داوای گەڕانەوەی مەلا بەختیار دەكرێت بۆ مەكتەبی سیاسی
2019-01-16 12:03:38
(درەو میدیا):
داوای گەڕانەوەی مەلا بەختیار دەكرێت بۆ ناو كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی، هەفتەی داهاتوو مەلا بەختیار یاداشتێك بە مەكتەبی سیاسی دەدات.
ئەمڕۆ چوار كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كرد لە گردی عەلی ناجیی شاری سلێمانی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەو چوار كەسە كە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (جەعفەر شێخ مستەفا، ئەرسەلان بایز، حاكم قادرو عیماد ئەحمەد) بە فەرمیو بەناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە داوایان لە مەلا بەختیار كردووە بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی.
(درەو میدیا) زانیویەتی، مەلا بەختیار بەنیازە لە هەفتەی داهاتوودا یاداشتێك پێشكەش بە مەكتەبی سیاسی بكات، وردەكاری ناوەڕۆكی یاداشتەكە تائێستا نازانرێت، بەڵام بڕیاری گەڕانەوەی مەلا بەختیار بۆ كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی پەیوەستە بەو یاداشتەوە.
مەلا بەختیار كە پێشتر گەورە دانوستانكاری یەكێتی بوو، ئێستاو لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا، لەماڵەوە دانیشتووە.
مەلا بەختیار ماوەیەكە بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسیو ئەنجومەنی سەركردایەتی ناكات، داوا دەكات یەكێتی كۆنگرە سازبدات بۆ خۆڕێكخستنەوە، بۆ كۆنگرەش ئەو تێڕوانینی خۆی هەیەو دژی "كۆنگرەی تەوافوقی"یە.