Draw Media

وەفدێكی پارتی و یەكێتی بۆ پرسی كەركوك دەچێتە بەغدا

وەفدێكی پارتی و یەكێتی بۆ پرسی كەركوك دەچێتە بەغدا

2019-01-19 17:44:50


 ( درەو میدیا):
پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی پارێزگای كەركوك، لەسەر سێ‌ خاڵ رێككەوتوون و بۆ تاوتوێكردنی دۆخی پارێزگاكە و چارەسەركردنی كێشەكانی بە وەفدێكی هاوبەش سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە.
بە گوێرەی چەند زانیارییەك، ئەمڕۆ شەممە لیژنەی پارتی و یەكێتی تایبەت بە كەركوك یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە و دەربارەی ئاساییكردنەوەی كەركوك گەیشتونەتە لێتێگەیشتن و لەسەر سێ‌ خاڵ رێككەوتون.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی عێراقی بڵاویانكردوەتەوە، لیژنەكەی پارتی و یەكێتی تایبەت بە كەركوك بە سەرۆكایەتی فاڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ئەندامێتی ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر كۆبوەتەوەو لیژنەكە بڕیاریداوە بە رەوانەكردنی وەفدێك بۆ بەغدای پایتەخت بۆ كۆبوونەوە لەگەاَ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك.
هەروەها وەفدەكە لە بەغدا داواشدەكات هەموو هێزە سەربازییەكان لە كەركوك بكرێنە دەرەوەو تەنها هێزە خۆجێیەكان بمێننەوە و لیژنەیەكی ئەمنیی لە حكومەتی ناوەند و هەرێم بۆ چاودێریكردنی دۆسیەی ئەمنیی كەركوك پێكبهێنرێت و پێشمەرگ و ئاسایش بەشداری بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی كەركوك بكەن.


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand