پێشبینییەكان بۆ بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا
2018-04-10 09:41:54
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت
رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەدەچێت، هەندێك هۆكار هەن كە كاریگەرییان دەبێت لەسەر ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران لەو پرۆسەیەدا.
لە چەند لایەكەوە بانگەوازی تاكەكەسی هەن بۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردن لەلایەن دەنگدەرانەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی چەندین پاڵنەری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی هەن كە كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر ئاستی بەشداری دەنگدەران.
بەشێوەیەكی گشتی هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن لە عێراق ئاستی بەشداری دەنگدەران كەمیكردووە، ئەمەش ئەو پرسیارە دەوروژێنێت ئایا كەمبونەوەی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن كێشە دروست دەكات ؟
چەند نمونەیەك:
ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا
• 2005- ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران 79.63%
• 2010 ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران 62.4%
• 2014- ئاستی ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران 60.53%
تۆمارەكانی ئاستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی جیهان ئاماژە بەوەدەكەن زۆرینەی رێژەی ئەو وڵاتانەی كە دیموكراتییەتی هەڵبژاردنیان تێدایە، ئاستی بەشداری دەنگدەران تێیااندا بەمشێوەیە دابەشبووە:
• رێژەی نزیكەی 68%ی ئەو وڵاتانەی كە دیموكراتییەتی هەڵبژاردنیان تێدایە، ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێوان رێژەی 50% بۆ 83%دایە.
• رێژەی 16%ی ئەو وڵاتانەی كە دیموكراتییەتی هەڵبژاردنیان تێدایە ئاستی بەشداریكردنی ددەنگدەران لە پرۆسەكانی هەڵبژاردندا كەمتر 50%یە.
• رێژەی 15.5% ئەو وڵاتانەی كە دیموكراتییەتی هەڵبژاردنیان تێدایە، ئاستی بەشداریكردنی دەنگدجەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن زیاتر لە 83%ە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئامارانەی ئاستی بەشداریكردنی دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی جیهان، دەردەكەوێت تاوەكو ئێستا ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا لە عێراق لە ئاستێكی قبوڵكراودایە.
ئاماژە ئەرێنییەكانی ئەگەری زیادبونی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق:
• ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی كە تۆماری دەنگدەران (بایۆمەتری)یان نوێكردوەتەوە تاوەكو رۆژی 20ی شوباتی 2018 گەیشتوەتە 50%.
• كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رێگە بەو دەنگدەرانە دەدات كە تۆماری بایۆمەترییان نوێنەكردوەتەوە، لەڕێگەی كارتە كۆنەكانی دەنگدانەوە كە لە هەڵبژاردنی 2014دا بەكاریانهێناوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بكەن.
• هێشتا پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانە بەردەوامە و ئەمە بەواتای ئەوەدێت رێژەكە بەرزبونەوەی زیاتریش بەخۆوە دەبینێت.
• چەندین رێوشوێنی تر گیراونەتەبەر بۆ زامنكردنی بەشداریكردنی ئاوارەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كە ژمارەیان بە (400 هەزار) كەس دەخەمڵێندرێت.
لەلایەكی ترەوە، عێراق هەندێك تایبەتمەندی هەیە كە بەبۆچونی توێژەران بایەخیان دەبێت بۆ زیادكردنی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
یەكەم: سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی، ئەمە وادەكات ژمارەیەكی زۆر لە پارتە سیاسییەكان بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، هەموو ئەو پارتانەش خەڵك هاندەدەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا.
دووەم: سروشتی ركابەرێتی توند لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەمە وادەكات كەلێنی هەڵبژاردن لە نێوان ركابەرەكاندا كەمتر بێت، ئەم تایبەتمەندییە وادەكات هەموو ركابەرەكان بنكە جەماوەرییەكانی خۆیان هانبدەن لەپێناو بەددەستتهێنانی ژمارەیەكی زیاتری كورسییەكانی پەرلەمان.
سێیەم: دابەشبونی دەستەبژێری سیاسی و بنكە جەماوەرییەكانیان بەسەر چەند پرسێكدا، بۆ نموونە ئایندەی حەشدی شەعبی، سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و هەرێمی كوردستان، وەڵامدانەوەی ململانێی هەرێمی نێوان سعودیە و ئێران، سەپاندنی باجەكان و چەەندین دۆسیەی تر.
چوارەم: گەشبینییەكان لەبارەی ئەوەی عێراق لەسەر رێڕەوێكی راست هەنگاو دەنێت، بەتایبەتی دوای كەوتنی داعش و بەرزبونەوەی نرخی نەوت.
پێنجەم: هەڵبژاردنەكانی عێراق هەڵبژاردنێكی ئازاد و تاڕادەیەك خاوێن و ژمارەیەكی زۆر رێكخراوی نێودەوڵەتی دیار پشتیوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە عێراق دەكەن و چاودێری پرۆسەكەش دەكەن، بۆ نموونە نێردەی نەتەوە یەەكگرتوەكان بۆ یارمەتیدانی عێراق (UNAMI).
سەربارەی ئەو پاڵنەرە نەرێییانەی كە باسكران، بەڵام چەندین مەترسی تر هەن كە هەڕەشە لەسەر ئاستی بەشداری دەنگدەران دەكەن لە پرۆسەكەدا، هەندێ لە خەڵكی ناوچەكانی باكور بەتایبەتی ناوچە سوننەنشینەكان ناڕازین لە سیاسەتەكانی حكومەتی ناوەند، ئاستی بەشداری ددەنگدەران لەم ناوچانە لە هەڵبژاردنەكانی پێشودا كەمبوە، ترس هەیە لەم هەڵبژاردنەشدا بەهەمان شێوە كەمببێتەوە.
كەمی ئاستی بەشداری كێشە دروست دەكات ؟
هەندێك توێژینەوە هەن كە بۆ هەڵبژاردنەكانی پێشوی عێراق كراون دەریدەخەن كەمی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا نابێتە كێشە، بەپێچەوانەی ئەو بۆچونەی كە دەڵێ كەمی ئاستی بەشداری دەنگدەران مەترسییە لەسەر پرۆسەی دیموكراتی، توێژینەوەكان دەریانخستووە جیاوازی نێوان دەنگدەران و ئەوانەی دەنگ نادەن تاڕادەیەك سنوردارە ئەمەش لەڕووی ئەوەی چ جۆرە سیاسەتێك بە باش دەزانن یاخود حەزی ئایدۆلۆژییانەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی كەمی ئاستی بەشداری نابێتەهۆی ئەوەی ئاستی نوێنەرایەتی توێژێكی دیاریكراو كورت بهێنێت، توێژینەوەكان دەڵێن چانسی هەڵبژاردنی ئەوانەی لە پۆستدان لەگەڵ كەمبونەوەی ئاستی ئاستی بەشداریكردندا بەرزدەبێتەوە، چونكە ئەوانەی هاوڕان لەگەڵ میتۆدی حكومەتدا بەڕێژەیەكی زیاتر بەشداری لە هەڵبژاردندا دەكەن بە بەراورد بەوانەی كە میتۆدی كاركردنی حكومەت رەتدەكەنەوە.
بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت بوترێت چەند پاڵنەرێك هەن بۆ پارێزگاریكردن لە ئاستی پەسەندكراوی بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا، بەڵام ئەمە لە ئەگەری كەمبونەوەی ئاستی بەشداریكردن لە هەندێك بازنەدا كەمناكاتەوە كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووودا ئاستی بەشداری دەنگدەران تێیاندا كەمبووە، بەڵام توێژینەوەكان ئاماژە بەوەدەكەن كەمی ئاستی بەشداری بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشودا بەرێژەیەكی زۆر كاریگەری لەسەر پرسی نوێنەرایەتی نابێت.