ترەمپ هەڕەشەدەكات و مۆسكۆش هۆشداری دەدات
2018-04-09 13:27:43
ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیای لە شارۆچكەی دومای سوریا لەلایەن حكومەتی بەشار ئەسەدەوە دۆخی سوریای ئاڵۆزتركرد و لەسەر ئەو پرسە بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر دوو داواكاری كۆببێتەوە كە یەكێكیان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە پێشكەشكراوە ئەوی تریشیان لەلایەن روسیای نەیاریانەوە.
ئەگەری بەركاهێنانی چەكی كیمیای لە لایەن حكومەتی سوریاوە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانەكراو ئەمریكاش هەڕەشە دەكات و دەڵێت " رژێمەكەی ئەسەد باجەكەی دەدات" و مۆسكۆش هۆشداریدەدات لەسەر هەر كردەوەیەكی سەربازی دژی دیمەشق.
یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە دوما دەربڕی و داوای لە ئێران و روسیاكرد هەژمونی خۆیان بەسەر بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بەكاربهێنن بۆئەوەی چیتر هێرشی لەو جۆرە ئەنجامنەدرێت و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد دەستبەجێ وەڵامی بۆ ئەوە هەبێت.
سەرۆكی ئەمریكا بەشار ئەسەد بە " ئاژەڵ" وەسفدەكات
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو هێرشەی حكومەتی سوریا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتەرەكەیەوە هەڕەشەی لە بەشار ئەسەد كرد و وتی " باجێك قورسی " ئەو هێرشە دەدات.
ترەمپ نوسیوێتی " ژمارەیەكی زۆر كە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن لە سوریا لە هێرشێكی كوێرانەی كیمیاییدامردن" ترەمپ دەشڵێت " سەرۆك پۆتن.. روسیا و ئێران. بەرپرسن لە پشتیوانیكردنی ئەسەدی ئاژەڵ، باجێكی قورس دەدرێت."
ساڵی رابردووش ئەمریكا دوای بەكارهێنانی غازی سارین لە باكوری خۆرئاوی سوریا لەلایەن حكومەتی سوریاوە بە موشەكی كروز هێرشیكردە سەر بنكەیەكی ئاسمانی سوریا و یەكێك لە گەورە راوێژكارانی دۆناڵد ترەمپش هێرشێكی تری لەو شێوەیە بەدووردانانێت.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " ABC " تۆماس پۆسرەت وتی :" هیچ شتێك بە دوور نازانم"، وتیشی :" ئێمە لەماكاتەدا لە هێرشێكی لەو شێوەیە دەكۆڵینەوە."
فەرەنسا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەكات
لایخۆشیەوە جان ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتی پاریس لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لێكۆڵنەوە لە هەواڵی بەكارهێنانی چەكی كیمیای دەكەن و داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد كۆبوونەوەیەكی بەپەلە سەبارەت بەو دۆخە گرێبدات.
لۆدریان وتیشی پارس بە توندی هێرش و بۆردومانی شارۆچكەی دوما بە چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی سوریاوە ئیدانەدەكات و ئەو كارە پێشێلكارییەكی مەترسیداری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.
چەند سەرچاوەیەكەی دیپلۆماتی رایانگەیاند لەسەر داوای فەرەنسا و هەشت وڵاتی تر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبونەوەیەكی بەپەلە بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكەی شارۆچكەی دوما سازدەكات و تیمی بەریتانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە تویتێكدا رایگەیاند " بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریكا و پۆڵەندا و هۆڵەندا و سوید و كوەیت و پیرۆ و كۆتدیڤوار داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایش كردووە بەپەلە كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكەی سەر دۆما.
دیمەشق رەتیدەكاتەوە و مۆسكۆ هۆشداری دەدات
لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " دەنگۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی قەوانێكی بێزاركەرە بڕوا پێكەر نییە تەنها لەلای چەند دەوڵەتێك نەبێت كە بازرگانی دەكەن بۆ خوێنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پشتگیری لە تیرۆر دەكەن لە سوریا."
وەزارەتی دەرەوەی روسیاش هۆشداریدا لە ئەنجامدانی هەر كردەوەیەكەی سەربازی دژی روسیا بە پاساوی " دروستكرا و هەڵبەستراو" و رایگەیاند ئەو هەنگاوە دەرەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە.
وەزارەتی دەرەوە روسیا تۆمەتی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە دوما لە غوتەی خۆرهەڵات بە ئیستیفزازی وەسفكرد و ئاماژەیبەوەشدا " ئامانج لەو دەنگۆیانە پەردەپۆشكردنی تیرۆریستان و ئۆپۆزسیۆنی رادیكاڵی سوریایە كە چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی سوریا رەتدەكاتەوە."
هاوكات روسیاش داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد كۆبونەوەیەكی تر سازبكات و وتەبێژی وەفدی روسیا لە نیویۆرك فیۆدۆر ستریگۆڤسكی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانی هەواڵەكانی سوریا رایگەیاند ئەو كۆبوونەوەیەی كە بە دەستپێشخەری مۆسكۆ دەبەسترێت تایبەت دەكرێت بەو هەڕەشانەی كە رووبەڕووی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەبنەوە."