Draw Media

نوسینگەی عەبادی: هیچ رێككەوتنێك نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك

نوسینگەی عەبادی: هیچ رێككەوتنێك نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك

2018-04-09 09:39:53


"هیچ رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان"، ئەمە قسەی سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقە.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا حەدیسی رایگەیاند، حكومەتی فیدراڵی دوای كۆنترۆڵكردنی ناوچە جێناكۆكەكان، لە پارێزگای كەركوك گلۆپی سەوزی هەڵكرد بۆ ئەوەی پێشمەرگە بەشداری بكات لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچانە و پاراستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان، بەمەرجێك كارەكانی بەپێی ئەو فەرمانانە بێت كە لەلایەن هێزە فیدراڵییەكانەوە دەردەچێت، بەڵام لایەنی كوردی ئەو بڕیارەی پەسەند نەكرد.
ئەم لێدوانەی وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی دوای ئەو دەنگۆیانە دێت كە باس لەوە دەكەن ئەمریكی و بەریتانییەكان نێوەندگیریان لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەسپێكردووە بەمەبەستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و جێگیربوون و هەماهەنگیكردنی لەگەڵ سوپای عێراق لە سەربازگەی ( K1- كەیوان).
حوزەیرانی 2014 دوای دەركەوتنی رێكخراوی داعش لە ناوچەكە و كشانەوەی سوپای عێراق، پێشمەرگە بەشێكی ناوچە جێناكۆكەكانی كۆنترۆڵكرد و بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەكدارانی داعشی لەو ناوچانە تێكشاند و پێشڕەوی كرد، هەر ئەوكات مەترسی رودانی شەڕ دەكرا لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەدوای لەناوبردنی داعش، رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 پێشبینییەكان هاتنەدی، سوپای عێراق دوای لەناوبردنی چەكدارانی داعش گەڕایەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و پێشمەرگە كشایەوە.
بەهانەی ئەمریكییەكان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان یەكخستنی توانای هێزە عێراقییەكان بۆ روبەڕوبونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی سەقامگیری لەو ناوچانە.
چەند رۆژێكە گفتوگۆی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك گەرمە، تەنانەت هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن، ئەمریكییەكان ژمارەیەك پێشمەرگەیان بردوەتەوە كەركوك، لەوبارەیەوە بەرپرسێكی باڵا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، چەند گروپێكی سەر بە هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق گەڕِاونەتەوە پارێزگای كەركوك. 
ئەو لێپرسراوەی (پێنتاگۆن) كە ناوی ئاشكرانكردووە وتی: ئەو ژمارەیە لە هێزی پێشمەرگە كە گەڕاونەتەوە بۆ كەركوك زۆر بەوردی هەڵبژێردراون و زۆرینەیان سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانن.
بەڵام هەواڵی گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك لەلایەن زۆرینەی بەرپرس و فەرماندە ئەمنییەكانەوە رەت دەكرێتەوە، عەلی كەمال بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك رەتیكردەوە پێشمەرگە گەڕابێتەوە بۆ كەركوك و لە لێدوانێكیدا بۆ (رادیۆ سەوا) وتی "  تەنها هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و دژە تیرۆری عێراق لە كەركوكدان".
رێبوار تەها كە ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانە و خەڵكی كەركوكە یەكەمین كەس بوو كە هەواڵی بوونی "نیمچە رێككەوتن"ێكی لە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد ئاشكراكرد سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك، بەڵام زۆری نەخایاند جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەتیكردەوە "هیچ رێككەوتن و لێتێگەیشتن"ێك لەنێوان هەرێم و بەغداد هەبێت بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان. 
جەمال ئیمینكی سوپاسالاری پێشمەرگەش بێئاگایی خۆی لە هەوڵی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەردەبڕیت و دەڵێت" هەر رێككەوتنێك بەبێ ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك رەتدەكەینەوە".


پێشتریش راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە لێدوانێكدا بۆ (غەدپرێس)ی راگەیاند، هیچ رێككەوتنێك نەكراوە بۆ بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لە پارێزگای كەركوك.. پەیوەندی بە حەیدەر عەبادیەوە كردووە و عەبادی وتویەتی " ئەو زانیاریانە راست نین".
لە نوێترین كاردانەوەشدا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نەیارێتی خۆی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكان راگەیاند و وتی: دەبێت لەو ناوچانە كاروبار تەنیا بەدەست سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بێت.
پێكهاتەكانی كەركوك بۆچونی جیاوازیان هەیە لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە، پێكهاتەی عەرەبی بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەرەی توركمانی بە توندی دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ كەركوك.
16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان، سوپای عێراق گەڕایەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان و پێشمەرگە كشایەوە، لەو كشانەوەیەدا كورد (44330 كم2) خاكی ناوچەی جێناكۆكی لەدەستدا كە دەكاتە رێژەی 51.4%ی كۆی گشتی خاكی هەرێمی  كوردستان.
ناوچە جێناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق پێكدێت لە شاری كەركوك و (44) ناحیە و (16) قەزا لە سنورەكانی كەركوك و سەلاحەدین و دیالە و نەینەوا پێكهاتووە.
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand