بۆ تاوتوێكردنی مانەوەی هێزەكانی وڵاتەکەی وەزیری بەرگری ئەمریكا گەیشتە بەغدا
2019-02-12 13:00:21
( درەو میدیا):
پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری ئەمریكا بەوەكالەت بە سەردانێكی رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و پرسی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكانی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامەی " ئەلعەرەبی جەدید"ی قەتەری راگەیاند وەزیری بەرگری ئەمریكا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كۆدەبێتەوە و پرسی مانەوەی سەربازانی ئەمریكا و هاوكاری نێوان واشنتۆن و بەغدا لە بواری ئاسایشدا تاوتوێدەكەن.
سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ عێراق لە كاتێكدایە كە چەند هێزێكی سیاسی عێراق لە هەوڵدان لەرێگەی پەرلەمانەوە پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق یەكلا بكەنەوە.
هادی عامری یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانی " بونیاتنان" دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانی " چاكسازی" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، پێویستە بە بڕیاری پەرلەمان بێت".
جەختیشیكردەوە كە لە پەرلەماندا هەڵوێستی روون و ئاشكرایان دەربارەی هێزە بیانییەكان دەبێت.