گەڕانەوە بۆ دواوە ... لەبارەی ناكۆییەكانی پارتی و یەكێتیی
2019-02-12 20:49:39
سەرتیپ وەیسی كەریم
ئەو بابەتانەی هەفتەی ڕابردوو، لە نێوانی پارتی و یەكێتیی بووە بڕیارو ڕێككەوتنی لەسەركرا، خەریكە لە باردەچێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت پارتی پاشەكشەی كرد، لەسەر ڕازیبوون بە داواكارییەكانی یەكێتیی، لەبارەی پارێزگاری كەركوك و مامەڵەكردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح و بەشێك لە ناوەڕۆكی ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان .
یەكێتیی پێیوایە: پارتی دەستی داوەتە جۆرێك لەیاری و فشاردروستكردن، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەو حزبە هەوڵەكانی دەستپێكردوە، تاوەكو بەبێ یەكێتیی كۆبوونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان ئەنجامبدات، لەبەرامبەردا پارتیش پێیوایە : سازشی زۆریان بۆ یەكێتیی كردوە، بەڵام ئەوان كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە مەرجەكانیان لەسەر پارتی زیاد دەكەن.
ئێستا مەرجی سەرەكی یەكێتیی ئەوەیە: بەر لە دانیشتنی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان، پرسی كەركوك یەكلابكرێتەوە، مەرجی لاوەكیشی واژووكردنی ڕێككەوتنی سیاسی و مامەڵەكردنە لەگەڵ بەرهەم ساڵح.
پرسیاری هەرە سەرەكی ئەوەیە، ئایە پارتی لە ڕۆژی 18ی شوبات بەبێ یەكێتی دانیشتنی پەرلەمان سازدەكات ؟ ئەگەر ئەو كارەی كرد پاشان چی ڕوودەدات ؟
پلانی پارتی ئەوەیە ئەگەر یەكێتیی نەیەتە پێش تاوەكو ئەو بەروارە، ئەوا لە 18ی شوبات، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبێ سەرۆك هەڵبژێرێت، پاشان دەستبكرێت بە هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمەش دیسانەوە هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی دیكەی چەقبەستووی سیاسی.
بە نسبەت یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان گرینگی ئەوتۆی نییە، كەركووك بەلای ئەوانەوە گرینگە، لە هەنگاوەكانی پارتیش ئەوەدەخوێندرێتەوە، كە ئەوان نایانەوێ بابەتەكانی هەرێم و بەغدا بەیەكەوە تێكەڵ بكرێت و دەیانەوێ جیایبكەنەوە، ئەم كارەشیان بۆئەوەیە یاری بكەن و فشاربخەن سەر یەكێتیی، تاوەكو لەو چەند ڕۆژەدا سازش بە یەكێتیی بكەن.