پارتی و گۆڕان روانگەی خۆیان یەكدەخەن
2019-01-15 13:27:34
راپۆرتی: درەو میدیا
دوای كۆبونەوەی دوێنێی نێوان یەكێتی و پارتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر، ئەمرۆ لەماڵی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی وەفدی باڵای پارتی و گۆڕان كۆبونەوە، بەبێ ئامادەبوونی عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كە لە ئێستادا لەدەرەوەی وڵاتە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پارتی و گۆڕان لە زۆربەی پرسەكاندا لێكنزیك بوونەوەو دەشیانەوێیت "روانگەی خۆیان یەكبخەن" وەك لە راگەیەنراوەكەی نێوانیاندا هاتووە.
لە راگەیەنراوی كۆتایی كۆبونەوەكەی نێوانیاندا پارتی و گۆڕان ئاماژەیان بەوەكردووە" هەردوولا، كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان و بۆ ئەو مەبەستەش بریاردراوە هەردوولا دوو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكومەت و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت"
بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، پارتی و گۆڕان لەسەر زۆربەی پرسەكان كۆكبوون، بەتایبەتیش پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت، شەراكەتی راستەقینە لە حكومەت و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، پێكەوە بەرنامەی حكومەت دابڕێژن ، كە بنەماكەی لەسەر چاكسازی روبەرووبونەوەی گەندەڵی و شەفافیەت داڕێژرابێت، كە وەفدی پارتی بە وەفدی گۆڕانیان راگەیاندووە ئەو بەرنامەو پرۆگرامانەی ئێوە داوای دەكەن دەتوانن لە بەرنامەی حكومەتدا بیچەسپێنن و خۆتان بەشێك بن لە داڕشتنی ئەو بەرنامەیە.
ئەگەرچی لە كۆبونەوەكانی رابردوودا وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان هەستیان بە موجامەلەی زۆر كردووە لەلایەن پارتیەوە، هەروەك بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە درەو میدیای راگەیاند: كە وەفدی پارتی لە كۆبونەوەكانیاندا لەگەڵ گۆڕان هێندەی موجامەلەی گۆڕانیانكردووە، هێندە قسەی جدییان نەبووە لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان، كە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بەروونی بە پارتیان وتووە دەمانەوێت بەرنامەی حكومەت و شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان بزانین.
لە كۆبونەوەی ئەمرۆدا هەردوو وەفدی پارتی و گۆڕان جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دەبێت قۆناغی موجامەلەو قسەكردن تەواو بێت و بچنە بواری جێبەجێكردن و هەنگاوی پراكتیكی بنرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە ئەمەش بەلای وەفدی پارتیەوە گرنگ بووەو بۆیە بڕیاریان داوە دوو لیژنە پێكبهێنن، بۆ یەكلاكردنەوەی بەرنامەی كاری كابینەی نوێی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان، كە بڕیارە لە زوترین كاتدا ئەو دوولیژنەیە پێكبهێنرێت و دەستبەكارەكانیان بكەن.
دەقی راگەیەندراوە هاوبەشەكە:
بەلاغی كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان
لە درێژەی بەڕێوەچوونی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خێراتركردنی گفتوگۆكان لەسەر بەرنامەی كابینەی نۆیەم و پێكهاتەكەی، رۆژی 15ی1ی 2019، شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە.
كۆبونەوەكە لە كەشێكی بەرپرسیارانەو بە گیانی كاری هاوبەش و پێكەوەیی لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی تەواو و وەك، هەردوولا لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری چاكسازی بنەڕەتی و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی، بەڕێوەچوو.
هەردوولا، كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان و بۆ ئەو مەبەستەش بریاردراوە هەردوولا دوو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكومەت و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت.
هەردوولا جەختیان كردەوە لەوەی، دەبێت پەلە بكرێت و چیدی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت و رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران دوا نەخرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان پارتی دیموكراتی كوردستان