Draw Media

وردەكاری كۆبونەوەكەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە هەولێر

وردەكاری كۆبونەوەكەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە هەولێر

2019-01-14 21:06:57


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم
ئەمڕۆ وەفدی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بەڕێوەچوو، كۆبونەكە لەلایەن  نێچیرڤان بارزانی ئامادەكاری بۆكرابوو، هەردوولا بە كۆبوونەوەیەكی ئیجابی و باش دەیدەنە قەڵەم و چەند ئەنجامێكی لێكەوتوەتەوە، بەتایبەتیش دروستكردنی لیژنەیەكی شەش كەسی بە مەبەستی نوسینەوەی رەشنوسی رێكکەوتنێكی هەمەلایەن لەنێوان هەردوولادا.

ئەنجامەكانی كۆبونەوەكە
بەپێی زانیاریەكان جیا لە كۆبوونەوەكانی چەند مانگی ڕابردووی پارتی و یەكێتی، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی هیچ بڕیارێكی تیادا نەدراوە، بەڵام چەند دەرەنجامێكی لێكەوتوەتەوە كە پێشبینیدەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامەكەی بەشێوەی پراكتیکی ببینرێت.
ئەنجامی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ لە چەند خاڵێكدا:
•     كەشوهەواری كۆبونەوەكە بەجۆرێك لە جۆرەكان گەڕانەوەی متمانەو نەهێشتنی ئەو بەربەستە دەروونییانەبوو، كە لە نێوانی هەردوولا لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دروستببوو.
•     ئەم كۆبونەوەی ئەو مەرجە پێشوەختانەی هەڵگرت كە پێشتر لە لایەن هەردوولاوە ئاماژەی پێدەكرا. 
*  لە كۆبونەوەكەدا بەڵێن بەیەكدی درا كە چیدیكە لە پشتی یەكدیەوە لە دژی یەكدی كارنەكەن. 
* لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بە دروستکردنی لیژنەیەكی شەش كەسی لە نێوان هەردوولا، بە مەبەستی نووسینی رێككەوتنێكی دوو قۆڵی نێوانیان ،كە دەبێت  لەماوەی 48 كاتژمێردا لیژنەكە دەستبەكارەكانی بكات و ( دوای گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی ڕێككەوتنەكە دووبارە شاندی باڵای هەردوولا كۆدەبنەوە).
* كردنەوەی دەرگا بە ڕووی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی زیاتر، لەسەر ئاستی لیژنەكان و خێراكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت.
* چارەسەركردنی كێشەی  دیلەكانی نێوانیان و كۆتاییهێنان بەو گرژیەی لە نێوان مەسرور بارزانی و لاهور تاڵەبانی هەبوو، بەتایبەتیش لەم كۆبونەوەیەدا بەشێكی زۆری ئەو سەركردانەی یەكێتی بەشداربوون كە پێشتر دەوترا پارتی هێڵی سوری لەسەریان هەیە بۆ كۆبونەوە. 

پێكهێنانی حكومەت
لەو كۆبوونەوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی دا هەرچەند بە دیاریكراوی هیچ كاتێك دانەنراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام جەختیان لەوەكردوەتەوە ناكرێ  بەم شێوەیە بەردەوامبن و كات بكوژن، بۆیە پێشبینیدەكرێت تاوەكو سەرەتای مانگی داهاتوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، دواتر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵببژێردریت و سەرۆكی حكومەت رابسپێردریت لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەتەكەی ئامادە بكات.

كەركوك و بەغداد
لەبارەی پرسی كەركوك پارتی لەو كۆبوونەوەیەدا گەرەنتی داوەتە یەكێتیی كە ئەوانیش لەگەڵ ئەوەدان پارێزگاری كەركوك لە لایەن یەكێتیەوە دیاریبكرێت، بەڵام ئەمەیان پەیوەستە بەكات و گفتوگۆی زیاتر، بۆیە دەبێت یەكێتیی لەوەدا هاوكاربێت لەگەڵ پارتی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا .
لەسەر پرسی بەغداو سەرۆك كۆمار، شاندی پارتی بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بەوەكردوە: هەموو ئەو كێشانەی لەسەر ئەو مەسەلەیە هەیەو لەگەڵ مەسەلەی مامەڵەكردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، دەكرێت لە داهاتوودا لە چوارچێوەی كێشەكانی دیكە چارەسەربكرێت بە ئاسانی.
لەو كۆبوونەوەیەدا پارتی یەكێتیی لەوە دڵنیاكردوەتەوە، نە بەشداریكردنی ئەوان لەسەر حسابی گۆڕان دەبێت، نە بەژداریكردنی گۆڕان لە حكومەت لەسەر حسابی یەكێتی دەبێت.
 دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕەزامەندی بارزانی و مەكتەبی سیاسی  وەرگرت، لەسەر ئەوەی كە پێویستە مەرجەكان هەڵبگیرێن بۆ دانیشتن لەگەڵ یەكێتیی، ئێستا ناوبراو سەرپشککراوە، تاوەكو لەماوەیەكی كورتدا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت بباتە پێشەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand