ناوەڕۆكی پرۆژەی ئەمریكا بۆ چارەسەری دۆخی كەركوك
2019-01-30 07:14:57
(درەو میدیا):
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەرێگەی باڵیۆزخانەكەیەوە لە بەغداد، یەكەم هەنگاوی كردەیی وەكو نێوەندگیر بۆ چارەسەری دۆخی كەركوك هەڵگرت.
بەپێی هەواڵێك كە سایتی رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی قەتەری بڵاویكردوەتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كۆبونەوەیەكی هاوبەشی بۆ نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە (كوردو عەرەبو توركمان) رێكخستووە، لە كۆبونەوەكەدا باسی كێشەكانی پارێزگاكە كراوە لە ڕووی سیاسیو ئابوریو ئەمنییەوە.
رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی سیاسی ئاگادارەوە ئاشكرایكردووە، لە كۆبونەوەكەدا باس لەم تەوەرانە كراوە:
• پرسی ئیدارەی هاوبەش لە پارێزگای كەركوكو ئەگەری جێبەجێكردنی وەكو چارەسەرێكی ناوەندی بۆ دابەشكردنی دەسەڵات.
• تەرخانكردنی بەشێك لە داهاتی كەركوك بۆ پارێزگاكە خۆی.
• دۆسیەی ئەمنی لە دەستی حكومەتی فیدراڵیدا بمێنێتەوە.
ئەمریكییەكان جێبەجێكردنی ئەم خاڵانەیان وەكو بنەڕەتێك باسكردووە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەركوك وەكو ناوچەیەكی جێناكۆك لەنێوان هەرێمی كوردستانو بەغداددا.
گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك !
هەمان سەرچاوە بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە" كورد داوادەكەن بە رێككەوتن بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ كەركوك، بەڵام عەرەبو توركمان رەتیانكردوەتەوە".
نێوەندگیرییەكەی ئەمریكا بەردەوامەو پێشبینی دەكرێت كۆبونەوەكان لەبارەی دۆخی كەركوك بەردەوام بن بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن.
مەحمود جبوری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی عەرەبی بە رۆژنامەكەی وتووە:" ناكرێت گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك قبوڵ بكرێت، فشاركردن بەو ئاڕاستەیە، رەوتی دیالۆگەكە تێكدەداتو دەرفەتی گەیشتن بە رێككەوتن كەمدەكاتەوە، دەبێت كورد درك بەوە بكەن".
ئیدارەی هاوبەش
جبوری ئاماژە بەوەدەكات، پرسی ئیدارەی هاوبەش لە كەركوك لەلایەن عەرەبو توركمانەوە قبوڵكراوە، سەرباری ئەوەی هەندێك ناكۆكی بچوك هەیە، بەڵام كورد سورن لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگارو بە پشكی خۆیانی دەزانن".
رێككەوتنی بارزانی- عەبدولمەهدی - ئەمریكا !
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئێستا هەوڵێكی نوێی دەستپێكردووە بۆ "ئاسایكردنەوەی" دۆخی كەركوكو گەڕانەوەی پارتییەكان بۆ ئەو شارە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بارزانی لەگەڵ ئەمریكییەكانو عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە گفتوگۆی كردووەو دەیەوێت هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە دوركەونەوەو رێگە بە كورد بدرێت بە ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆ شارەكە، بارزانی دەیەوێت ئەمریكییەكان هێزێكی سەربازی خۆیان لەو ناوچەیە جێگیر بكەن.
هەفتەی رابردوو هەمان رۆژنامەی قەتەری، لە زاری بەرپرسێكی پارتییەوە ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بەمدواییەی سەردانی هەولێری كرد، گفتوگۆی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە كردووە.
ئەو سەركردەیەی پارتی كە رۆژنامەكە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، پۆمپیۆ بەڵێنی بە بارزانی داوە ئەمریكا نێوەندگیرییەك دەكات بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخی كەركوكو ئەنجامی نێوەندگیرییەكەش بەمنزیكانە دەردەكەوێت.
بەپێی قسەی بەرپرسەكەی پارتی" پۆمپیۆ داوای لە بارزانی كردووە ئەم ماوەیە دان بەخۆدابگرێتو لەبارەی كەركوكیشەوە پۆمپیۆ پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووەو ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانن لەگەڵ عەبدولمەهدی".