Draw Media

لە كەربەلا پەلاماری ئیمامی عومەر دەدرێت

لە كەربەلا پەلاماری ئیمامی عومەر دەدرێت

2019-02-07 11:04:11


(درەو میدیا):
لە شانۆگەرییەكدا كە لە شانۆی نیشتمانی شاری كەربەلا نمایشكرا، بینەرانی شانۆگەرییەكە هێرشیانكردەسەر ئەو ئەكتەرەی كە رۆڵی عومەری كوڕی خەتاب خەلیفەی دووەمی موسوڵمانانی دەگێڕا.
ساتی تەقینەوەی روداوەكە، ئەوكاتەبوو، ئەو ئەكتەرەی كە رۆڵی عومەری كوڕی خەتابی دەگێڕێت، دەچێتەسەر ماڵی فاتیمەی كچی پێغەمبەری ئیسلام‌و دەرگای ماڵەكەی‌و دەستی فاتیمە دەشكێنێت، بەڵام عەلی كوڕی ئەبو تالب بێدەنگە لەو هێرشەی كە عومەر دەیكاتەسەر فاتیمەی هاوسەری.
ئامادەبوانی شانۆگەرییەكە هێرشیانكردەسەر ئەو ئەكتەرەی كە رۆڵی عومەری كوڕی خەتابی دەگێڕا، بەپێی هەواڵی هەندێك لە میدیاكانی عێراق، ئەو ئەكتەرە برینداربووە‌و رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
ڤیدیۆی روداوەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق بڵاوبوەتەوە، وەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت ئەو ئەكتەرەی كە رۆڵی عەلی كوڕی ئەبو تالب دەگێڕێت، لەكاتی پەلاماردانی عومەردا داوا لە خەڵك دەكات هێورببنەوە.
روداوەكە قسەوباسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەندێك داوا دەكەن رێز لە ئازادی هونەر‌و رەخنەی هونەری بگیرێت، هەندێكی تر ئیدانەی كارە شانۆییەكە دەكەن‌و دەڵێن شانۆكە دەستی بۆ پیرۆزییەكان بردووە‌و سوكایەتی بە ئیمامەكان كردووە.
كەربەلا زۆرینەی دانیشتوانەكەی شیعەمەزهەبن، شارەكە یەكێكە لە سیبولەكانی شیعە لەسەر ئاستی جیهان.
ئەم رووداوە دوای ئەوەدێت رۆژی شەممەی رابردوو لە كەربەلا ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە چالاكوان‌و رۆماننوس (عەلا مەشزوب) كرد‌و كوشتیان، ئەو رۆماننوسە بەوە ناسرابوو بەردەوام رەخنەی لە دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی عێراق‌و رۆڵی پیاوانی ئاینی دەگرت.

لە خوارەوە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكە:

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand