵا
رێككەوتن و ھاوكاری یان تەسلیم بوون ؟
رێككەوتن و ھاوكاری نێوان یەكێتی و پارتی یان ئەو دوو حزبە و حزبەكانی تر بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆكان دەركەوت كە پارتی نایەوێ لە پێناوی ھاوكاریكردن و بەیەەكەوە بەرێوەبردنی وڵات لەگەڵ ھیچ لایەنێك رێك بكەوێ، ئەمە لەلایەك و لە لایەكی دیكەش نەیتوانی لەماوەی یاسایی بەبێ یەكێتی حكومەت پێك بێنێ. كەواتە بەپێی یاسا دەبوو پارتی رێگە بۆ قەوارەی دووەم چۆڵ بكا تاكو ھەوڵی پێكھێنانی حكومەت بدا. بەپێی مەسئولیەتی سیاسیش دەبوو بۆ بەرژەوەندی گشتی بە ھەر نرخێك بوایە رێك بكەوێ، بەڵام بەداخەوە. لەجیاتی ئەوەی كە ئەمڕۆ حزبی یەكەمە دەبوو سینگی فراوانتر و مێشكی كراوەتر و مەیدانی گەورەتركردبا، دەیەوێ بە شێوازی خۆی چی دەوێ ئەوە بسەپێنێ. كاتێك مرۆڤ بیر لە دیدی پارتی دەكاتەوە كە دەڵێ ھەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان و بەغدا سێ دۆسیەی لێك جیاوازن تێ دەگا كە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتن لە پێناوی ھەڵومەرجێكی باشتر نیە، بەڵكو دەیەوێ لایەنەكان تەسلیم بن و برا گەورەیی لێ قبول بكەن، بەبێ ئەوەی رەچاوی بۆچوونی جیاواز و بەرژەوەندی ئەوانەی تر بكا. ئەمڕۆ ئۆباڵی سەرشانی پارتی گەورەیە ئەگەر بەراستی نەیەتە مەیدان ئەوا بارودۆخەكە بە ئاقارێكدا دەڕوا كە كەس ھیوای بۆ ناخوازێ. ھەر رێككەوتنێكش بەو پێداگرییەی ئێستای پارتی بكرێ تەنانەت ئەگەر حكومەتیش پێك بھێندرێ ئەوا ھەرگیز قەیران و كێشەكان چارەسەر ناكات، بۆیە باشتر وایە پارتی و یەكێتی و ئەوانی تریش بیر لە رێككەوتنێكی تری پێویست بۆ خەڵكی كوردستان بكەینەوە نەك سەپاندنی سیاسەت و ئیرادەی تاقە لایەن كە ئەزموون لە مەیداندا شكستەكەی نیشانداوە.