وەهمی تەوافوق و زەمینەی زۆرینەی سیاسی لە عێراق
2018-04-09 12:19:28
راپۆرتی شیكاری تایبەت بە درەو / ئارام مەحمود
بەشی یەكەم
سازان و هاوبەشیی سیاسی (تەوافوق و شەراكەت) لەبنەمادا ئالیەتێكی گرنگ و كاریگەرە بۆ ئیدارەدانی قۆناغی ڕاگوزەر و زەمینەسازی بۆ دۆخێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەقامگیرتر، ئەمە وەك پردی پەڕینەوە و تێپەڕاندنی قۆناغێكی مێژویی بۆ ئەو ئەزمونانەی دوچاری قەیرانی سیاسی و ئاڵۆزی ئەمنی و پشێوی كۆمەڵایەتی دەبن لەسنوری جوگرافی نەتەوە و پێكهاتەیەكی دیاریكراودا، بەڵام بۆ جوگرافیایەك كە نەتەوە و ئیتن و ئاینی جیاوازی كۆكردبێتەوە، تەوافوق و شەراكەتی سیاسی دەكرێت ببێتە بنەمایەكی سەرەكی بۆ بەشداری ڕەنگە جیاوازەكان لەناوەندی بڕیاڕی سیاسی و دەستنیشانكردنی شێوازی ئیدارەدان و پێكەوە ژیان و چەسپاندنی بنەماكانی هاوڵاتیبون، عێراقی دوای سەدام یەكێكە لەو ئەزمونە سیاسیانەی لەدیمەنە گشتیەیەكەیدا هەڵگری ئەم چەمكەیە.
تەوافوق و شەراكەتی سیاسی لەعێراقی نوێ، لەڕواڵەتدا جۆرێك لەهاوبەشیی سیاسی بۆ پێكهاتەكان مسۆگەركرد (شیعە و كورد و سونە) لەڕەحمی ئەم پرنسیپەوە جەستەیەكی مەعنەوی لەدایكبو بەناوی پرۆسەی سیاسی، بەڵام لەسەر زەمینی واقیع ئەم مۆدیلە لەدیموكراسی و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان لەپێكهاتنێكی حزبی ڕووت بۆ دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازات بەناوی بەشداری پێكهاتە جیاوازەكان لەبڕیاڕی سیاسی بەولاوە شتێكی تر نەبو.
سیستمی تەوافوقی سیاسی كە ئەمڕۆ ئۆباڵی زۆربەی كێشەكانی دەخرێتە پاڵ و كۆی كارەساتەكانی عێراق بۆ پیادەكردنی ئەم بنەمایە دەگێڕێتەوە، بەر لەوەی شكستی پرۆسەیەك بێت وەك سیستمی ئیدارەدان، شكستی ئەو سیاسیانەیە كە لەبەرگی ڕاستەقینەی خۆی دایانماڵی و پڕاوپڕی بەرگی خۆیان دورییان، لەواقیعدا ناشیرینكردنی ئەم مۆدیلە سیاسیە و لكاندنی ناوی پشكێنەی تائیفی پێوەی، لەسڕینی دەستی چەور و خۆ دزینەوەی نوخبەی فەرمانڕەوا لەبەرپرسیارێتی شتێكی تر نیە، تاكە ڕاستی لەم بابەتەدا ئەوەیە تەنها پۆست و ئیمتیازاتەكان لەژێر ناوی نەتەوەو تائیفەدا وەرگیراون و بەشكراون، دەنا لەسەر زەمینی واقیع تاكە بەهرەمەندی ئەم دەستكەوتانە حزبە هەژموندارەكان بون و لەناو ئەوانیشدا گروپ و دەستەی دیاریكراو پشكی شێریان بردوە، بۆیە دادوەرترین ناو كە شایستەی ئەم شێوازەبێت لەتەوافوق و شەراكەت، تەوافوقی حزبیە نەك پێكهاتنی نەتەوە وتائیفەكان.
ئەگەر دۆزی كورد وەك نمونە وەربگرین، بەدرێژایی ململانێكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، كێشەی مافە نەتەوەییەكان و خاك و بەشداری ڕاستەقینەی لەبڕیاڕی سیاسی هەبوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لەدوای 2003وە، چەندین پۆستی هەستیاری لەدەوڵەتی عێراق گرتۆتەدەست و یەكێك بوە لەیاریزانە سەرەكییەكانی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ، ئەمڕۆ و دوای 15 ساڵ جگە لەچارەسەرنەكردنی ئەوكێشانە دەیان كێشەی كەڵەكەبوی تریش هاتونەتە سەر كێشەكانی، بەجۆرێك لەئێستادا خەون و خەمی گەورەی خەڵكی كوردستان لەنەتەوەو خاك و بەشداریی سیاسیەوە بچوكبۆتەوە بۆ دابینكردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران كە سادەترین مافە لەبەرامبەر ئەركێكدا ئەدائی دەكات، كرێی كارێكە بێ چەندوچون و زەوتكردن و منەتكاری دەبێت وەریبگرێت.
لەواقیعدا شەراكەتی سیاسی لەعێراق نەكرایە پایەی چەسپاندنی ئینساف و دادگەری و قەرەبوكردنەوەی مەزڵمویەت لەڕێی بەشداری پێكهاتەكان لە دروستكردنی بڕیاڕی سیاسی، بەڵكو بوە ئالیەتی بردنی زۆرترین پشك و ئیمتیازات بۆ هێزە خاوەن هەژمونەكان لەناو هەر یەكێك لە پێكهاتەكانشیدا، ئەمەش دوبارەكردنەوەی هەمان ئەزمونی ڕابردو بو لەپەراوێزخستنی سیاسی و سیاسەتی تەریكخستن لەبەرگێكی تردا و لوشدانی تەواوی پۆست و جومگە هەستیارەكانی دەوڵەت لەلایەن هەندێك هێزی دیاریكراو بەناوی تەوافوق و بەركەوتی نەتەوەیی، یان ئەوەی ناوی لێنراوە پشكێنەی تائیفی.
بەپێی هەندێك ئاماری ناڕەسمی نزیكەی 10 هەزار پۆستی باڵاو پلە تایبەت لەعێراق هەن، لەو ڕێژەیەش سەرو نیوەی پۆستەكان بەتەنها لەدەستی حزبی دەعوەدایە كە یەكێكە لەحزبە هەژموندارەكانی ماڵی شیعی و لە 2006وە لەلوتكەی دەسەڵاتی جێبكردندایە، ئەمەش بەڵگەیەكی ڕونە كەئەو سیستمە سیاسیەی لەعێراق ناوی نرا تەوافوق نەك سازان و شەراكەتی بۆ پێكهاتە جیاوازەكان پێنەبو، بەڵكو لەنێو هێزەكانی پێكهاتەكی دیاریكراویشدا بنەماكانی نەچەسپین.، بۆ كورد و سوننەش بەوشێوەیە بو، كۆی ئەو پۆستانەی وەك ئیستحقاق و بەركەوتی نەتەوەیی و تائیفی وەرگیران، بون بەموڵكی چەند هێزێكی دیاریكراو.
لوتكەی تەوافوق و هاوبەشی سیاسیی لەعێراق بەشێوەیەكی گشتی خۆی لە دابەشكردنی پۆستی سێ سەرۆكایەتیەكەدا دەبینێتەوە، كە ئەوانیش سەرۆكی كۆمار كە سێ خولە پشكی كوردە و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كە بەركەوتی پێكهاتەی شیعەیە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە پشكی سوننەكانە، بەپێی سیستمی تەواوفوق و شەراكەتی سیاسی هەریەك لەم پۆستانە لەڕواڵەتدا ئیستحقاقی پێكهاتەیەكی دیاریكراون، لەسەر زەمینی واقیعیش هەریەك لەم پۆستەتانە جارێكی تر بونەتەوە ئیستحقاق و موڵكی لایەنێكی دیاریكراو، ئەگەر سەرۆكایەتی كۆمار بەنمونە وەربگرین، پۆست و ئیمتیازاتەكان لەم دامەزراوە باڵایەی دەوڵەت بەتەنها تواناكانی لەپێكهاتەكانی تر بێبەشنەكردوە بەڵكو بۆ خودی كەسێكیش كە لەپێكهاتەی كوردبێت مەحاڵە ئەگەر لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان نەبوبێت نەك بگاتە پۆستی سەرۆك كۆمار بەڵكو بواری ئەوە بڕەخسێنرێت وەك فەرمانبەریش كاری تیادابكات، لەكاتێكدا ئەو پۆستە لەسەر كورد وەك نەتەوە كراوە بەماڵ، وردتر لەمانەش زۆرینەی ئەو پۆستانەی كە وەك بەركەوتی نەتەوەیی بەر حزبەكان كەوتون وەك دەستكەوت و ئیمتیازی حزبی مامەڵە كراون، زۆرجار لەناو حزبیشدا دراون بە كۆمەلێك كەسی دیاریكراو كە پێوەری سەرەكی خزمخزمێنەو و وەلائی حیزبی و شەخسی بوە نەك پسپۆڕی و لێهاتوی و ئەزمون، ئەم ستایلە لەئیدارەدان لەحاڵەت دەرچوە و بۆتە دیاردە و بۆ تەواوی پۆست و هێز و لایەنەكانی تریش دروستە.
ئەو ڕەدەڵ و بەدەڵە حزبیە لەگەڵ پۆست و تواناكانی دەوڵەت كرا بەناوی تەوافوقەوە، لەواقیعدا دورو نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە تەوافوق وەك سیستم و شێوازێك لەپیادەكردنی دیموكراسی نەبوەو تەوافوقی وەك سیستمی بەڕێوەبەردن لەتەواوی مەعناكانی بەتاڵكردۆتەوەو دەوڵەتیشی لەمەفهومە گشتیە مەدەنیەكەی داماڵیوە كە پاراستن و پارێزگاریكردن لەمافی ئەندامەكانی كۆمەڵگا بەدەر لەئینتمای نەتەوەیی و ئاینی و فیكری بەشێكی سەرەكی وەزیفەكەیەتی.
لەبنەمادا ئامانج لەخولقاندنی دیموكراسی تەوافوقی، چنین و داڕشتنی جۆرێكە لەپەیوەندیی سیاسی لەناو هێز و لایەنە ناكۆكەكان و بیركردنەوە جیاوازەكان كەلەدەرەنجامدا بێتەمایەی ئیدارەدانی دەوڵەت لەڕێی كۆكردنەوەی زۆرترین ئیجماعی نیشتمانی و سیاسی و كۆمەڵایەتی لەدەوری خۆی، سەركەوتنی شەراكەت و سازانی سیاسی پەیوەستبونێكی گەورەی هەیە بە تەوزیفنەكردنی ئایدۆلۆجیا و زەقنەكردنەوەی ململانێی تایفی و دینی و نەتەوەییەكان، هەروەك كاڵكردنەوەی ترس لەسڕینەوەو پەراوێزخستنی سیاسی ئەو پێكهاتانەی كە لەڕوی نفوزی سیاسی و مرۆییەوە توانای بەرگرییان نیە، لەبری ئەوە دەرفەتی ئامادەبونیان لەدەسەڵات و دروستكردنی بڕیاڕی سیاسی بۆ بڕەحسێت، بەڵام پرسیارەكەدا لێرەدا ئەوەیە، ئەم بنەمایانە تاچەند لەوسیستمە سیاسیەی ناوی تەوافوقە لەعێراق جێكراوەتەوە؟.
ئەو تەوافوقەی لەعێراق پیادەكراوە بەدەر لەڕێكەوتن و پێكهاتنێكی حزبی لەسەر دابەشكردنی ئەوەی پێیدەوترێت كێكی دەسەڵات، نەیتوانی لانی كەمی ئەم بنەمایانە بچەسپێنێت لەوەش كارەساتر شكستیهێنا لەدروستكردنی متمانە لەناو خودی ئەو هێزانە خۆشیان كە عەرابی ئەم پرۆسەیە بون، چی جای دروستكردنی پردی پەیوەندی و شۆڕكردنەوەی بنەماكانی یەكتر قبوڵكردن بۆ چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا.
تەوافوق لەعێراق تا ئەو شوێنە چەتربو كۆمەلێك هێزو دونیابینی جیاوازی لەپرۆسەیەكدا كۆكردەوە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، ئامانجی سەرەكی لێی پیشاندانی وێنەیەكی جیاوازبو لەعێراق ڕابردو نەك بەرهەمهێنانی دونیایەكی جیاوازتر، دوای ئەزمونێك لەحوكمڕانی، لەبری قوڵبونەوەو ڕەگ داكوتانی زیاتری بنەماكانی ئەم چەمكە لەدیموكراسی و چەسپاندنی پایەكانی، پەرتبونی زیاتر و تۆخبونەوەی ململانێ و ناكۆكیی سیاسی زیاتر و قوڵتری بەرهەمهێنا، لەنێوان پێكهاتەكان لەلایەك و لایەنەكانی ناو هەر یەكێك لەم پێكهاتانەش لەلاكەی تر، لەوەش زیاتر توندبونەوەی ململانێ لەناوخۆی هێزەكان خولقاند، چونكە لەبنەمادا ئەم هێزانە نەك هەر بڕوایان بەدیموكراسی نەبو بەڵكو كەڵكەڵەی پەراوێزخستن و قۆڵبادانی بەرامبەرشیان تێنەپەڕاندو تائەوشوێنە تەوافوقیشان قبوڵبو كە بۆیان بوە پەیژەی گەیشتن بەدەسەڵات.
هاوسەنگی پێكهاتەكان لەناو دامەزراوە جیاكانی دەوڵەتی عێراق كە بنەمایەكی گرنگ بو بۆ جێگیركردنی هاوبەشیی سیاسی، هەر زوو پێشێلكرا و لەبری ئەوە زەوتكردن جێگەی گرتەوە، بۆنمونە كورد وەك پێكهاتەیەكی گرنگی بەشدار لەپرۆسەی سیاسی ڕێژەیی ئامادەگی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەكۆی 328 كورسی، 62 كورسی هەیە بە 3 كورسی كۆتاكانەوە خاوەنی 65 كورسیە كە دەكاتە 19.5%ە، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا ڕێژەیی ئامادەبونی لەناو دەسەڵاتی تەنفیزی لەنیوەی ئەو ڕێژەیە لاینەداوەو لەئێستادا ڕێژكەش زۆر لەخوار ئەوەوەیە یان لەجومگەیەكی هەستیاری وەك سوپای عێراق كە پێویست بو بكرێتە سوپای هەمو عێراقیەك، لەسەردەمی زێڕینیدا لە 5% تێنەپەڕاندوەو لەئێستاشدا ئەو ڕێژەیە لەخواری 1% یەكەوە.
جگە لەوەش لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا زۆربەی ئەو پۆستانەی لەدەستی كوردابون و بەرپرسەكانیان خانەنشین كراون یان دورخراونەتەوە نەدراونەتەوە بەكورد و بەكەسانی غەیرە كورد پڕكراونەتەوە، كورد لەم وێنەیەدا وەك قوربانی دەردەكەوێت، بەردەوام تەوافوق و ئیجماعی سیاسیشی وەك قەڵغانێك بۆ پاراستنی مافەكانی خۆی زانیوە و ئێستاشی لەسەربێت بەتۆخی بەرگری لەبنەمای تەوافوق و سازان دەكات لەعێراق، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە كاتێك خۆی دەبێت بەزۆرینە، بەزەقی ئەم بنەمایە پێشێلدەكات و ئیجماع لەبەرچاوناگرێت.
لەسەروبەندی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا لایەنە كوردییەكان لەكەركوك چی لەمەسەلەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و چی لەبڕیاڕی بەشداریپێكردنی شارەكە لە پرۆسەی ڕیفراندۆم هیچ حسابێكیان بۆ پێكهاتەكانی نەكرد و بڕیارەكانیان بەزۆرینەو كەمینە لەئەنجومەنی پارێزگا و كۆبونەوە حزبیەكان یەكلاكردەوە، بەغداش هەروایكرد، وێڕایی ئەوەی بەهێز كێشەكانی یەكلاكردەوە وپشكۆی ململانێ نەتەوەیی و تائیفیەكانی بۆ ماوەیەكی درێژتر گەشاندەوە، پرسی بودجە و قوتی خەڵكی كوردستانیشی خستە بازاڕی زۆرینەو كەمینەو لەسەر بنەمای دۆڕاو و براوە بڕیاری لەبارەوەدا.
هەمو ئەمانە بەڵگەی ڕونن لەسەر ئەوەی بنەمای تەوافوق و شەراكەتی سیاسی لەعێراق بەو شێوازەشی كە پیادەكراوە كۆتایهاتوە و تەنها مەرگی ڕانەگەیەندراوە ئەگینا لەسەر زەمینی واقیع وەلانراوە و كاری پێناكرێت، ئەوە وێڕایی ئەوەی لەحەقیقەتدا ئەم مۆدیلە لەدیموكراسی بەمەعنا ڕاستەقینەكەی بونی نەبوە و هەرچی لەژێر ئەو ناوەشدا كراوە بوهتانێكی سیاسی ڕوت بوە.