Draw Media

وەزیری نەوت لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد

وەزیری نەوت لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد

2018-04-09 10:15:34


وەزیری نەوتی عێراق لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان تۆماركرد و داوادەكات هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بۆ دەرەوە رابگرێت.
ئیاس سامۆك وتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی دادوەر مدحەت مەحمود و ئامادەبونی هەموو ئەندامانی كۆبوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا تەماشای داوایەكی كردووە كە وەزیری نەوتی فیدراڵی لەدژی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان پێشكەشی كردووە.
وتەبێژی دادگای فیدراڵ ئاماژە بەوەدەكات، سكاڵاكار كە وەزیری نەوتی عێراقە داوایكردووە حوكمێك دەربچێت بۆ راگرتنی هەناردەی نەوت بەشێوەی راستەخۆ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوە هەروەها ئەو پارانەی نەوتیش بگەڕێنرێتەوە كە پێشتر هەرێمی كوردستان فرۆشتویەتی، بەڵام دادگا بەمەبەستی پێدانی دەرفەتی یاسایی بە هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی بەڵگەكانیان بخەنەڕوو، بڕیاریداوە دانیشتنەكە بۆ رۆژی شەشی ئایاری داهاتوو دوابخات.
پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە بە نەوتی كەركوكەوە (600 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، بەڵام لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئێستا بەپێی خستنە رووی خشتەی مانگانەی كۆمپانیای (سۆمۆ)، لە مانگی سێ واتا ئازاری 2018 دا هەرێم بڕی (10 ملیۆن و 189 هەزارو 950) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە كە رۆژانە دەكاتە ( 328 هەزارو 708).
چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت یەكێكە لە بابەتە جێناكۆكەكان لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەماوەی رابردودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، حكومەتی عێراق ئەمە بە پێشێلكردنی دەستور دەزانێ و دەڵێت نەوت سامانێكی نیشتیمانییە و موڵكی هەموو عێراقییەكانە، بەو فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ، حكومەتی بەغداد پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی بڕی.
یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم رێككەوتنی بواری نەوت لەنێوان بەغداد و هەرێمی كوردستان نەبوونی یاسای تایبەت بە نەوت و غازە لە عێراق.
بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت، حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان چەندجارێك رێككەوتنیان كردووە بەڵام هیچ یەكێك لەو رێككەوتنانە نەچوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand