15 ساڵ دوای روخانی سەددام
2018-04-09 13:18:26
ئامادەكردنی/ فازل حەمەڕەفعەت
9ی نیسان.. یادی كەوتنی بەغداد و لەگەڵیشیدا كەوتنی رژێمەكەی سەددام حسێن دوای سێ هەفتە لە بۆردومانی ئاسمانی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
رۆژی 20 ئازاری 2003 هاوپەیمانان دەستیانكرد بە هێرشی سەربازی بۆسەر عێراق بە بەهانەی ئەوەی رژێمی عێراق دەستیكردووە بە گەشەدان بە چەكی كۆكوژی كیمیایی و ئەتۆمیی و بایۆلۆژیی، بەڵام دوای تەواوبونی جەنگ و كەوتنی سەددام هیچ یەكێك لەو جۆرە چەكانە نەدۆزرانەوە.
ئاگرەكە لە بەغداد
رۆژی 21 ئازار بەهۆی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانانەوە تەقینەوەیەكی گەورە بەغدادی هەژاند، ئەوە سەرەتای هەڵمەتی سەربازی بەرفراوانی هاوپەیمانان بوو كە میدیاكانی ئەمریكا ناویان لێنا "شۆك و تۆقاندن".
لە یەك رۆژدا فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا هەزارجار فڕینیان كرد و ژمارەیەكی زۆر موشەكی (كروز)یان خستەخوارەوە، ئەمە بەگوێرەی قسەی دەسەڵاتدارانی واشنتۆن.
رۆژی دواتر فڕۆكە جەنگییەكان هێرشی چڕیان كردەسەر شارەكانی بەسرە، كەركوك، موسڵ و دەوروبەری بەغدادی پایتەخت.
لە 25ی ئازاردا نزیكەی (4 هەزار) سەربازی هێزی دەریایی ئەمریكا (مارێنز) پەڕینەوە بۆ ناسریە، كە شارێگەیەكی گرنگە بە ئاڕاستەی بەغداد، سەرباری ئەوەی هێزە عێراقییەكان هەموو چەك و هێزی خۆیان بەكارهێنا، رۆژانی دواتر بەغداد و دەوروبەری بوون بە ئامانجی بۆردومانی فڕۆكەكان یەكێك لەو شوێنانەی بۆردومان كرا كۆمەڵگەی كۆشكی كۆماری بوو لەگەڵ ناوچەكانی نیشتەجێبون و پاسەوانی كۆماری كە بە بنەڕەتی دامەزرانی سوپای عێراق دادەنرێت.
ئەمریكییەكان گەیشتنە فڕۆكەخانە
31ی ئازار، تیپی سێ پیادەڕەوی ئەمریكا یەكەمین شەڕی لەدژی یەكەكانی پاسەوانی كۆماری ئەنجامدا لە نزیك شاری كەربەلا كە 110 كیلۆمەتر لە باشوری بەغدادەوە دوورە.
لە 2ی نیساندا ئەو تیپە سەربازییە رێگەی رۆشتنی بەرەو بەغداد كردەوە و رێگەی كەربەلای تێپەڕاند.
لە 4ی هەمان مانگدا ئەمریكییەكان دەستیان بەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سەددامدا گرت لە بەغداد، لەوكاتەدا كە فڕۆكەخانە گیرا، تەلەفزیۆنی حكومەتی عێراق دیمەنی سەردانی سەددام حسێنی بۆ یەكێكە لە گەڕەكەكانی بەغداد پەخش دەكرد.
"علوج"
7ی نیسان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر هێزەكانی ئەمریكا گەیشتنە ناوەڕاستی بەغداد و دەستیان بەسەر سیان لە كۆشكەكانی سەرۆكایەتیددا گرت.
بەڵام محەمەد سەعید سەحاف وەزیری راگەیاندنی رژێمی ئەمریكییەكانی بە "علوج" ناوبرد، ئەم دەستەواژەیە میدیاكارانی خستە پێكەنین، لەكاتێكدا سەربازانی ئەمریكا دەستیان بەسەر كۆشكەكانی سەرۆكایەتیدا دەگرت، سەحاف وتی" ئەوان ئێمەیان گەمارۆنەداوە، ئەوە ئێمەین كە ئەوانمان گەمارۆداوە".
كەوتنی پەیكەرەكە
9ی نیسان هێزەكانی ئەمریكا چونە ناو "شاری سەددام"ەوە كە ناوچەیەكی شیعەنیشن بوو لە باكوری خۆرهەڵاتی پایتەخت، هێزە عێراقییەكان لە بارەگاكانیان كشانەوە، تانك و ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەكانی ئەمریكا گەیشتنە ناوەڕاستی بەغداد و گۆڕەپانی فیردەوس لەبەردەم هۆتێل فەلەستین كە میدیاكارانی بیانی تێدا جێگیربوبون، پەیكەرە گەورەكەی سەدام كە لە برۆنز دروستكرابوو شكێندرا و ژمارەیەك لە هاوڵاتی عێراقیی كە لە شوێنەكە ئامادەبوون بە قاچەكانیان چونەسەر پەیكەرەكە.
هێشتا خەڵك ترسیان هەبوو لە گەڕانەوەی سەددام بۆ دەسەڵات وەكو ئەوەی دوای جەنگی كەنداو لە ساڵی 1991 رویدا، كە سەددام راپەرینی شیعەكانی لە باشوور سەركوتكرد، هێزەكانی ئەمریكا چاوپۆشییان كرد لە دزی و تاڵانی، ئەمە دواتر وڵاتی خستە ناو گێژاوی ئاژاوەیەكی گەورەوە.
لە دوو رۆژی دواتردا، كەركوك و موسڵ كەوتن بەبێ هیچ بەرەنگارییەكی ئەوتۆی هێزەكانی رژێم، لەم دوو شارە هێزەكانی پێشمەرگە هاوكاری گەورەی ئەمریكا و هاوپەیمانییان كرد، بەڵام تكریت (180 كلم باكوری بەغداد) كە شوێنی لەدایكبونی سەددامە، لە 14ی نیساندا كۆنترۆڵكرا.
گرتنی سەددام
لە كانونی یەكەمدا هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەیەكی نزیك تكریت سەددام حسێنیان دەستگیركرد و لە كۆتایی 2006 دا لە سێدارە درا.
زیانەكان
لەو شەڕەدا (139) سەربازی ئەمریكی و (33) سەربازی بەریتانی كوژران، ئەمە بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگری هەردوو وڵات، لە بەرامبەردا بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی (ئیراكبادی كاونت) كە رێكخراوێكی ناحكومییە، زیاتر لە (7 هەزار و 300) هاوڵاتی مەدەنی عێراقی كوژران.
دوای سەددام
دوای كەوتنی سەددام، ئەمریكییەكان حاكمێكی مەدەنییان بۆ عێراق دانا بەناوی (پۆڵ بریمر)، 15ی تشرینی یەكەمی 2005 دەستورێكی نوێ بۆ عێراق خرایە راپرسی و پەسەندكرا، دواتر شەڕێكی خوێناوی تائیفی رویدا و لەو شەڕەدا هەزاران كەس كوژران.
عێراقی نوێ وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا بەرەو دیموكراسی هەنگاوی نەنا، سەرباری ئەوەی لەدوای روخانی سەددامەوە بەردەوام پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام دۆخی هێشتا دابەشبوونی تائیفی باڵی بەسەر وڵاتدا كێشاوە.