Draw Media

ئاسایش رێگەنادات نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك بكرێتەوە

ئاسایش رێگەنادات نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك بكرێتەوە

2019-01-28 10:47:26


 (درەو میدیا):
 هێزە ئەمنییەكان پێشێلكاری بەرامبەر بە چوار تیمی كەناڵی ئێن ئاڕتی دەكرێت و ئۆفیسی كەناڵەكەش لە دهۆك دادەخەن، كە ئەوەش پێشێلكارییە بەرامبەر بە ئازادی رۆژنامەگەری و پێچەوانەی یاسای كاری رۆژنامەگەرییە.
 شوان عادل بەڕێوەبەری كەناڵی ئێن ئاڕتی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: لە كاتژمێر 5:45 ئێوارەی دوێنێوە ئۆفیسی دهۆكی ئێن ئاڕتی داخراوە لەلایەن ئاسایشی ئەو شارەوەو كارمەندەكانی كەناڵەكە بە زۆر ڕەوانەی ماڵەوە كرانەوە و دەست بەسەر سەرجەم كەلوپەلەكانیاندا گیرا، دواتر بێوار حیلمی بەرپرسی نوسینگەكە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرك لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوەو دەستبەسەركرا.
بەرێوەبەری كەناڵی ئێن ئاڕتی ئاماژەی بەوەشكرد،هەموو تیمەكانی ئێن ئاڕتی كە ژمارەیان چوار تیمە لە بادینان دەستگیركراون و دواتر ئازادكراون و پێشێلكاری بەرامبەر بە 7 رۆژنامەنوس و تیمی ئێن ئارتی كراوە. 
شوان عادل ئاشکراشیکرد هەرچەند بڕیار بوو كە ئەمڕۆ ئۆفیسی ئین ئاڕتی بكرێتەوە بەڵام ئاسایش رێگەنادات بكرێتەوە.
  لەلایەن خۆشیەوە سەنتری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت " چالاكی مەدەنی ئاشتیخوازانە قەدەغە مەكەن تا سەرنەكێشی بۆ توندوتیژی" 
 سەنتەری میترۆ رونیكردوەتەوە " رۆژی یەكشەممە هێزە ئەمنییەكانی شاری دهۆك دەستیانگرت بەسەر نوسینگەی NRT لەو شارە و كارمەندەكانیان بەزۆر ڕەوانەی ماڵەوە كردەوە، دواتر بێوار حیلمی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆك لەلایەن ئاسایشەوە بانگكرا و بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دەستبەسەركرا، هەروەها رۆژێك بەر لە بڕیاری داخستنی ئۆفیسی كەناڵەكە، هێزە ئەمنییەكانی دهۆك هێرشیانكردوەتەسەر تیمی كەناڵەكە كە لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كە روماڵی گواستنەوەی هەواڵی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكانی شێلادزێی دەكرد،هەر ئەو رۆژە چوار تیمی‌ ئین ئاڕ تی‌ لە شێلادزێ و دهۆك لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەسبەسەركران‌و لەكاتی جیاجیادا ئازادكراون،رۆژی 27ی كانونی دوهەمیش لە ناو بازاڕی شاری سلێمانیش هێزێكی ئەمنی رێگری لە تیمێكی كەناڵی رۆژ تیڤی كرد كە ویتستیان سەبارەت خۆپیشاندانەكەی ناحیەی شیلادزێ، راپۆرتێك لەسەر بیروڕای هاوڵاتیان ئامادەبكەن"

 میترۆ نیگەرانیشە كە شەوی رابردوو زۆربەی كەناڵە ئاسمانییەكان باسیان لە هەواڵی داخستنی ئۆفیسی كەناڵی ئین ئارتی نەكرد‌و بەمەش سەلماندیان لانی كەمی پشتیوانی پیشیەیی لە نێوانیدا نییە.
داواش دەكات: 
1- هێزە ئەمنییەكان سەلامەتیی گیانی خۆپیشااندەران و رۆژنامەنوسان بپارێزێت‌و مافی خەڵك لە مقاومەتی مەدەنی دژ بە داگیركاری‌و ومافی رۆژنامەنوس لە روماڵكردنیدا زەوتنەكات.
2- هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی بە تۆمەتی "گیرەوشێوێن"ی دەسبەسەرن دەستبەجێ ئازاد بكرێن.
3- لایەنە بەرپرسەكانی دهۆك بە بێ مەرج و دەسبەجێ بڕیاری داخستنی ئۆفیسی كەناڵی ئین ئارتی هەڵبوەشێنێتەوە.
4- داوا لە كەناڵەكانی میدیا دەكەین بێ لایەن بن لەكاتی گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیان‌و نەبن بە بەشێك لەو رووداوانەی كە روماڵی دەكەن.
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand