Draw Media

%75ی دەرمان لە عێراق پشكنینی بۆ نەكراوە

%75ی دەرمان لە عێراق پشكنینی بۆ نەكراوە

2019-02-11 10:28:59


 (درەو میدیا):
رێژەی 75%ی دەرمانی كەرتی تایبەت لە عێراق بە كوالیتی كۆنترۆڵدا تێنەپەڕیوە‌و پێش بەكارهێنانی پشكنینی بۆ نەكراوە، ئەمە بەپێی دانپێدانانی وەزیری تەندروستی عێراق.
بەهای بەكاربردنی دەرمان لە ساڵێكدا لە عێراق دەگاتە (3 ملیار‌و 300 ملیۆن) دۆلار، پیشەسازی دەرمان یەكێكە لە پیشەسازییە ستراتیژییەكان‌و پاڵپشتیكاری ئابوری وڵات، لە عێراق هەندێك كارگە هەن كە دەرمان بەرهەمدەهێنن، ئەم كارگانە ئەو جۆرە دەرمانانە بەرهەم دەهێنن كە بەبێ گەڕانەوە بۆ داهێنەرەكانیان دەتوانن لە بازاردا بیفرۆشن، واتە ماوەی یاسایی خاوەندارێتی داهێنان بۆ داهێنەرەكانیان تەواوە بووە كە 12 ساڵە.


خەرجی هەر تاكێك بۆ كڕینی دەرمان
بەهای تێكڕای بەكاربردنی دەرمان لە ساڵێكدا بۆ هەر تاكێكی عێراقی دەگاتە (94) دۆلار.
بەر لە ساڵی 2003و روخانی رژێمی پێشووی عێراق، وەزارەتی تەندروستی بەرپرس بوو لە هاوردەكردنی دەرمان لە دەرەوە، بەڵام لەدوای 2003وە رێگە بە كۆمپانیا تایبەتەكان‌و نوسینگە زانستییەكانیش درا دەرمان هاوردە بكەن.
ئێستا (13 هەزارو 45) جۆر دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركراون، لەم رێژەیە (382) جۆریان دروستكراوی ناوخۆین، واتە رێژەی 28.4%ی كۆی دەرمان لە عێراق لەناوخۆی وڵاتدا دروستدەكرێت، لەبەرامبەردا (963) جۆر دەرمان لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، واتە 71.6%ی كۆی دەرمان لە عێراق هاوردەكراوە.


زیانەكانی دەرمانی ساختە
•    مردنی نەخۆش
•    دوچاربوون بە نەخۆشی درێژخایەن
•    كاریگەری دەرونی


بۆچی پشكنین بۆ دەرمان ناكرێت؟
•    بوونی ژمارەیەكی زۆر لە كارگەی دروستكردنی دەرمان لە ناوخۆی وڵات
•    كۆنترۆڵنەكردنی پرۆسەی تۆماركردنی دەرمان‌و كۆمپانیاكانی دەرمان
•    بوونی گیروگرفت لە كۆنترۆڵكردنی سنورو هاوردەكردنی دەرمان
•    بوونی گرفت لە سیستم‌و یاساو رێوشوێن‌و رێنماییەكان لەڕووی یاسادانان‌و جێبەجێكردنەوە
•    نەبوونی توانای پشكنینی هاوتایی بایۆلۆژی بۆ هەموو دەرمانەكان 


بەراوردكارییەك !
بەپێی زانیارییەكان، كارگە ناوخۆییەكانی عێراق تەنیا رێژەی 7%ی پێداویستی ناوخۆیی دەرمان پڕدەكەنەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە وڵاتێكی وەكو ئێران، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی رێژەی 97%ی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، لە ئوردن 70%ی پێداویستی دەرمان لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، لە میسر‌و سوریا 93%ی دەرمان بەرهەمی ناوخۆییە. 
سەرچاوەی زانیارییەكان: سۆمەریەنیوز

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand