Draw Media

دەستگیركراوانی دهۆك ئەشكەنجەدراون ‌وتۆمەتی پەكەكەبونیان دراوەتەوە پاڵ

دەستگیركراوانی دهۆك ئەشكەنجەدراون ‌وتۆمەتی پەكەكەبونیان دراوەتەوە پاڵ

2019-02-04 13:04:46


(درەو میدیا):
ئەمڕۆ دەستگیركراوانی دهۆك دۆسیەكانیان لە ئاسایشەوە گواسترایەوە بۆ پۆلیسی ئەو شارە، دوای ئەوەی 7 لە دەستگیركراوەكان ئازادكران و تا ئێستاش 18 دەستگیركراوی تر ماونەتەوەو ئازاد نەكراون و بڕیارە سبەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
سەرچاوەیەكی نزیك لە دەستگیركراوانی دهۆك بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: كە لە كاتی زیندانیكردن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا ئەشكەنجەدراون  و جنێو زۆریان پێدراوەو سوكایەتیان پێكراوە، هاوكات لە كاتی لێكۆڵینەوەدا لە هەریەك لە ( شێروان شێروانی و بەدەل بەرواری) چاویان بەستراوەتەوە، كە ئەمەش گومانی درووست كردووە رەنگە لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا میتی توركی ئامادەیی هەبوو بێت لەوێدا، بەو پێیەی تەواوی ئەو پرسیارانەی ئاراستەیانكراوە  هیچی پەیوەندی بە گردبونەوەو خۆپیشاندانەكانەوە نەبووە بەڵكو تایبەت بووە بە توركیاو پەكەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا لەگەڵیان هەڕەشەی ئەوەیان لێكراوە ئەگەر وەڵامی پرسیارەكان نەدەنەوە لێیان دەدەین و كارەبایان لێدەدەن، بەشێكی تر لەو پرسیارانەی ئاراستەیانكردوون، ئەوەبووە كە ئێوە سەر بە چی حزبێكی سیاسین و لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا دەنگتان بە چی حزبێك داوە، وە بەڵێننامەیان بە زۆرێك لەوانە پڕكردۆتەوە كە ئازادیانكردوون،  لەو كاتەی لە زیندانی ئاساییشدا بوون بە پرۆسەیەكی پڕ لە ئەشكەنجەی دەرونی و سوكایەتیدا تێپەڕیون  هەتا براونەتە زیندانی زەركا.
بەپێی هەندێك زانیاری كە لە  چالاكانی دهۆكەوە دەستخراوە  ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی خۆی لە رێگەی چەند كەسێكەوە زانیاری ووردی لەسەر گردبونەوەكەی دهۆك هەبووە كە چەند كەسێكی نزیكی خۆیانیانن خزاندوەتە ناو ئەو گروپەی كە ویستویانە گردبونەوە بكەن، تەنانەت ویستوشیانە ئاراستەی گردبونەوەكە  بگۆڕێت تا ئەو كەسانە دەستگیر بكات، چونكە لە ماوەیەكی كورتدا تەواوی ئەو چالاكانە دەستگیركراون و كە هەریەكێ لە شوێنیك بوونەو دەستگیركراون. 
هەروەك ئاری كوڕی بەدەل بەرواری چیرۆكی دەستگیركردنی باوكی گێڕایەوە و بە (درەو میدیا)ی وت "ئەوان نزیكەی 10 كەسی سەر بە دەزگای ئاسایش بوون، بە ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی مەدەنییەوە هاتنە بەردەرگامان و باوكمیان لەگەڵ خۆیان برد بەبی ئەوەی فەرمانی دادوەری پیشانبدەن یان پێشتر ئاگاداركردنەوەی لە پۆلیسەوە بۆ هاتبێت".
هاوكات شێروان شێروانیش لەدەرەوەی دهۆك دەستگیركراوە رووگەش عیزەدین جەباری هاوژینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، شێروان بەرلەوەی بڕوات پێیوتووە "من ئەڕۆم لەوانەیە دەستگیریشم بكەن و نەگەڕێمەوە"،
لەدوای دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكان و رۆژنامەنووسانی دهۆك  لە رۆژی 28/1/2019 هەر ئەو كات ژمارەیەكیان لێ ئازادكراو دوێنێ شەممە 3/2/2019 حەوت كەسی دیكەیان لێ ئازادكرا بەناوەكانی ( دلوڤان زێباری،  رێدیر رێكانی، نژیار رێكانی، ئومێد بەروشكی،  شوكری محەمەد،  محەمەد مشیر،  سەلام سەدیق) لە ئێستاشدا 16 كەسیتر ماوە لە زیندانەكانی دهۆك ئەوانیش 

1- شێروان شێروانی /ڕۆژنامەوان
2- تاکور زەردەشتی / چالاکوان 
3- رێکان ڕەشید / چالاکوان 
4- سەفەر شاجی / چالاکوان
5- بەدەل بەرواری / مامۆستا 
6- مستەفا بامەرنی / چالاکوان 
7- دلۆڤان زێباری / روژنامەوان 
8- مەلا ئەمین ئۆرەماری / سیاسی 
9- محەمەد موشیر / چالاکوان 
10-فەیزی رێکانی / ماموۆستا 
11- ئەرکان هێتیتی / چالاکوان 
12-ئومێد حاجی 
13- شوکری رێکانی
14- خالد رێکانی
15- نزار رەمەزان
16 - یوسف باقی / چالاکوان 
17 - محەمەد شینۆ گوهەرزی
18 - سەلام سدیق گوهەرزی
چاوەڕوان دەكرێت سبەی  سێشەمە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت و بەشێكی دیكەیان ئازادبكرێن. 
لە گومەڵگای سێریی سەر بە شێلادزێ، خوپێشاندەران و خانەوادەی قوربانیانی بوردومانەكانی توركیا رۆژی 27/1/2019 خۆپیشاندانیان كردوو  هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی سوپای توركیا و سوتاندیان و جگە لە بریندار بوونی چەند خۆپیشاندەرێك ( حسێن رێكانی) تەمەن  13 ساڵ بە گوللەی جەندرمەكانی توركیا شەهید كرا، كە ئەمەش ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو رۆژی دواتر ژمارەیەك چالاكی مەدەنی ویستیان گردبونەوەیەك لە شاری دهۆك ئەنجامبدەن بەڵام زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.
هەواڵی پەیوەندیدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand