مەكگۆرك: بڕیاری كشانەوە لە سوریا هەڵەیەكی كوشندەبوو
2019-01-19 09:30:28
درەو میدیا:
برێت مەكگۆرك، نێردەی تایبەتی پێشوی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بە " هەڵەیەكی كوشندە" لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: "ترەمپ ئەو پێشنیازەی ئەردۆغانی وەرگرت كە توركیا شەڕی دژی دەوڵەتی داعش لەناو سوریادا دەكات"
برێت مەكگۆرك لەمیانی وتارێكدا رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی دەنوسێت" رۆژی 17ی مانگی رابردو مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە داوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ من و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە كرد،لە كاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، پۆمپیۆ پێی راگەیاندین كە گۆڕانكارییەكی كتوپڕ لە پلانەكاندا كراوە، سەرۆك ترەمپ، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا توركییەكەی، پلانی دانا بۆ ئەوەی سەركەوتن بەسەر داعشدا رابگەیەنیێت و هێزەكانمان راسپێرێت بۆ ئەوەی لە سوریا بكشێنەوە".
مەكگۆرك ئەوەشی خستۆتە روو" دوای بڕیارەكە راستەوخۆ گەڕامەوە بۆ واشنتن بۆ ئەوەی یارمەتیدەربم لە كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم بڕیارە، بەتایبەتی لای هاوبەشە هاوپەیمانەكانمان، كە پێشتر لە سەر بنچینەی رێنمایی كۆشكی سپی دڵنیامان كردبوونەوە كە ویستی ئەوەمان نیە بەم زووانە لە سوریا بكشێینەوە".
هەروەها دەڵێت، "دوای بڕیارەكە هاوبەشەكانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شێوان، هاوبەشە شەڕكەرەكانمان لە هەسەدە كە زۆرجار سەردانم دەكردن، توشی شۆك بوون و ئومێدەواربون كە ترەمپ بیرۆكەی خۆی بگۆڕێت، هەرچەندە ئەوان سوربونی خۆیان لە سەر شەڕی دژی داعشیش دوپاتكردەوە و لە كاتی ئەو بڕیارەشدا لە رۆژهەڵاتی سوریا لە پێشڕەویدا بوون".
برێت مەكگۆرك رونیشیكردەوە، زوو گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی كە ناتوانێت بەشێوەیەكی كاریگەر ئەم رێنماییە نوێیانە جێبەجێبكات و لە رۆژی 22ی كانونی یەكەمدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەشكردوە.
مەكگۆرك نایشارێتەوە "سەرۆك ترەمپ بڕیارەكەی بەبێ راوێژكردن لەگەڵ هاوپەیمانەكان یان كۆنگرێس و هەڵسەنگاندنی مەترسییەكان داوە".
"دوو رۆژ دوای تەلەفۆنەكەی پۆمپیۆ، ترەمپ لە تویتەر نوسی، "ئێمە لە سووریا داعشمان تێكشكاندووە، بەڵام ئەو قسەیە راست نەبوو و ئێمە ئەو كاتەش لە سەر بۆردومانكردنی داعش بەردەوام بووین، سەرۆك ترەمپ هەروەها پێشنیازی كرد كە دەكرێت هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ماوەی 30 رۆژدا سوریا بەجێبهێڵن، كە ئەوەش لەگەڵ لۆژیك یەكناگرێتەوە".
هۆكاری بڕیارەكەی ترەمپی گەڕاندەوە بۆ "ترەمپ ئەو پێشنیازەی ئەردۆغانی وەرگرت كە توركیا شەڕی دژی دەوڵەتی داعش لەناو سوریادا دەكات، لە راستیدا بەبێ پاڵپشتی سەربازیی ئەمریكا، توركیا ناتوانێت بەدوری سەدان میل لە سنورەكەی لە ناوچەیەكی دژواردا ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات".
لەبارەی گروپەكانی نزیك لە توركیا كە لە سوریادان مەكگۆرك نوسیویەتی، "بەشی زۆری ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنە سورییانەی كە لە لایەن توركیاوە پاڵپشتیان دەكرێت تووندڕەون و بەئاشكرا ویستی خۆیان بۆ شەڕكردن دژی كورد، نەوەك داعش دەربڕیوە".
مەكگۆرك هەروەها هۆشداری دەداتە بەرپرسانی كۆشكی سپی و دەڵێت، "ئامانجە ستراتیژییەكانی ئەمریكا لە سوریا نەیانەدی تا رێگە لە گەڕانەوەی داعش نەگیرێت، ئەویش لە رێگای دەستەبەركردنی مانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكراتی بە تەندروستی و دەستەبەركردنی گەیشتنی بەردەوامی فڕۆكەكانی ئەمەریكا بۆ ئاسمانی سوریا بێ ئەوەی بەر روسەكان بكەوێت، دەكرێت ئەو ئامانجانەش لە رێگای پاڵپشتیی ئیسرائیلەوە بێنە دی".