Draw Media

یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی كابینەی حكومەت و كەركوك رێككەوتن

یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی كابینەی حكومەت و كەركوك رێككەوتن

2019-02-05 12:08:11


(درەو میدیا):
وەفدی دانوستكاری یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆبوونەوە و لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك رێككەوتن و 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبنەوە.
كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتی ئەنجامدرا.
سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و وتەبێژی ئەو حزب، لە دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر سێ‌ خاڵ رێككەوتون كە ئەمانەن:
1- لیژنەیەك پێكهێنراوە كە وەرەقەیەكی كاری سیاسی هاوبەش ئامادەدەكەن و لە هەفتەی داهاتوودا رێككەوتنی لەسەر دەكرێت.
2- رێككەوتن كرا لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و كۆبوونەوەەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە رۆژی 18ی شوبات بە ئامادەبوونی ئەندامانی پارتی.
3- یەكێتی و پارتی رێككەوتن لەسەرئەوەی كە رۆژی 18ی مانگ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.

دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی وتەبێژی یەكێتی،  مەحمود محەمەد، وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و تەبێژی ئەو حزبە راگەیەنراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی و  و ئەو خاڵانە بڵاوكردەوە كە لەسەری رێككەوتوون ، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
1- كۆبوونەوە لیژنەی هاوبەشی نووسینی رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوولای راسپارد، كە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زووترە پرۆژەیەك ئامادەبكرێت و لەلایەن ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبكرێت.
2- دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠١٨ و پەسەندكردنی ئاكامەكانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند كۆبوونەوەیەكی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بكرێت بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا كە لە ١٨ی٢ی٢٠١٩ بەگوێرەی رێكارە یاساییەكان كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت. ھەروەھا ھەموو ھاوكاری و زەمینەسازیەك بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە و ھەنگاوەكانی دواتری پەرلەمان بكرێت. 
3-  پارێزگای كەركوك بەشێكی گرنگی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو، بڕیاردرا ھەوڵەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە كردارییەكان دەستپێبكرێن. ھەردوولا كۆك بووین لەسەر ئەوەی كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی ١٨ی٢ی٢٠١٩ لە ھەولێر كۆببێتەوە و ھاوكات بەھاوكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پارتی و یەكێتی و ھەموو لایەنەكانی دیكە چارەسەر بۆ كێشەكانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand