ئێمە چیمان دەویست لە نیشتیمان..!
2019-01-30 12:14:10
لەدوای ئەو قەیرانە داراییەی كە ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان سەریهەڵدا، جارێكی تر هاوشێوەی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو شەپۆلی كۆچكردن بۆ دەرەوە دەستیپێكردەوە، هەزاران كەس رێگای هاتو نەهاتیان تاقیكردەوەو بە كەناری مەرگدا تێپەڕین تا لە مەرگەساتی موچەو سیستمی "پاشەكەوتنی موچە" لە كوردستان رزگاریان ببێت.
لەناو ئەوانەی لەم ساڵانەی دوایدا كوردستانیان بەجێهێشت ژمارەیەكی زۆر رۆژنامەنوس هەبوون، هەندێك لەوانە دوای گەیشتنیان لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە چیرۆكی گەشتكردنی خۆیان بە ناو ترسی دەریاو پۆلیسدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گێڕایەوە، هێمن مەحمودی رۆژنامەنوس دواین كەسە كە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرگوزشتەی خۆی بڵاوكردەوە، (درەو میدیا) دەقی چیرۆكی گەشتەكەی ئەو گەنجە كوردە وەكو خۆی بڵاودەكاتەوە كە ئێستا لە كەمپێكدا لە ئەڵمانیا دەژی.
نوسینی: هێمن مەحمود
بەشی (1)
زرم...
دەنگی پیاكێشانی مۆری چونەدەرەوەكەی ئیبراهیم خەلیل لەسەر پاسپۆرتەكەم خەیاڵەكانی تێكدام و ئەفسەرەكە بە زەردەخەنەیەكەوە لەژێر پەنجەرەكەوە پاسپۆرتەكەی دا بەدەستمەوەو وتی بەخێرچیت سەیدا..!
هۆڵەكە پێچەوانەی جارێ پێشوتر چۆڵبوو، گەرماكەشی شكابوو، كە لەهۆڵەكە دەهاتیتە دەر، هەوایەكی ساردی پایزەی سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەر دەیكێشا بەناوچاوتا.. خۆریش خەریكبوو وردە وردە ئاوا دەبوو.
جاری پێشوترو دوو مانگێك بەرلەوساتە، خێزانيی و لەگەڵ ماڵی هاوڕێیەكمدا لەهەمان شوێندا بووین. ماوەیەكی زۆر دەمویست بەماڵ و مناڵەوە بڕۆم، بڕۆم و هێندە دووربكەومەوە بەڵكو ئەگەر نەگەمە ئەوسەری دنیاش، لەناوەڕاستی دنیا بدەم لە ئەرز..دەمویست هەم مێشكم لەدەست هەواڵ و سیاسەت و هاتونەهاتی موچەو داعش و حەشدی شەعبی رزگاری بێت و هەم ژیانێكی هێمن و جێگریش بۆ مناڵەكانم دابین بكەم بۆ ئەوەی ڕۆژێك لەڕۆژان نەبنە خۆراكی سیاسەت و جەنگ و شتە بێ ماناو پڕوپوچەكانی ئەو وڵاتە..
ئەوەی دۆخی 2015و 2016و 2017ی ئەو وڵاتەی دیبێ و تیایا ژیابێ لەوە تێدەگا من باسی چیدەكەم، بەشێك لەو كەسانەشی لەدوورەوە تەماشای كردبین و خۆی ئیشی هەبووبێ و موچەی نەهاتبێتە چارەك و شەست رۆژ جارێك وەرینەگرتبێ، وەك ئەوەیە ئێستا گوێزی بۆ بژمێرم و بەلایەوە سەیردەبێ وڵات لەبەر ئەوشتانە جێبهێڵدرێت.
ئیبراهیم خەلیل ئەو دەروازەیەی سەدان كوڕی گەنجی لەپێناو پارەكەیدا درا بەكوشت، ناوێكە بیرەوەری خۆشی لای كەسمان نیە و حەز بە بیستنی ناكەین.
جارێ پێشووتر هاوین بوو، هۆڵەكە جمەی دەهات لەخەڵك، چی بەرووی ئەوانەی لە باكورەوە دەهاتن و چی بەرووی ئەوانەی لەباشورەوە دەڕۆشتن، گەرمایەكی ناخۆشی هەبوو. چەند ئەفسەرێك لەو دیو پەنجەرەكانەوە دانیشتبون و هەوای ساردی سپلیتەكەیان ئارامی كردبوونەوەو لەگەڵ سوڕانەوەی هەواكەشدا و لاپەڕەكانی بەردەستیان بەرز دەبوویەوە، كەچی خەڵكەكەی ئەم دیوی پەنجەرەكان لەگەرما خەریكبوو دەبورانەوە، پۆلیسەكان هەر لەداخا هەوای سپلیتەكانیان بۆ ئەو خەڵكە پێ نەدەكرد..لەدڵی خۆما وتم داهاتی ئەم ئیبراهیم خەلیلە بدە سوریا و ئوردون فەلەستین پێكەوە پێی دەژین، كەچی جادەو شوستەو هوڵەكانی خۆی پێچاكناكرێت.. ئەوجارە ڕۆشتین و بەهۆی درۆی قاچاخچی و ئەمڕۆ نا بەیانیەكەیانەوە پانزە ڕۆژێك لە ئەستەنبوڵ ماینەوەو دواتر بەدەستی خاڵی گەڕاینەوە.
دووبارەو دوای مانگ و نیوێكی تر جارێكی تر ڕۆشتمەوە..
زرم..
جەندرمەكە مۆری چونە ناوەوەی توركیای دا لەە
پاسپۆرتەكەم و بەتوركی وتی خۆش هاتن..ئیتر چوینە توركیاو دوای ئەوەی لەگومرگەكە تێپەڕین، شۆفێری پاسەكەی ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی سەربكەوین و دوانەكەوین هۆڕینێكی سەركەوتنی بۆ لێداین ..
هێشتا دنیا تەواو تاریك نەبوبوو، هەواكەی ساردتری كردبوو..
پێش ئەوەی سواری پاسەكە ببم، بۆ دواین جار تەماشایەكی كوردستانم كردو لەدڵی خۆما دێڕە شیعرەكەی شێركۆم بیركەوتەوە كە دەڵێت من چیم دەویست لەنیشتیمان..!
هەر بە ڕاست ئێمە چیمان نەدەویست لە نیشتیمان...؟
بەشی (2)
- بخۆ كوڕم..
خۆی مۆن كردۆتەوەو قسەلەگەڵ كەس ناكات... باوكەكە دەیەوێت هەرچۆنێك بێت كێك و شەربەتێك بداتە مناڵەكەی بیخوات، بەڵام ئەو چووەتە ڕق و لەپەنجەرەكەوە تەماشای دەرەوە دەكات و بەبێ ئەوەی لابكاتەوە بە لایاندا دەست ڕادەوەشێنێ كە هیچ ناخوات.
لەوەتەی لەسلێمانی دەرچووین ئەو مناڵە بێتاقەتە. كاك سیروان خۆی و خێزانی و ئەو مناڵە دەساڵانە بۆ ئەستەنبوڵ دێن. دوای ئەوەی لەئیبراهیم خەلیل دەرچوین ئیتر شەومان بەسەردا هات و دوای یەكجار وەستان ئیتر پاسەكە تا بەیانی نەوەستا.
ڕێگای سلێمانی- ئەستەنبوڵ بەپاس نزیكەی 38 كاتژمێرە، ڕێگایەكی دوورو درێژو تاقەت پڕوكێنە. پاسەكە تا دەگاتە ئەستەنبوڵ لەچەندین شوێن لادەدات، هاوكات كارمەندەكانی ناو پاسەكە هەر چەند سەعات جارێك بەعەرەبانەیەكەوە خواردن و ساردەمەنی دەگێڕن.
بەیانیەكەی بە كاك سیروان دەڵێم ئەوە بۆ ئەو مناڵە هیچ ناخوات، دەڵێت ئەوە بێتاقەتی ئەوەیە لەمەكتەب دەرمانكردووەو ئەمانەوێت لەئەستەنبوڵ بژین.
سیروان پیاوێكی پەنجا ساڵە دەبێت، خێزانەكەشی شتێك لەخۆی بچوكتر دیارە، وەك خۆی بۆی گێڕامەوە ساڵانێك پێشتر لە ئەستەنبوڵ كاری كردووە، دواتر گەڕاوەتە كوردستان و ماڵ و مناڵی پێكەوەناوە، بەڵام ئێستا دەوامی خێزانەكەی كردووە بە مۆڵەت و مناڵەكەی لەمەكتەب دەرهێناوە و بەنیازە بگەڕێتەوە بۆ توركیا، لەوێ دەستبكاتەوە بەئیش.
پاسەكە هەر دەڕوات و ڕێگایەش هەر تەواو نابێ. لەدڵی خۆما دەڵێم باشە ئەم دایك و باوكە تاوانبارن ئەم مناڵە ئاوا تەنیا دەكەن و لە مەكتەب و ناو هاوڕێكانی دەریدەكەن..؟ خەتای ئەوانە یان خەتای نیشتیمان كە ناتوانێت ئەو خێزانە بگرێتەوە باوەش و ئاوا دڵیان نەشكێنێ..؟ لەخۆم دەپرسمەوە ئەی باشە بەیانی ئەو مناڵە ناڵێت هەموو دنیا گەشتنە خاریج ئەم باوكەی منە بۆ ئێمەی لەم دۆزەخە بەتەنیا جێهێشت..! لەدڵی خۆما دەڵێم بیهێنە پێش چاوی خۆت سی ساڵی تر هاوڕێ مناڵەكانی ئەم مناڵە بەشێكی زۆریان لەخاریج دێنەوەو دنیا گەڕاون، ئەمیش تازە بەدوای ئەم مەسئول و ئەو مەسئولەدا راكە راكەیەتی لەشوێنێك بیكەن بە حیمایەك یان بەردەستییەك یان شتێكی لەو بابەتە..! مناڵەكە سەرخەوێكی بۆ دەشكێنێت و ئێمەش هەر لەناو پاسەكەداین..
هەزار خەیاڵ بەمێشكمدا دێت و دەچن..لەلایەك سەرزەنشتی خۆم دەكەم و لەلایەكی تریش ئەو ئامانجەی بۆی هاتوم زۆر بە گەورەی دەزانم..قوربانی تەنهایی و بێتاقەتی و ئازار و خەم و خەفەتی دەوێ..
پاسەكە هەردەڕوات و من بەجەستە تیایدام..دڵم لەشوێنێكی تره..لەدەرەوە نمەنمە بارانی پایزە دەبارێ، هەمووی چەند كاتژمێرێكی ماوە بگەین، توركیاو ئەستەنبوڵ بوونەتە ئەو چاڵە قوڵەی لەبنەوە تەماشای ئاسمانی پێدەكەم و هیچ كوێم لێوە دیار نیە، ناشزانم كوێم لێوە دیار دەبێ.. دواتر كە دەبینم مناڵەكە شت دەخوات..ئیسراحەت دەكەم..سەر دەنێم بەجامی پاسەكەوەو تەماشای دەرەوە دەكەم و زۆر لە دوور دەڕوانم... لەدڵی خۆمدا دەڵێم ئێرە بۆ ماڵەوە چەنێك دووربێ..!
ئاخر بەڕاست ئێمە چیمان دەویست لەنیشتیمان..؟
بەشی (3)
-اللە اكبر...اللە اكبر...
مەلای مزگەوتەكەی ئەكسەرای، ئەوەی بەرامبەر پاركی سورییەكانە بانگی عیشای دەدا كاتێك ئێمە لەپاسەكە دادەبەزین و گەیشتینە ئەستەنبوڵ.
پاركەكانی ئەكسەرای بە شەوان بەتایبەت كەهێشتا سەرماكەی توندی نەكردووە جمەی دەهات لەخەڵك، شوێنی كۆبوونەوەی پەنابەرو ئەوانەی بەتەمای ڕۆشتنن بۆ ئەوروپا تۆ ئەگەر سوڕێك بخۆی بێتاقەتی لەو ناوەدا هەر بەدەم رۆشتنەوە گوێت لەدەمەتەقێ ی دەیان خێزانی كورد دەبێت كەلەو پاركانەدا دانیشتون و شەوگار بەسەردەبەن.
جیا لەوەی چەندین چێشتخانەی عێراقی و سوری لەو نێوەندەدا هەیە وهێندەی تر ئەكسەرایان قەرەباڵغكردووە، دەیان هۆتێلی هەرزان بایش لەو ناوەدا هەیە كە بووەتە شوێن و پەناگەی پەنابەران یاخود ئەوانەی بەنیازی ڕۆشتنن بۆ ئەوروپا، ئەمە جگە لەوەی ئەكسەرای شوێنی دەیان قاچاخچیە و بەئاسانی دەتوانی قاچاخچیەكت دەستبكەوێت و كوێت بوێ بتنێرن.
پێش روداوەكانی ساڵی 2011ی سوریا بەتاك و تەرا دوكانی عەرەب و سوری لە ئەكسەرایدا هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ناوە یەكپارچە بووەتە شوێنی عەرەب و بەئاستەم هاونیشتیمانیەكی تورك یاخود كوردێكت دەستدەكەوێت دوكانێكی هەبێت .
ئێمە هاوین نزیكەی 16 شەو لەوێ بووین هەموو شەوێك لەگەڵ ماڵ ئەرسەلانی هاوڕێم لەو پاركانەدا لەچاوەڕوانی دەرچون و بەڵێنی قاچاخچیدا دادەنیشتین، دەیان خێزانی كوردمان دەبینی كە هەریەكەو چیرۆكێكی تراژیدیان هەبوو، هەبوو گیرابوو، هەبوو هێندە مابویەوە پارەی پێنەمابوو، هەشبوو هەرچی هەبوو لەكوردستان فرۆشتبووی نەیدەتوانی بگەڕێتەوەو لێرەش درۆیان لەگەڵ كردبوو، وەكچۆن درۆیان كرد لەگەڵ ئێمەداو بەناچاری دوای 16 رۆژ گەڕاینەوە.
كە لەپاسەكە دابەزین زۆرماندوو بووم، كوڕە پورێكم لەكافتریایەك ئیشی دەكرد لەو ناوەدا سەرێكم لێداو دواتر نانێكم خواردو ڕۆشتم لە هوتێلكی هەرزان بایی ژورێكم گرت و تابەیانی لێی خەوتم.
دوو رۆژ لەئەستەنبوڵ مامەوە، لەڕێگای هاوڕێیەكمەوە بە 2000 دۆلار ڕێكەوتین بمانبەن بۆ یۆنان.
من و كوڕە پورەكەم چوینە وەجبەیەكەوەو بڕیاربوو ئێوارەی چواردەی مانگی ئۆكتۆبەر دەربچین، بەو مەرجەی ئەوەی نە لەتوركیا بگیرێین و نە لە یۆنانیش سنورداشی توركیا بكرێینەوە چونكە وتیان بەڕێككەوتن لەگەڵ پۆلیس توركی و یۆنانیدا دەتانێرین و ڕێگاكە گرەنتییە.
ئێوارەی چواردەی ئۆكتۆبەر تەلەفونێكیان بۆ كردین وتیان حازربن. لەپاركێكەوە بەپێ بردینیان بۆ شوقەیەكی ئەو نزیكانە، دوو دەربەنی (حاجی و هاوبیر) و خێزانێكی كفری و دوو برادەری سلێمانی لێ بوو، دوای چەند كاتژمێرێك دانیشتن لەشوقەكەدا بۆ ئەوەی كەشف نەبین وپۆلیس نەمانگرێت، جارێكی تر بردینیانەوە بۆ پاركێكی نزیك ئەكسەرای.
دواتر لەگەراجێكی پشت هۆتێلێك، نزیكەی كاتژمێر 8ی شەو، نزیكەی پانزە كەس دەبووین كردینیانە سەیارەیەكی دۆڵمشەوە بەرەو ئەدرنە و لەوێشەوە بۆ یۆنان.
دواوەی دۆڵمش پڕكرا لە نەفەر، جێگای من نەمایەوە، بۆیە لەپێشەوە لەنێوان شۆفێرەكەو ڕێبەرەكەدا دانیشتم.
ئەستەنبوڵ بۆ ئەدرنە كە سەرسنورەو نزیكی یۆنانە و شوێنی پەڕینەوەی نەفەرە، ڕەنگە بەڕۆشتنی ئاسایی پێنج سەعاتێك ببێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەقاچاخ ئەو دۆڵمشانە لێدەخوڕن، ڕەنگە چوارسەعاتێك بخایەنێت.
ڕێبەرەكە كوڕێكی گەنجی هەڵەبجەیی تەمەن 32 ساڵان بوو، تا حەزبكەی گەنجێكی بەحورمەت و بەڕێزبوو.
وتم : خێزانداریت..؟
- جارێ ژنم بۆچیە..ئیشەكەم؟
پرسیم :چەند ساڵە ئەم ئیشە دەكەیت..؟
-4 ساڵە خەریكی ئەم ئیشەم..ماوەیەك گیرام و دواتر بەربووم..
- ناڕۆیتەوە..؟
- بۆ كوێ بڕۆمەوە...؟ چیم هەیە تا لەپێناویدا بڕۆمەوە..؟
خەریكبوو بڵێم نیشتیمان...تەریقبوومەوە..! نەموت..ئەی خۆم چی..!!
وتم ڕێگاكە قورسە..؟ وتی نا خەمتنەبێ ..ئیتیفاقیەیە..ئیشاڵا سبەی لەیۆنانن..
شۆفێرەكە لەسەدو شەست ، سەدو هەشتا لێی دەخوڕی.. دۆڵمشەكە باڵیگرتبوویەوە...بەدەم تەلەفونكردنەوە بتڵێك بیرەی دەرهێناو هێندەی تر خێراییەكەی زیاتركرد.
نەفەرەكانی دواوە هەمویان كپ و بێدەنگ وهەریەكەو كەوتبونە خەیاڵێك ...هەرچەندە جێگاشیان ناخۆشبو بەڵام بەهۆی ترس و نیگەرانی و نەزانینی چارەنوس، كەس دەنگی لێوە نەدەهات.. منیش تەماشای بەرزی گێچی ئۆتۆمبیلەكە هەموو شتێكی بیربردبومەوە و تەنها لەدڵی خۆمدا دوعام دەكرد هەر ئەم شۆفێرە و ئەم دۆڵمەشە نەعلەتیە كەهەردەتوت میزەڵدانە فووی تێكراوە هیچمان لێ نەكات ئیتر قەینا چی ترمان لێ دێت.
ویستم بە ڕێبەرە گەنجەكە بڵێم بەشۆفێرەكە بڵێت هێندە خێرا لێ نەخوڕێ توشی شتێكمان دەكات و لەم ڕێگایەدا دەمانكوژێت كەچی ڕێبەرەكە لەماندوێتیدا سەری خستبوە سەر شانم و خەوی لێكەوتبوو..!!دڵم نەهات خەبەری كەمەوە ناچار خۆمان دایە دەست چارەنوسی خۆمان و بتڵە بیرەكەو سوكانی سەیارەكە...!
مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت ئەو شەوەمان چۆن لێ ڕۆشت..!
بەشی (4)
-سەری خۆ كزكە.. كڕبن...زارۆكان دەگرین ئەی گەوران لۆ قسان دەكەن..ئەخی بكوژێنە..ئیتفی سیغارە..
شتششش ..شششش...!.
شەش ڕێبەرە كوردەكە بەردەوام بۆ ماوەی ئەو دوو شەو ڕۆژەی كە پێكەوەبوین لەڕێگاو بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بمانگەیەننە یۆنان، بەو قسانەی سەرەوە ڕێنمایی 150 نەفەری كوردو عەرەب و فارسیان دەكرد، دواتر لەزیندانەكەی یۆنان تا ماوەیەكی زۆر ئێمەش لەبەرخۆمانەوە بۆ خۆشی وسوعبەت بەیەكتریمان دەوتەوە و دووبارەمان دەكردەوە.
كاتێك لەئەستەنبوڵ سەركەوتین، نزیكەی چوار كاتژمێری پێچوو تا هاتینە ئەدرنە و سەر سنور. شۆفێرەكە دوای ئەوەی بەسەلامەتی گەیاندینی بەپەلە لەسەر رێگایەكی خۆڵ دایبەزاندین. ڕێبەرێك و چەند نەفەرێكی تر لەسەر رێگاكە چاوەڕێمان بوون. نیو كاتژمێری تر بەپێ ڕۆشتین، ڕێبەرێكی ترو وەجبەیەكی تر لەتاریكیدا چاوەڕوانمان بون كە لەلابەلایەكی كراوەدا كە بۆ كەشفبوون زۆر ئاسانبوو دایاننیشاندین.
هەرچەندە ئاسمان ساماڵ و سایەقە بوو، بەڵام هەوایەكی سارد ساردی دەهات، لەو تاریكییەدا كەس كەسی نەدەناسی. رێبەرێكیان وتی تاسەعات دوانزە چاوەڕێ دەكەین وەجبەیەكی تر ماون با بگەن پێكەوە دەڕۆین تا ئەو كاتە كڕ بن.
ئەو شەوە ئەوانەی نەبێت كە خەڵكی یەكشاربوین و بەیەكەوە هاتبوین، كەسمان نەدەناسی، دەموچاوەكان هەمویان لە تاریكیدا زیاتر نامۆتر دەردەكەوتن، بیرم لەوەدەكردەوە دەبێت ئەمانە كێبن واچارەنوسمان پێكەوەیە؟ لەكوێوە هاتبن و چی خەیاڵێك سەری پێهەڵگرتبن..؟
گریانی مناڵە ساواكان بەقەترەی خەو كپ دەكران، ئەوەی سەیربوو خێزانێكی فارس لەتەنیشت مندابوون، پیاوێك و ژنێك و دوو منداڵ، منداڵێكی ساواو یەكێكی حەوت هەشت ساڵ، پیاوەكە قاچی پلاتینی تیادابوو، بە دوو وەلەكی دەستیەوە، ترسام دەرنەچێ، كەچی ئەو پیاوە هەمیشە لەپێشەوە بەو دوو وەلەكەی دەستی پێشی هەموانی دەدایەوەو لەو سەرەوە چاوەڕێی دەكردین.
گڵوپی سەر ئۆتۆمبیلە سەربازییەكانی توركیا دەسوڕانەوەو هەمووی چەند سەد مەترێك دووربون لێمانەوە و هاتوچۆیان بوو. بە قسەی ڕێبەرەكان هەموویان كڕدرابوون، هەربۆیە حسابی نەبویان بۆ ئێمە لەو شوێنەدا دەكرد و ئێمەش حسابی نەبونمان بۆ ئەوان دەكرد.
وەجبەكەی تر گەیشتن و ژمارەمان چەن قات زیادیكرد كە دەیان خێزانی تیدابوو، بەشێكی زۆری ئەو خێزانانە وەك دواتر زانیمان خەڵكی شەنگال بوون كە دیاربوو یەكێك بە بەرنامە هێناونی و دەریاندەكات، بەپێ بەناو زەوییە كشتوكاڵیەكاندا چەند كاتژمێرێك تێپەڕین سنورمان لێوەدیارنەبوو.
رێبەرەكان لەپێشەوەو ناوەڕاست دواوە دابەشبووبن، بۆ ئەوەی نەكەس جێ بمێنێت و نەكەسیش ون ببێت بەو تاریكە، ئینجا هەر كەسیش پەكی بكەوێت هەڵیگرن، هەرواشبو خەڵك جێما دۆزیانەوەو پیرەژنێكیش پەكی كەوت هەڵیانگرت.
هەواكە ساردتر بوو، بۆنی تەڕایی دەهات، هەستمكرد گەیشتوینەتە سەر سنور، ڕێبەرەك وتی: ئەوە ئاوەكەیە ،لێرە لەبن ئەو دارانەدا دەمێننەوە تا ڕۆژ دەبێتەوە دوایی دەتانپەڕێنینەوە بۆ ئەو بەر.
كاتژمێر چوارونیوی بەیانی بوو، دەبوو تا ڕۆژ دەبێتەوە لەنزیك دواین گوندی توركیاو لەبن كۆمەڵە دارێك دانیشین، بەشێكی زۆر لەماندوێتیدا خەوتن، لەبەر سەرماو لەبەر دڵەڕاوكێ تا ڕۆژ بویەوە خەوم لێ نەكەوت..بیرم دەكردەوە ئەرێ بەڕاست ئەم خەڵكە بۆ كوێ سەری خۆی هەڵدەگرێت؟ ئێمە بەدوای چی كەوتوین..؟. ئەم مناڵانە چاوەڕوانی چی دەكەن لەداهاتویان..؟ ئەم میللەتە بۆ ڕەو دەكا؟ ئەم شەنگالیانە بۆ ناگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.. پاڵمدا بەكۆڵە پشتەكەمەوەو لەچاوەڕوانی ڕۆژبوونەوەدا كه شەوگار نەیدەهێشت بەزوویی بێت لەسەرما كڵاوەكەم كردە دەموچاوم و ڕووبەروی یۆنان لێی دانیشتم.
- الصلاە خیر من النوم
مەلای گوندە توركیەكە كە هەموی سێ سەد چوار سەد مەترێك لێمانەوە دووربوو بانگی بەیانی داو دەیوت نوێژكردن خێرترە لە خەوتن ..
مەلاكەی گوندەكە نەیدەزانی میللەتێكی سەر هەڵگرتوو... میللەتێكی نەگبەت نیشتیمانیان جێهشتووەو هەر ئێستا لە لەتەنیشتیدان ولەشەوەوە تا بەیانی نەخەوتون.
اللە اكبر.. اللە اكبر
بەشی (5)
- ئەگەر چوپەكە بەر درەختەكانی ناو ئاوەكە بكەوێ مەترسی خنكانی نەفەرەكان زۆرە.
وردە وردە ڕۆژ بویەوە، ڕێبەرەكانیش شەش كەس ، شەش كەس و لەسەرەتادا خێزانەكانیان بە دوو چوپ لە ئاوەكەی نێوان توركیا و یۆنان پەڕاندەوە. ئەو ڕێبەرە هەڵەبجەیەیی لەناو دۆڵمەشەكەدا پێكەوەبوین وتی پەلەمەكە خۆمان ئاخیر چوپ دەڕۆین، كاتێكیش لێمپرسی ئاوەكەی ترسناكە، وتی نا بەڵام ئەگەر چوپەكە بەر پارچە داری ناو ئاوەكە بكەوێ مەترسی زۆرە.
ئەو ئاوە هەر بەقەدەر روباری (سیروان)دەبێت ئەگەر یەكێك ئەو روبارەی دیبێت، رێبەرەكان پەتێك لەمبەرەوە تا ئەوبەر دەبەستن و دواتر بۆ ئەوەی ئاوەكە چوپەكان نەبا دەستی پێوەدەگرن و نەفەرەكان دەپەڕێننەوە، لەناو ئاوەكەشدا لەكاتی كەمبونەوەو زیادبونی ئاوەكە پارچە درەخت دەردەكەون و زۆجار چوپەكان كون دەكەن یاخود هەڵی دەگەڕێننەوەو نەفەرەكان دەخەنە ناو ئاوەكەوە، ئەوەی مەلە نەزانێ زەحمەتە رزگاری بێت، ئاوێكی هێندە ئاسان نیەو تا ئێستا چەندین نەفەریش بەو جۆرە لەو ئاوەدا خنكاون.
كاتێك دەگەی بەدیوی یۆنان ئیتر دەچیتە ناو چڕە دارستانێكەوە كە كورد پێی دەڵێت جەنگەڵ كە هێندە چڕەو بەیەكدا چوە خۆشاردنەوە تیایدا ئاسانە.
ئێمەیان زۆر دوورنەخستەوە، هەر لەودیوی ئاوەكەوە وتیان تاشەو لێرە دەبین تا ئەو وەجبەیەێ تر دەگات و دواتر پێكەوە دەڕۆین.
ئێمە 6 دەربەنی بووین، دوو پارچە نایلۆنی كۆنەمان دۆزیەوە كە پێشوتر نەفەر لەو شوێنەدا بەكاریانهێنابوو، یەكێكمان راخست و یەكێكیشمان دا بەسەری خۆماندا، وردە باران و سەرمایەكی توندبوو، تەنها ئاوو خورما و نانمان پێبوو، بەوریاییەوە بۆ ئەوەی بەشی هەمومان و ڕێگاكە بكا كەم كەم لێمان دەخوارد.
لەو جەنگەڵە خێزانە شەنگالیەكان بەشێكی زۆریان هیچیان پێنەبوو، مناڵی زۆریان پێبوو ، گریانی مناڵ و تینوێتی و برسێتی ناڕەحەتی كردبوون، جیا لەوەی رێبەرەكانیش توڕەدەبون بۆ ئەوەی دەنگیان نەڕوات و كەشف نەبن..دەتوت جارێكی تر ئەنفالی داعش كراونەتەوەو لەدەستی كوشتن و بەكۆیلەكردن هەڵدێن.
سەرماكەی تادەهات زیاتر دەبوو، بارانیش هەردەباری، ئێمەش لە ژێر نایلۆنەكانەوە پاڵكەوتبوین، كاتێك هاتین نزیكەی حەوتی بەیانی بوو، دەبوو تا یانزەی شەو لەو شوێنەدابین.
ئەوەی سەرنجی منی راكێشا شوێنەكە بوو كە دڵنیام ئەوەی یەكەمجار دۆزیویەتیەوە كورد بووە، چونكە لەچاڵێكدا بوو مەگەر بەفڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كەشفببوایە، لەدڵی خۆما دەموت تۆ بڵێی چەندین هەزار كورد لەو شوێنەدا ئیسراحەتی كردبێ و دواتر گەیشتبێتە دەرەوە.
یانزەی شەو جوڵەمان كرد، بەپێی قسەی ڕێبەرەكان وەجبەكەی تر بەڕێگاوەن و لەسەر سكەی قیتارەكە پێك دەگەین، هەر وەك كۆڕەكەو بەئیسراحەت و بەبێ ترس بەناو باخ و رەزی یۆنانیەكاندا سێ سەعاتێكی تر بەپێی ئەو حەشاماتە رێمانكرد تا گەیشتینە سەر سكەی قیتارەكە ، یەكسەر ئەوەم بیركەوتەوە ئەوەی كوردبێ و بەپێ ڕۆشتبێ بۆ دەرەوە ئەو سكەی قیتارەی دیوەو باسیكردووە.
لەناو چڕە دارستانەكەی تەنیشت سكەی قیتارەكە دایانناین، چاو چاوی نەدەبینی، بەلایتی مۆبایلی ڕێبەرەكان جێگایەكیان دۆزیەوەو دایانناین
دوای نیوسەعاتێك وەجبەكەی تر هاتن وەك دواتر لەبنكەی پۆلیس بۆمان دەركەوت ژمارەمان بو بە 150 كەس.
- زۆرمان نەماوە، ئەوە گڵوپەكانە، گەشتینە ئەوێ تەواو.
ڕێبەرەكە كاتێك كەوتینە رێ و لە دارستانەكە دەرچوین وای وت.
نیوسەعاتی تر رێمانكرد، گەشتینە لابەلایەك لەتەنیشت ڕێگایەكی دوو سایدی سەرەكی، لادێیەكیش چەن سەد مەترێك دووربوو لێمانەوە.
ئێمە بەو بەرزیەوە زۆر بەئاسانی ئۆتومبیلەكانمان دەبینی كە هاتوچۆیان دەكرد ئەوان ئێمەیان نەدەبینی، رێبەرەكان وتیان لێرە دانیشن، ئیتیفاقیەكەمان وەهایە كە بوو بە سەعات شەش دەڕۆنە سەر ئەو ڕێگا سەرەكیەو دەیگرن، تا پۆلیس دێت دەتانبەن بۆ كەمپ ئیتر سنور داشی توركیا ناكرێنەوە، بەڵام هەتا پێتان دەكرێ بەتەلەفون داوای هاوكاری لە هێڵی فریاكەوتن بكەن و لایڤ بكەنەوە با دنیا بزانێ.
كاتژمێر شەشی رێك رۆشتینە سەڕ رێگا سەرەكیەكەو هەر دوو سایدەكەمان گرت. بەڵام ئەوەی بەئێمە وتراو دڵنیایمان پێ درا نەك هەر وا دەرنەچوو، بەڵكو خەریكبوو ژیانیشمان دانێین و تیابچین، ئەگەر رەحمی ژنەحاكمێك نەبوایە.
بەشی (كۆتایی)
حاكمە ژنە یۆنانیەكە كە رەسمێكی مەسیح بەپشت سەریەوە هەڵواسرابوو چەكوشەكەی دەستی دا بەمێزەكەداو وتی:ٚ ئێوە ڕێگای سەرەكیتان گرتووە و زیانتان لەموڵكی گشتی داوەو دەوامی فەرمانبەرانتان دواخستووە، بۆیە یان دەبێت غەرامە بدەن یان ساڵێك زیندانی بكرێن..!
ئەو بەیانیەی كە ڕێگاكەمان گرت، هەڵایەكی گەورە دروستبوو، هەندێك یۆنانی كە بۆ كاردەچوون لەناو ئۆتۆمبیلەكانیانەوە دەستیانكرد بەجنێودان، ئێمەش نەماندەویست كەس بڕوات، بەشێكی زۆر لەئێمە بەمۆبایلەكانی دەستیانەوە لایڤیان كردبویەوەو تەلەفونیان بۆ هێڵی فریاكەوتن دەكرد، پۆلیس هاتن و نەیانهێشت كەس پەلامارمان بدات. دواتر دوو ئۆتۆمبیلی گەورەیان هێناو هەموو نەفەرەكانیان باركرد بۆ بنكەی پۆلیس.
16ی ئۆكتۆبەر... پۆلیسەكە لەتەنیشتی ناوەكە بەرواری دەستگیركردنەكەی نوسین..ئیتر بەبۆنەی 16ی ئۆكتۆبەرەكەوە هەمومان مێژووی ئەو ڕۆژەی بنكەی پۆلیسمان لەبیرمابو.
نزیك كاتژمێر هەشتی بەیانی هێنایناین، نەماندەزانی ئایا قاچاخچیەكان راستیانكرد، یاخود نا درۆیانكرد ودەماندەنەوە توركیا..پۆلیسەكان بە ئیسراحەت یەكە یەكە 230 كەسیان ناونوسكرد و پەنجەمۆریان پێكردین، ئەم پرۆسەیە تا 2ی شەوی خایاند. دواتر گواستینیانەوە بۆ زیندانێك و نەیانداینەوە توركیا..بۆ یەكەمجار قاچاخچی راستیكرد.
زیندانەكە چەند هۆڵێكی گەورەبوو، هەر هۆڵەو 70 تا 80 كەسیان بەتێكەڵاوی تێدەكرد فەرقی ژن و پیاو و خێزان و؟سەڵت نەبو، هەموی پێكەوە دەخەوت وعاشقە شەنگاڵی و ژن پیاوەكانیشیان پەردەیان لەقەرەوێڵەكاندەدا و پێكەوە دەخەوتن.
هۆڵەكەی ئێمە نزیكەی 75 كەسی تیابوو، سێ تەوالێت و دوو حەمامی پیسیشی تیابوو، ڕۆژانە دوو ژنە یۆنانی دەهاتن كەمێك خاوێنیان دەكردەوەو دەڕۆشتن.سێ ژەمەش پۆلیسەكان بە كارتۆن خواردنیان دەهێناو لەشیشەكانەوە دەیانخستە ئەو دیو بۆمان، گەنجەكانیش لەمدیوەوە تەوزیعیان دەكرد بەسەرمانا.
ئەو زیندانە كە حەوت شەو و ڕۆژ تیایدا بووین، هەرچەنە ناخۆشبوو، نەیاندەكردینە دەرەوەو مۆبایلمان پێ نەبوو ،ئاگاشمان لەكەس نەبوو، بەڵام دواتر هەموو شتەكانی ناوی بونە بیرەوەری خۆش بۆمان.
لەزیندانەكە شتی سەیر هەبوو، كوڕێكی سۆماڵی هەبوو ناومان نابو بلاك بۆی، برادەران بانگیان دەكرد بە جگەرەیەك لاسایی چی باڵندەبوو دەیكردەوە، ژنێكی سۆماڵیش هەبوو لەڕێگا پێڵاوەكانی دڕابوو، ئیتر ئەو هەموو ڕێگایەی بەپێی پەتی بڕیبوو لەوێش پێڵاو نەبوو بیكاتە پێی، لەهەمووشی ناخۆشتر ئەوەبوو كەس هیچی پێ نەدەوتین چیمان لێ دەكەن.
لەدیواری زیندانەكە كەناوی (ئۆرستیادە)بوو زیندانیانی پێشوتر بیرەوەرییان نوسیبوو، هەموجار بەبرادەرەكانم دەوت بێ ئەمەل نەبن ئەوانەی لێرە زیندانی بوون هەمویان بەربوون بۆیە بیرەوەرییەكانیان ماوە.
دوای حەوت ڕۆژ بەیانیەك زوو ئازادیانكردین و خستینیانە كەمپەوە، لە كەمپەكە زانیمان بەهۆی ئەوەی رەنگە هەمومان پارەمان پێ نەبێ، حاكمە ژنەكە سزای زیندانی ساڵێك (بەبێ جێبەجێكردن)ی داوین و ئەگەر تاوانی دووەم ئەنجامبدەین ئەوا سزای ساڵەكەشمان بەسەردا دەسەپێنن.
ئێوارەیەكیش لەكەمپا بووین و بەیانی دواتر وەرەقەیان بۆ كردین و لەسەر حسابی خۆمان ڕۆشتین بۆ ئەسینا.
پێش ئەوەی ئازادمانبكەن ڕۆژێك لەزیندانیەكە بردینیان بۆ لای ژنە حاكمێك، لەبەیانیەوە لە حەوشەی دادگاكە بەبێ ئەوەی قەترەیەك ئاو یان پارچە سەمونێك بدەن بەو خەڵكە تا ئێوارە دایناین، دەیان مناڵ سەرماو تینوو برسیان بوو دەگریان یەك پۆلیس، یەك كارمەندی یۆنانی كە ئێمە واماندانابوو ئەوانە مرۆڤی ئەوروپین و جیاوازن هەستیان نەدەجوڵا، بگرە زۆرجاریش قسەیان پێ دەوتین، كەچی لەولاوە دوو سێ ژنی بەتەمەن كە ئەو حەشاماتەیان بینی بەوسەرما و بەبێ نان و ئاو رۆژێكە وەستێنراون هەستیان جوڵاو رۆشتن یەك دوو دەبە ئاو و هەندێك خواردنیان بۆ مناڵەكان هێنا.
لەبەردەمی ژنە حاكمەكەدا وەجبە وەجبە ریزیان كردین، یەك پرسیاری دەكرد، بۆ ڕێگاكەتان گرت..؟ هەمومان یەك وەڵاممان هەبوو، بۆئەوەی فریامان بكەون..
وێنە و خاچەكەی مەسیح لەهۆڵەكەدا سامێكی تایبەتی هەبوو. خۆمانمان وەك تاوانبارێكی گەورە دەهاتە پێشچاو كە رەنگە لەشەڕی سەلیبەكانەوە بەدیل گیرابین و هاكا سزای ملپەڕاندنیان بۆ دەركردین، دادگای ئەوروپا و وێنەی مەسیح ...! دوو دڵبووم وتم رەنگە مەسیح فریامان بكەوێت، بەڵام كاتێك ئەو ژنە سۆماڵیەم بینی بەپێی پەتی هێنایانە ژوور و ژنە حاكمەكە هیچ هەستێكی بەرامبەری نەجوڵا و هەروا بەپێی پەتی بەڕێیكردەوە بۆ زیندانەكە، بۆم دەركەوت مەسیح لە مێژە لەجیهاندا مردووە..!
تێ بینی:
- هەندێك بەشی مابوو تا ئەڵمانیا، بەڵام بۆ ئێستا هەر ئەوەندەم بە باشزانی، رەنگە لەداهاتوویەكی دوور بیكەمە كتێبێك یاخود هەر لێرەوە بڵاویبكەمەوە.
- ئەو ناوانەی لێرە دێن ناوی ڕاستەقینەی كەسەكان نیە