سێ هۆكار كۆبونەوەكەی پارتی و یەكێتیيان دواخست
2019-01-29 20:24:49
(درەو میدیا):
رۆژنامەنووس سەرتیپ وەیسی كەریم بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەك دواخستنی كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی كە هەندێك بە كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە ناویان دەبرد بۆ سێ هۆكار دەگەڕێنێتەوە لەوانە:.
- مەسەلەی یەكلایبوونەوەی پرسی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی، لە لایەن پارتیەوە هەریەك لە ( عیماد ئەحمەد، حاكم قادر، ئەرسەلان بایز ) توڕەدەكات، چونكە ئەو سێ كەسە خەونی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەبوو، بەڵام دوای لێدوانەكەی فازڵ میرانی بێهیوابوون، ئەو سێ كەسەش بیانوی جیاوازیان دۆزیەوە بۆئەوەی كۆبوونەوەكە نەكرێت، یەكێك لە بیانوەكانیش ڕاپۆرتەكەی ڕۆژنامەی "ڕووداو" بوو لەسەر حاكم قادر.
- دوێنێ دووشەممە، 28ی كانونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دوو بەپرسی یەكێتیی كۆدەبێتەوە، بەمەبەستی ڕێخۆشكردن بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی هەردوولا، بەڵام ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، بەم هەوڵەی ئەو دوو بەرپرسە تووڕەدەبن، پێیانوابووە ناكرێ لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسی دوو كەس كۆبوونەوەی نهێنی ئەنجامبدەن، بەبێ مەكتەبی سیاسی.
- بەشێكی دیكەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی دوای لێدوانەكەی فازڵ میرانی، تازە بۆیان ڕوونبوەتەوە، كە لەماوەی مانگی ڕابردوودا لە ئێوارەخوانێكدا لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، هەریەك له ( نێچیرڤان بارزانی و فازڵ میرانی و مەلا بەختیارو قوباد تاڵەبانی ) لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، كە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی بێت.
دوێنێ شەو، هەوڵی زۆر هەبوو لە لایەن پارتیەوە ئەو بیانوانە نەهێلن، بەڵام هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی سووربوون لەسەر نەهاتن بۆ كۆبوونەوەكە .
لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو كۆبوونەوە باڵایەی نێوان هەردوولا، دوای نەهێشتنی بەشێك لە بیانووەكان ئەنجامدەدرێت.