سروە عەبدولواحید دەبێتە ئەندامی دەستەی سیاسی هاوپەیمانی ئیسڵاح
2019-01-22 07:59:48
درەو میدیا:
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ درەو میدیا سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، من ئێستا ئەندامی دەستەی سیاسی هاوپەیمانی ئیسڵاحم و لە كۆبونەوەی دوێنێی دەستەی سیاسی هاوپەیمانێتییەكەدا بەشداربووین.
دەستەی سیاسی هاوپەیمانی ئیسڵاح پێكهاتووە لە ( ئەیاد عەلاوی ، عەمار حەكیم ، حەیدەر عەبادی، ئوسامە نوجێفی، موقتەدا سەدر) سروە عەبدولواحید نوێنەری نەوەی نوێیە لە دەستەی سیاسی ئەوهاوپەیمانێتیە، كە هەفتەی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوێنەری ئەو هاوپەیمانێتیە لە سلێمانی، شاسوار عەبدولواحید چونی نەوەی نوێی بۆ ناو ئەو هاوپەیمانێتیە راگەیاند.
سەبارەت بە ئامانجی هاوپەیمانێتیەكەش سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو هاوپەیمانێتیە دەیەوێت هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە بۆناو داماودەستگاكانی دەوڵەت لە هەموو ئاستەكانداو بوونی كوردیشی لەو هاوپەیمانێتیە بە گرنگزانی، بەوەی ئاگاداری هەڵوێست و بیركردنەوەی ئەوان دەبێت بۆ تەواوی پرسە سیاسیەكان لە عێراقدا.
سەبارەت بە نەبوونی یەكێتی و پارتی و هێزەكانی دیكەی كورد لەو هاوپەیمانێتیە، سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەوان بەشداری هیچ هاوپەیمانێتیەك ناكەن كە یەكێتی و پارتی تێدا بێت، دەشڵێت یەكێتی و پارتی لە هاوپەیمانێتی بینان كە لە هادی عامری و نوری مالكی و قەیس خەز عەلی پێكهاتووە.
جەختیش دەكاتەوە كە لە كۆبونەوەی دوێنی دەستەكەدا پێیانی راگەیاندووە كە پەیوەست نابن بە هیچ هاوپەیمانێتی و رێكەوتنێكەوە لەگەڵ یەكێتی و پارتی، ئەوانیش پێیان وتووە كە رێز لە هەڵوێستەكەتان دەگرین.