Draw Media

عەمر موسا وردەكاری دوا كۆبوونەوەی لەگەڵ سەددام حسێندا ئاشكرادەكات

عەمر موسا وردەكاری دوا كۆبوونەوەی لەگەڵ سەددام حسێندا ئاشكرادەكات

2019-02-05 15:03:56


 ( درەو میدیا):
عەمر موسا، ئەمینداری پێشووتری كۆكاری عەرەبی وردەكاریی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەددام حسێن پێش ساڵی 2003 و  هەوڵی تیرۆركردنی لە عێراق دەگێڕێتەوە.
موسا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " ئیندیپێندنتی" عەرەبی بەریتانی دەڵێت:" كاتێك لە عێراق بووم، هەڕەشەی زۆرم بۆ تیرۆركردن و دەستدرێژیكردنە سەرم بەدەست گەیشت، بەڵام نەگەیشتە ئاستی هەوڵی پراكتیكی بۆ تیرۆركردن و منیش زۆر بایەخم پێنەدا و بەردەوامیش پارێزگاریم لێدەكرا و زۆرینەی هەڕەشەكانیش لە عێراقەوە بوون".
موسا ئاشكراشیدەكات كە لەمیانی سەردانەكانیدا بۆ عێراق هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ئەركی پارێزگاریكردنیان لەئەستۆگرتووە و پاراستویانە.
دانوستانی پرسی ئەتۆمیی
موسا لە میانی چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت:" لە ساڵی 2001ەوە سەرقاڵی ئەوە بووم لە وەزیری دەرەوەی میسرەوە بچە پۆستە تازەكەم وەك ئەمینداری گشتی كۆكاری وڵاتانی عەرەب و بە دیاریكراوی حوەزیرانی 2001 و هاوڕێەیتی و دۆستایەتی دوورودرێژم لەگەڵ كوفی ئەنان سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبووە".
موسا بەردەوام دەبێت لە قسەكانی و دەڵێت:" بەردەوام پەیوەندیم بە ئەنانەوە دەكرد و ئەو كاتەدا پێم راگەیاند كە وەك ئەمینداری گشتی كۆكاری عەرەبی سەردانی 22 دەوڵەتی ئەندام دەكەم و عێراق دواهەمین وێستگەی سەردانەكەم دەبێت و گەیشتینە ئەوەی كە من نامەیەكی ئەنان بگەیەنمە عێراق".
موسا لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت:" بە تونس دەستم بە سەردانەكەم كرد و پاشان وڵاتانی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی عەرەبی و پێش گەیشتن بە دوا وێستگەی گەشتەكەم كە عێراق بوون لە نیویۆرك سەردانی كوفی ئەنانم كرد و پێم وت بە باشی دەزانم نامەیەكی بگەیەنمە سەددام حسێن، دەربارەی پرسی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵدان بۆ چەكی ئەتۆمیی".
موسا جەختدەكاتەوە:" رۆژی 19ی كانوونی دووەمی 2002 نامەكەی ئەنانم گەیاندە سەدادم حسێن و پێم وت كە بابەتی توانا ئەتۆمییەكان و چاودێرەكان بنچینەی ناكۆكی تۆیە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەمەش كارێكە پێویستە گرنگی پێبدرێت و بەهەند وەربگیرێت، ئاسا پرۆژەی ئەتۆمیت هەیە؟ پێی وتم: نەخێر، پاشان لەسەر داوای خۆی دووجار پرسیارەكەم لێكردەوە و ئەویش هەر هەمان وەڵامی دایەوە، ئەحمەد بن حلی كە ئەوكات یاریدەدەری ئەمینداری كۆكاری عەرەبی بوو لەو دیدارەدا لەگەڵمدا بوو، بە شۆخییەوە پرسیاری لێكردم كە بۆچی دووجار هەمان ئەو پرسیارەم كردەوە، دەتەوێت لەناومان بەریت؟ وتەم جەنابی باڵیۆز، دەبێت لە وەڵامەكەی دڵنیاببمەوە چونكە دۆخەكە لەدژی عێراق زۆر هەستیارە".
پاشان موسا دەڵێت:" پرسیم لە سەددام حسێن، كەواتە بۆچی گەڕانەوەی چاودێری نێودەوڵەتییەكان رەتدەكەیتەوە؟ پێی وتم لەبەرئەوەی هەموویان سەر بە هەواڵگری ئەمریكا " سی ئای ئەی" ین، پێم وت كەواتە ئەگەر لە رێگەی دانوستانی نێوان تۆو نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئەوە چارەسەربكرێت و گەرەنتی دیاریكراو دەربارەی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان بكرێت، ئەویش وتی: ئەو كاتە رێگر نیم"
دوای چاوپێكەوتنەوە
موسا لە درێژەی قسەكانیدا دوای چاوپێكەوتنەكەی سەددام دەڵێت:" دوای كۆبوونەوەكە چووم بۆ دیداری شا عەبدوڵای دووەم پاشای ئوردن بەوپێیەی كە سەرۆكی لوتكەی عەرەبی بوو، راپۆرتێكم دەربارەی ئەوەی روویدا پێشكەشكرد و پاشان چاومكەوت بە كوفی ئەنان بۆئەوەی وردەكاری كۆبوونەوەكەی سەددامی بۆ باس بكەم، پێی وتم كە ئەوە قسەیەكی گرنگە، پێویستە لەگەڵ ئەمریكییەكاندا گفتوگۆی لەسەر بكەین، هەروەها گفتوگۆم لەگەڵ كۆڵن پاوڵ وەزیری ئەوكاتەی دەرەوەی ئەمریكا كرد و ئاگادارم كردەوە لەوەی روویداوە، بەڵام وەڵامی پاوڵ زۆر شۆكهێن بوو چونكە وتی:" سەدام حسێن گاڵتەی بە تۆ و كوفی ئەنان كردووە و پێتان پێكەنیوە، سەددام چەكی ئەتۆمیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی دیدارەكەی منەوە لەگەڵ سەددامدا دانوستانی سەركەوتوو لە نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و سەددام حسێندا بەڕێوەچوو، بەڵام بەداخەوە بڕیاری شەڕەكە كە درابوو، تەنها مەسەلەی كات بوو، ئەوەی روویدا، روویدا".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand