Draw Media

شیلادزێ لە بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا

شیلادزێ لە بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا

2019-01-27 12:11:17


درەو میدیا: 
 لەسەر روداوەكەی شیلادزێ، حكومەتی عێراق باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات و هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتەو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لێپرسینەوە لە خۆپیشاندەران دەكات و بە گێرەشێوێن وەسفیاندەکات.
لەسەر خۆپیشاندانەكەی دوێنێی شیلادزێ كە هاوڵاتییەک شەهید بووەو 10 هاوڵاتی تریش برینداربوون لەبەرامبەر بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا كە 6 هاوڵاتی ناوچەكەی كردبووە قوربانی، هەریەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەیاننامەیان بەو بۆنەیەوە دەركرد. 
لە بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە" دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕووداوانەوە هەیە، بۆیە دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوەی لێدەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزا دەدەرێن" بەو پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری بانگهێشتكردنی كونسوڵی توركیا لە هەولێر، لێپرسینەوە لە هاوڵاتیان و خۆپیشاندەران دەكات و بە گێرە شێوێن دەیانداتە قەڵەم.
بەڵام لە بەیاننامەكەی حكومەتی عێراقدا بە پێچەوانەوە باڵێۆزی توركیا بانگهێشت دەكات و رایدەگەیەنێت" نیگەرانی خۆمان بۆ قوربانییەكان و زیانەكان دەردەبڕین، و وەزارەتی دەرەوە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت دەكات و یاداشتێكی ناڕەزایەتی دەربارەی رووداوەكە رادەست دەكات و داواش دەكات جارێكی تر دووبارە نەبێتەوە"
وێرای هۆشداریدانی حكومەتی عێراق بە توركیا بەوەی جارێكی تر ئەو روداوانە دووبارە نەبێتەوە، باڵیۆزی ئەو وڵاتە بانگهێشت دەكات و یاداشتی ناڕەزایی دەداتێ.
حكومەتی توركیا لە رێگەی ئاسمانەوە بۆردومانی گوندەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە ماوەی ساڵی رابردودا 18 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون و لە رێگەی بنكە سەربازیەكانیشەوە كە زیاتر لە 20 بنكەو بارەگای سەربازی و هەواڵگری هەیە تەقە لەهاوڵاتیان دەكات و شەهید و برینداریان دەكات 
بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە لە بەیاننامەكانیدا لەبری ئیدانەی كردەوەكانی توركیا پاساو دەهێنێتەوەو بەردەوام ئۆباڵەكەی دەخاتە ئەستۆی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستاندا. 
بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەربارەی رووداوەكەی شیلادزێ‌:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق تەقەكردنی هێزەكانی توركیا لە هاوڵاتیانمان لە ناحیەی شیلادزێ‌ و كۆمەڵكەی سیرێ‌ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك ئیدانەدەكات، كە كەسێك تێیدا بووە قوربانی و ژمارەیەك برینداریشی لێكەوتەوە و دواتر فڕۆكەكانی توركیا بە ئاستێكی زۆر نزم بە ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕانەوە و بووەنە مایەی ترساندنی هاوڵاتیان.
نیگەرانی خۆمان بۆ قوربانییەكان و زیانەكان دەردەبڕین، و وەزارەتی دەرەوە باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت دەكات و یاداشتێكی ناڕەزایەتی دەربارەی رووداوەكە رادەست دەكات و داواش دەكات جارێكی تر دووبارە نەبێتەوە.
سەروەری عێراق و ئاسایشی هاوڵاتییەكانی بە پلەی یەكەم لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەكانی حكومەتی عێراقدایە و جەختدەكەینەوە كە عێراق بەردەوام هەموو دەستدرێژییەك بۆسەر ئاسایش و سەروەریی عێراق و بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ دەستدرێژیكردنە سەر ئاسایش و سەلامەتی هەر وڵاتێكەی دراوسێ‌ ئیدانەدەكات.
نوسینگەی راگەیاندنی 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق
26-1-2019


ڕاگەیەندراوێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر روداوەكەی شیلادزێ:
نیگەرانی و دڵگرانیمان بۆ كەوتنەوەی زیانی گیانی و بریندار لە ڕووداوەكانی ئەمڕۆی ناوچەی شێلادزێ دەردەبڕین و وێڕای سەرەخۆشی، هاوسۆزی لەگەڵ كەسوكار و خانەوادەی قوربانیان دەردەبڕین.
دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕووداوانەوە هەیە، بۆیە دەزگا پەیوەندارەكان بە وردی لێكۆڵینەوەی لێدەكەن و هۆكارانی پشێوی و گێرەشێوێنان سزا دەدەرێن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان
26/1/2019
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand