Draw Media

پارتی لەبری حزبەكانی تریش بڕیاردەدات

پارتی لەبری حزبەكانی تریش بڕیاردەدات

2019-01-28 11:25:33


( درەو میدیا):
پارتی دیموكراتی كوردستان ، بێ‌ گەڕانەوە بۆ هیچ پارت و لایەنێكی سیاسی تر كاندیدی خۆی بۆ دوو پۆستی سەرەكی هەرێمی كوردستان " سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت"ی  دیاریكردووە و هەوڵی ئەو حزبە بۆ زوو پێكهێنانی حكومەت گەیشتوەتە ئەو رادەیەی كاندیدی حزبەكانی تر بۆ جێگرەكانی ئەو دوو پۆستە دەستنیشاندەكات.
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت " پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی بێت بەڵام بەو مەرجەی بۆ كاك قوباد تاڵەبانی بێت".
میرانی لە وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەڵێت:" كێشەی یەكێتی ئێستا پۆست نیە بەڵكو یەكێتی كێشەی كاك قوبادی هەیە، ئێمە دەمانەوێت وەك هاوبەشێك یارمەتی یەكێتی بدەین لەچارەسەركردنی ئەو كێشەیەدا چونكە كاك قوباد نیوەی هی یەكێتیە،نیوەی هی پارتی-یە،باشە ئەگەر جێگری سەرۆك وەزیران نەبێت ئەی چی لەكاك قوباد بكەین؟".


قوباد تاڵەبانی وەڵامدەداتەوە
لە كاردانەوەی ئەو لێدوانەی سكرتێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی جەختدەكاتەوە كە " نیوەی هیچ حزبێكی تر نییە و موڵكی كەسی تر نیە و هەرگیز پارتی نەبووە و نابێت".
قوباد تاڵەبانی لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت:" ئەو هاوئاهەنگی و پەیوەندییە باشەشی لەگەڵ هەڤاڵانی پارتیدا هەمبوە لە چوار ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسۆنگەی پەرۆشی و دڵسۆزی بووە بۆ فەراهەمكردنی ئارامی و برەودان بە كاری پێكەوەیی لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و تێپەڕاندنی گرژییەكانی رابردوو، بۆیە هیچ شیاو نییە خراپ كەڵكی لێوەربگیرێت و بەلاڕێدا ببرێت و هەوڵ بدرێت بۆ ئامانجی تر بەكاربهێنرێت".
قوباد تاڵەبانی جەختیشدەكاتەوە كە هەر پلە و پایەیەكیش وەربگرێت لە قۆناغی داهاتوودا  لەسەر داواو پێشنیارو بڕیاری تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت نەك هێچ كەس‌ و لایەنێكی تر و هیچ كات لەناو یەكێتی كێشە لەسەر پۆست و پێگەی داهاتوی "قوباد تاڵەبانی" نەبووەو نییە".


یەكێتی زیاتر لە كاندیدێكی هەیە
بە گوێرەی زانیارییەكانی " درەو میدیا" مەرجی سەرەكی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ئەوەیە كە تەنها یەك جێگر هەبێت و بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستەش چەند كاندیدێكی هەیە كە بریتین لە قوباد تاڵەبانی، قادر حەمەجان ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، دەرباز كۆسڕەت رەسوڵ عەلی، كە لە كابینەی پێشووی حكومەتدا وەزیری ئاوەدانكردنەوە بووە.
یەكێتی وەك پارتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا پەلەی نیە و تائێستا میكانیزمی یەكلایكردنەوەی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حكومەت دیارینەكردووە و  ئەوەش كارتی بەهێزی ئەو حزبەیە لە دانوستانەكاندا كە تائێستا پارتی ناچاركردووە كە نەرمی بنوێنێت و زیاتر لە یەكێتی بێتە پێشەوە.
هەروەها یەكێتی پەلەی پارتی لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت قۆستوەتەوە و دەیەوێت پرسی وەزیری دادی حكومەتی عێراق و پارێزگاری كەركوكی لەگەڵ كابینەی نوێی حكومەتدا یەك پاكێج بێت و رێككەوتنی لەسەر بكات، بەڵام پارتی تائێستا نەچوەتە ژێر باری ئەو داواكارییەی یەكێتییەوە، ئەگەرچی لیژنەیە هاوبەشیان بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرستانەش پێكهێناوە.


گۆڕان داوای چی كردووە؟
سەبارەت بە داواكاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ئاشكرایدەكات كە گۆڕان بە لیستێك ئەو پۆستانەی دیاریكردووە كە داوایكردون و دەڵێت:" لیستەكەی برادەرانی گۆڕانمان لاهەیە كە داوای چ پۆستێكیان كردووە بەڵام ناتوانم هەمووی بڵێم، بەڵام چاوییان لە جێگری سەرۆك وەزیرانە ئەگەر بكرێتە دووان، لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئێمە پێمان باشە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان بێت وە جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان كە لیستی دووەمە بۆ یەكێتی بێت، بەڵام دواجار هەموو ئەمانە پێویستیان بەڕێككەوتنە و هیچی خاڵی كۆتایی نیە".


پرسی كۆمەڵ بە سەردانێك چارەسەر دەبێت
كۆمەڵی ئیسلامی، یەكێكە لەو حزبانەی كە ئارەزووی بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكات و ئەگەرچی تائێستا وەفدی دانوستانكاری پارتی لەدەرگای ئە حزبەی نەداوە، بەڵام تائێستا كۆمەڵ هەڵوێستی نەرێنی دەرنەبڕیوە و ئۆپۆزسیۆن بوونی رانگەیاندووە.
ئەگەرچی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەربارەی كۆمەڵ جەختدەكاتەوە كە كۆمەڵ خاوەنی كورسی و دەنگی خۆیانن لە هەڵبژاردنەكان و پارتی بایەخ بە گرنگی پەیوەندی لەگەڵیدا دەدات، بەڵام دەڵێت:" " من ئومێدەوارم دیدارێك لەنێوان بەڕێز سەرۆك بارزانی و بەڕێز مامۆستا علی باپیر ڕێك بخرێت، ئیتر دوای ئەوە هەموو شتەكان ئاسان دەبێت".


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand