بەغداد موچەی فەرمانبەران دەنێرێت ؟
2019-01-25 19:24:36
راپۆرتی: درەو میدیا
بەشێك لە شارەزایان و پەرلەمانتاران پێیان وایە یاسای بودجەی عێراق لە سودی هەرێم نیەو بەشێكی دیكەشیان دەڵێن موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەران گرەنتی كراوەو لانی كەم مانگانە 522 ملیار دینار رەوانەی هرەێم دەكرێت، موچە خۆرانیش دوو دڵن لەوەی ئایا حكومەتی بەغداد ئەو بڕە پارەیە دەنێرێت تا پاشەكەوتی موچەی پێ هەڵوەشێتەوە یاخود نا؟ بەڵام وەزیری دارایی عێراق كە لە پشكی پارتیە، ئەڵێت بەغداد پابەندە بە یاسای بودجەوەو گرنتی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە كراوەو سەرۆك كۆماریش ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە دەدات.
پەرلەمان چی پەسەندكرد؟
شەوی 23/1/2019 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراقی پەسەند كرد، لە بڕگەی ج مادەی 10 ی یاسایكە ئاماژە بەوە كراوە كە " ئەگەر هەرێمی كوردستان پەیوەست نەبێت بە رادەستكردنی 25 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەوە، ئەوا حكومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە".
پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراق ( 10 ترلیۆن و 800 ملیار )دینار دیاریكرا، كە تیایدا پشكی موچەی فەرمانبەران مانگانە بە ( 454 ملیار ) دینار دیاریكراوە لە كۆی ( 5 ترلیۆن و 448 ملیار) دینار كە بۆ ساڵەكە دیاریكراوە، لەگەڵ بڕی ( 68 میار ) دینار پشكی پێشمەرگە، بەشێك لە پەرلەمانتاران ئاماژە بەوەش دەكەن (125 ملیار ) دیناریش بۆچاودێری كۆمەڵایەتی دیاریكراوە كە كۆی ئەو پارەیە لە بەغداوە بۆ هەرێم دەنێردرێت كەكاتە( 647 ملیار) دینار، كە ئەوەش لەگەڵ داهاتەكانی دیكەی هەرێم بەتەواوی بەشی كۆی موچەی فەرمانبەران و خەرجیەكانی دیكەش دەكات.
یاساكە لە قازانجی هەرێم نیە!
بەشێك لە پەرلەمانتاران شارەزایانی دارایی پێیان وایە یاساكە لە بەرژەوەندی هەرێم و موچەخۆران نیە، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 بەهەوڵی پەرلەمانتارانی كورد زیادكراوە و كەمكراوەتەوە بەبەراورد بە بودجەی 2018ی عێراق تەنها 3 وشەیە! ئەوانیش لە (مادەی 10 بڕگەی دووەم خاڵی ب ، ج)ە. بەمەش كێشەی هەرێم و بەغدا چارەسەر نەبووەو نابێ و بوجەی هەرێم بەو شێوە ناگەڕێتەوە"
بەڵام ئەوەی رونتر جەختی لەسەر زیانەكانی یاسای بودجەی عێراق كردەوە بۆ هەرێم، فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق بوو، كە رایگەیاد: هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات یان رادەستی نەكات ئەو یاسایە لە زیانی هەرێمی كوردستانەو لە قازانجی حكومەتی بەغدادیەو نە 522 ملیار دینارەكە راستە نە 648 ملیار دینارەكە راستە"
فازڵ نەبی رونتری كردۆتەوە كە " ئەگەر هەرێم 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست نەكات، بەغداد پارەی ئەو نەوتە لە كۆی پشكی هەرێم دەبڕێت، پاشان ئەوەی ماوە دەیداتە هەرێم كە ئەوەش لە باشترین حاڵەتدا لە نێوان 320 ملیار دینار یان ئەگەر حكومەتی عێراق زۆر هاوكاری هەرێم بكات ئینجا ناگاتە 400 ملیار دیناری مانگانە"
هەموو ساڵێك لە ساتی پەسەندكردنی بودجەدا هەڵایەكی ئیعلامی گەورە درووست دەكرێت و ئومێدی گەورە بە موچەخۆرانی هەرێم دەدرێت، بەڵام دواتر پرسەكە بە شێوەیەكی دیكە دەكەوێتەوە.
یاساكە لە قازانجی هەرێمە!
ئەوەی پەیوەستە بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراقەوە وەزیری داراییە، لەو بارەیەشەوە فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق لە داڤۆسەوە رایگەیاند" موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەدەرەوەی پرسی نەوتەو گرنتی كراوە،پرسی یاسای بودجە تەواو بووەو حكومەتی عێراق پابەندە بە جێبەجێكردنیەوەو جێبەجێشی دەكات"
لەبەرامبەردا هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە نوسینێكدا لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ئەوەی بڵێ یاساكە باش نیە یەكسەر بزانن كە داكۆكی لە مەسەلەی نەناردنی نەوت دەكات و دەیەوێت موچە ئاسایی نەبێتەوە"
هاوكات بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق گەشبینە بە یاسای موچەو ئاماژەیەكیش بەوە دەكات كە پاشەكەوتی موچە نامێنێت و لە تویتێكدا رایگەیاندووە"پەسەندكردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە گرنگە بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وئاوەدانی عیراق، جێگیركردنی بەشە بودجەی هەرێم، بەتایبەتیش مووچەی فەرمانبەران وپێشمەرگە، كۆتاییهێنانە بە نەهامەتی پاشەكەوتی مووچە"
ئەو لێدوانەی سەرۆك كۆمار ئاماژەیەكە بەوەی ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت بەشی ئەوە دەكات كە پاشەكەوتی موچە كۆتایی پێبهێنرێت و زیاتر دەبێت لەو 317 ملیار دینارەی كە ئێستا رەوانە دەكرێت، هەروەك لە نوسینێكدا رێبوار كەریم مەحمود پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئێستا هەرێم نەوت نانێرێت و مانگانە (۳۱۷) ملیار دینار وەرئەگرن لەبەغداو دەڵێن خۆیان بڕێكی دەخەنەسەرو موچەی پاشەكەوتكراوی (۱۸_۳٠٪) پێدەدەن، ئەگەر هەرێم بۆ (۲٠۱۹) نەوت نەنێرێت، ئەوا ئەو (۳۱۷) ملیار دینارە دەبێ بە (٤٥٤ ملیار دینار) بۆ موچەی فەرمانبەران لەهەمو وەزارەتەكان. و هەروەها (٦۸ ملیار دینار) بۆ پێشمەرگە، واتە كۆی گشتی (٥۲۲ ملیار دینار) دێت، حكومەتی هەرێم هەرزوو وتی پێویستمان بە (۱٥٠) ملیار دیناری تری مانگانە هەیە لەسەرو (۳۱۷) ملیارەكە بۆ ئەوەی پاشەكەوتی موچە نەمێنێت، دە فەرمون ئەوە (۲٠٥) ملیار دیناری مانگانە زیادی كردوە. پاشەكەوتی پێهەڵبگرن و پاشەكەوتكراوەكەش بە قیست بدەنەوە"
ئەوەی جێگەی پرسارە نارونیە لەو بڕە پارەیەی كە بڕیارە لە بەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت كە ئایا كە ساڵانی پێشوو 317 ملیار دینار رەوانە دەكات یاخود بڕەكە زیاتر دەبێت، چونكە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم بڕی ( 725 ملیار ) دینار دەداتە موچەی فەرمانبەران بە پاشەكەوتووەو بە بێ پاشەكەوت پێویستی بە ( 897 ملیار) دینار هەیە واتا پێویستی بە ( 172 ملیار دینار)ی دیكە هەیە، خۆ ئەگەر حكومەتی عێراق بڕی ( 522 ملیار) دینار رەوانە بكات بۆ هەرێم، ئەوا بڕی ( 205 ملیار) دیناری زیاترە لە 317 ملیار دینارەی كە پێشتر رەوانەی دەكرد و بەتەواوی زیاترە لەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە.
زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بەغداد بڕە پارەیەك دەنێرێت كە بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێم بكات و هەرێم نەوتیش رادەست نەكات، چونكە ئەوە پەیوەستە بە رێكەوتنێكی پێشتر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كە لەم ساڵدا هەرێم خۆی نەوتەكەی بفرۆشێت تا قەرزەكانی پێبداتەوەو لە ساڵی داهاتوودا رێكەوتنی نەوتی بكەن، هەروەك فوئاد حسێن وەزیری درایی عێراق رایگەیاند" كە پرسی نەوت جیایە لە موچەی فەرمانبەران و پێویستی بە گفتوگۆ و رێكەوتنی جیا هەیە"