هێرش دەكرێتە سەر باڵەخانەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم
2019-01-29 13:09:55
(درەو میدیا):
ژمارەیەك گەنجو چالاكی سیاسی كورد لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا هێرشیانكردە سەر باڵەخانەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمو ئاڵای كوردستانیان لەسەر بارەگاكە داگرت.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، رەنجدەر گڕاوی یەكێك لەو گەنجانەی بەشداری لە هێرشەدا كرد، وتی:" دژ بە دەستگیركردنی چالاكانی سیاسیو رۆژنامەنوسانی دەڤەری دهۆك لەلایەن هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ئەو كارەمان كرد".
گڕاوی ئاماژەی بەوەكرد" كاتێك چونەتەسەر باڵەخانەی نوێنەرایەتیی هەرێم، كەسێك لەوێ بووەو رایكردووەو دوو كەسیش لە ناو باڵەخانەكەدا بوون".
باسی لەوەكرد" ئەمە یەكەم چالاكیانە كە ئەنجامیانداوە، بۆیە بەوشێوەیە كردویانەو خۆپیشاندانیان نەكردووە، چونكە خۆپیشاندان پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتە لە دەسەڵاتدارانی بەلجیكا، ئەو جۆرە چالاكیانە پێویستی بە مۆڵەت نیە".
رەنجدەر گڕاوی هۆشداریدا، ئەگەر ئەو چالاكە سیاسیانەی لەلایەن هێزەكانی پارتییەوە دەستگركراون، ئازاد نەكرێن، هەنگاوی تر دەگرنەبەر.
رۆژی 27ی ئەم مانگە خەڵكی ناوچەی شیلادزێ خۆپیشاندانیان لەدژی هێزەكانی سوپای توركیا كرد لەناوچەكە، خۆپیشاندەران چونە ناو بنكەیەكی سوپای توركیاوە، بەهۆی تەقەی سەربازانی توركیاوە كەسێك شەهید بوو، 10 كەسی تر برینداربوون، لەدوای رووداوەكە هێزە ئەمنییەكانی سنورەكە 25 كەسیان لە شاری دهۆك دەستگیركرد.
رەنجدەر گڕاوی كە بەشداری ئەو چالاكیەی كردووە بەرپرسی بازنەی بزوتنەوەی گۆڕانە لە بەلجیكا