Draw Media

توركیا له‌ شێلادزێ به‌ پاس سه‌ربازه‌كانی ده‌گوازێته‌وه‌‌

توركیا له‌ شێلادزێ به‌ پاس سه‌ربازه‌كانی ده‌گوازێته‌وه‌‌

2018-04-10 06:34:29


ئامادەكردنی/ نیاز عه‌بدوڵڵا
به‌بێ هیچ ئاماژه‌كردنێك به‌ بوونی سوپای توركیا و هێنانی هێزی زیاتری ئه‌و وڵاته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ 28ی ئازار له‌ باره‌ی پاراستنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان وتی "زۆرجار هەوڵمان داوە لەگەڵ پەکەکە کە ناکرێت و مەعقوول نییە لە خاکی کوردستانەوە بچن ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە تورکیا بکەن و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان, چەندین جارە ئەو داوایەمان لێیان هەیە".
له‌ مانگی شوباتی 2018 ئیحسان چه‌له‌بی به‌ڕێوبه‌ری ناحییه‌ی سیده‌كان رایگه‌یاند "لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ وە تورکیا به‌ قوڵایی 15 كیلۆمه‌تر هاتۆته‌ ناو خاكی هه‌رێم و ھێزی زیاتری ھێناوەتە دەشتی بەرازگرە و خاڵی سنووری سەربازی نوێی دامەزراندووە". 
چه‌له‌بی كه‌ زانیاری و هۆشدارییه‌كانی له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بوو، له‌ مانگی نیسان دا زیاتر بوونی سوپاكه‌ و هاتنه‌ ناوقوڵایی خاكی هه‌رێمی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ راگه‌یاند و وتی "سوپای توركیا به‌ قوڵایی 19 بۆ 20 كیلۆمه‌تر خاكی هه‌رێمی كوردستانی به‌زاندووه‌ و چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی گه‌وره‌ و بچووكی دامه‌زراندووه‌".

له‌ دوای بۆدوومانه‌كانی به‌ره‌به‌یانی 22ی ئازار له‌ له‌ گوندەكانی ماونان و وەسان و سەركان-ی سه‌ر به‌ قه‌زای چۆمان و شه‌هید كردنی چوار هاووڵاتی مه‌ده‌نی، توركیا بۆردوومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان و تۆپبارانه‌كانی له‌ ناوچه‌كانی ئامێدی و سیدیه‌كان و شێلادزێ چڕ كردۆته‌وه‌ و گوندنشینانی به‌ ئامانج كردووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100خێزان ئاواره‌ بوون و نزیكه‌ی 20 گوندیش چۆڵكراون.

هه‌ر له‌ باره‌ی زیادبوونی سوپا و بۆردوومانه‌كانی توركیا  فه‌ره‌ج رێكانی به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ شیلادزێ تایبه‌ت به‌ دره‌و میدیای راگه‌یاند، كه‌ سوپای توركیا هێزه‌كانی له‌ ناوچه‌ی شیلادزێ له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر ده‌گوازێته‌وه‌ و هێزه‌كانی ئاڵوگۆڕ پێده‌كات و به‌ پاس سه‌ربازه‌كانی ده‌هێنێت و ده‌یانگوازێته‌وه‌.
فه‌ره‌ج رێكانی وتی" توركیا ده‌بابه‌ ده‌هێنێت و موده‌ڕه‌عه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، سه‌ربازه‌كانیشی به‌ پاس دێن و ئاڵوگۆڕیان پێده‌كرێت، هه‌رچه‌نده‌ نازانین ژماره‌ی سه‌رباز و ده‌بابه‌كانیان چه‌ندن به‌ڵام رۆژ به‌ رۆژ زیاتر ده‌بن له‌ شێلادزێ، له‌سه‌ر چیای بێده‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی لێ دروست كراوه"‌.
رۆژی 5 و 6ی نیسان توركیا به‌ چڕی گونده‌كانی له‌ ده‌ڤه‌ری سیده‌كان و شێلادزێ بۆردوومانكرد، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمیته‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی له‌ شێلادزی سه‌باره‌ت به‌ بۆردوومانه‌كان به‌ دره‌و میدیای وت "توركیا زوو زوو بۆردوومان ده‌كات و زیانی ئه‌و بۆردوومانانه‌ش ماددی و گیانی و مه‌عنه‌وین و تائێستا 9 شه‌هیدمان داوه‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌، به‌هۆی چڕی و زۆری بۆردوومانه‌كانیش ته‌واوی زیانه‌كانی ئه‌و بۆردوومانه‌ی كۆتاییمان بۆ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ چونكه‌‌ خه‌ڵكی گونده‌كان ماڵی خۆیان به‌جێهێشتووه‌ و له‌ ترسی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی بۆردوومانه‌كان ناوێرن بگه‌ڕێنه‌وه‌ گونده‌كانیان".
له‌ ئه‌نجامی بۆردوومانه‌كانه‌كانی سوپای توركیا له‌ مانگی رابردوو دوو پردی سه‌ره‌كی كه‌ گونده‌كانی ناوچه‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌ له‌ شێلادزێ رووخان، به‌و هۆیه‌وه‌ گوندنشینان ناتوانن به‌ ئۆتۆمبێل بچنه‌ سه‌ر زه‌وی و ماڵی خۆیان.
له‌باره‌ی بوونی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكاران له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی و شێلادزێ و هه‌ڵوێستی حكومه‌ت، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمیته‌ی یه‌كێتی وتی "ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ش بن خه‌ڵك نایان بینێت، وه‌كو یه‌كێتی خه‌ڵك رۆژانه‌ دێنه‌ لامان و ڤیدیۆ و به‌ڵگه‌ی هێزه‌كانی توركیا و جموجۆڵی ئه‌وانمان بۆ ده‌هێنن و پیشانمان ده‌ده‌ن كه‌ به‌ ئۆتۆمبێل و پاس و بارهه‌ڵگر ده‌جوڵێن، به‌ڵام نه‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و داگیركارییه‌ نایه‌نه‌ ده‌نگ و ئێمه‌ لێره‌ وه‌كو یه‌كێتی ده‌سه‌ڵاتی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ یان رێگریكردنمان له‌و هێزانه‌ نییه‌ ، ئێستا ته‌قریبه‌ن سوریێ و ئامێدی داگیركراون له‌لایه‌ن توركیاوه"‌.

..............................................

بیرهێنانەوە 

لە باشوری كوردستان نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، نوێترنیان  هاتنی هێزی سەربازی توركیا بۆ باشیك لە ساڵی 2016 بەبیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردۆتەوە، كە 1200 سەرباز، 50 تانك، 50 هەمەر، 15 تۆپی دوورهاوێژ و ، 50 هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكو  70 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیركراون، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015، ژمارەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (٣٢٣٥) ئەفسەر و سەرباز و ژەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا  (٥٨) تانك، (٢٧)  زرێپۆش، (٣١) تۆپ‌و (٢٦) ھاوەن، (١٧) ئاڕبیجی‌و (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی.
بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریان تێدایە.
1.گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەرباز و (٩١) ئەفسەر و (٢٤٠) جەندرمە و  (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە.
2.گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ‌ناحیەی بامەڕنی‌. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن.
3.سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە.
4.بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە.
5.سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە.
6.سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە.
7.سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك.
8.سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی .
9.سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
10.سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
11.سەربازگەی (سەری زیری) (٦٠) سەربازی جێگیركردووە.
12.سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە.
13.سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون.
14. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە.
15. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە.
16.بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری.
17.بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی.
18. بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك.
 بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لە كاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری داعش بدات..
‌ 

http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=103
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand