بنكە سەربازییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستانو ئامانجەكانی
2019-01-29 11:27:02
راپۆرت: BBC
وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
رۆژی 26ی كانونی دووەم، خۆپیشاندەرانی كورد لە پارێزگای دهۆك لە كوردستان، دوو تانكو كەلوپەلی سەربازی تریان سوتاند، كاتێك وەكو ناڕەزایەتی لەدژی كوژرانی چوار كەس لە خەڵكی ناوچەكە لە هێرشێكی ئاسمانی توركیا لە 20 ئەم مانگەدا، هەڵیانكوتایەسەر بنكەیەكی سەربازی توركیا.
كاتێك خۆپیشاندەران چونەناو بنكەی سەربازی "شیلادزێ" لە پارێزگای دهۆك، بەهۆی تەقەی سەربازانی توركەوە، دوو خۆپیشاندەر كوژرانو دەیانی تر برینداربوون.
توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك هێرشی ئاسمانی دەكاتەسەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە چیاكانی قەندیلیان كردووە بە بارەگای خۆیانو لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە لە ململانێی چەكداریدان لەدژی حكومەتی توركیا.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە كوردستان رۆژی 27ی ئەم مانگە وتی:" ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی هەرێم لەماوەی چوار ساڵدا گەیشتووەتە 398 هێرش، ئەمە سەرباری 425 هێرش لەڕێگەی بۆردومانی تۆپخانەكانەوە، زیاتر لە 20 كەسی مەدەنی كوژراون، هێرشەكان بونەتەهۆی وێرانبوونی گوندە سنورییەكانو نەخۆشخانەو رێگاو پرد خوێندنگەكان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم كە لە ساڵی 2007وە دەستیپێكردووە، تائێستا كۆتایی نەهاتووە".
سەربازانی توركیا لە بنكەی سەربازی هەكاری- 20ی كانونی دووەمی 2019
زیادبونێكی زۆر
كوردەكان دەڵێن زیاتر لە 27 بنكەی سەربازی لەنێویاندا بنكەی راهێنانی سەربازانی تورك لە هەرێمی كوردستاندا هەن، ئەمە لەكاتێكدایە بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغداد لە حوزەیرانی 2018دا دانی بەوەدا نا 11 بنكەی سەربازی هەن، وتی:" 11 بنكەی سەربازیمان دروستكردووەو ژمارەی سەربازو هێزەكانمان لەو بنكانە زیادكردووە بەمەبەستی راوەدونانی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەر لەوەی بێنە ناو سنورەكەمانەوە".
لەناوچەكانی (بامەڕنێ، شیلادزێ، باتۆفان، كانی ماسی، كیریبی، سینكی، زیری، كوبكی، قومری، كوخی سپی، سەری زیری، دۆڵی زاخۆۆ ئامێدی) بنكەی سەربازی توركیا هەیە.
لە سەرەتای دەركەوتنی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ساڵی 2014دا، توركیا بنكەی تری لە بەعشیقەو سۆرانو قەڵاچۆلان دروستكردو بارەگای سەربازی لە ناوچەی "حەریر"ی نزیك هەولێر كرد بە بنكەی سەربازی، ئەمە لەپاڵ كەمپی "زوممار" بۆ راهێنان بە سەربازەكانی.
ناوچەی بڵابونەوەی بنكەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەدرێژایی سنور لە "رێڕەوی خاپور"ەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەی "سۆران".
هەروەها توركیا هەستاوە بە دروستكردنی "بنكەی سیدەكان"و چەند بارەگایەكی سەربازی لە هەردوو ناوچەی "دیاناو چۆمان"ی نزیك لە چیاكانی قەندیل، ئەمەش لەپێناو كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی "خنێرو خواكوركو كێلاشین".
گەریلاكانی پەكەكە لە شوێنی ئاسەواری یەكێك لە هێرشەكانی توركیا لە چیای قەندیل- تەموزی 2015
ئامانجەكانی
ئامانجی راستەوخۆی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش بە باتۆفانو بامەڕنیو ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "حەفتانینو مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە جەنگاوەرانی كورد.
هەروەك توركیا بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەی "دێرەلوكو شیلادزێ" زیادكردووە بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی ناوچە شاخاوییە سەختەكانی زابو زاگرۆس كە جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستانیان تێدا بڵاوبوەتەوە.
بارەگا سەربازییەكەی "دێرەلوك"یش ئامانج لێی كۆنترۆڵكردنی رێگای نێوان ناوچەكانی زابو هەكاری-یە بۆ گەمارۆدانی گەریلایكانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
توركیا لەسەر سنورەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەناوچەی زاب، بنكەی سەربازی (49)ی دروستكردووە، كە بنكە سەربازییەكانی ناوچەكانی "ئیلیا جیلی و كری و شیكیر و سیفری تەپە و سەری سیفە و كەتیبەی هێرشی موشەكی و سریەكانی دەوروبەری بیلیجانۆخان تەپە و ئارتوش"ی پێوە بەستراوەتەوە.
توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری توركیاو لە دەرەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقو هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان تێدا كرد.
لە تشرینی یەكەمی 1984 و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری كرد، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی كرێكاران.
دوای ماوەیەك بێدەنگی، ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگاو بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد.
لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا تورگوت ئۆزال نامەیەكی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار.
لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كردو 15 هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانكو تۆپهاوێژی قورسو فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای 20 رۆژ لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە.
دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993 و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری "پارتی دیموكراتی كوردستان" 30 هەزار سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی 45 رۆژی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی حەفتانین، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگو نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە.
لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی جەنگاوەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە 24 ئۆپراسیۆن، لە ساڵەكانی 2000 و 2007 و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد.
توركیا بەهانەی بۆ بوونی سەربازی چڕی خۆی لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەوە دەهێنێتەوە كە ئامانج لێی راوەدونانی جەنگاوەرانی كوردە، ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی 1984وە لە ململانێی چەكداریدان لەگەڵ دەوڵەتی توركیا لەپێناو ئەوەی كوردەكان مافەكانیان لە توركیا بەدەستبهێنن كە ژمارەیان لە 20 ملیۆن كەس زیاترە، لە نمونەی مافەكانی خوێندن بە زمانی كوردیو خۆبەڕێوەبەریی.