مەلا بەختیار: بەرپرسان بەتەنكەر نەوتی كەركوك دەدزن
2019-01-13 13:55:35
درەو میدیا:
مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەی زویر بووە لە حزبەكەی و لەماڵەوە ئاماژە بەوە دەكەن" بە كاروانی تەنكەری بەرپرسان نەوتی كەركوك تاڵان دەكرێت"
مەلا بەختیار لە نوسێنێكدا بەناوی (مەترسیەكانی پاشەكشەی دیموكراسیو پەرەسەندنی گەندەڵی،بە ئامار و ژمارە) كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك نوسیویەتی " بەپێی زانیارییە پەخشكراوەكان (كە هەتا ئێستا بەدرۆنەخراوەتەوە) لە چاڵگە نەوتەكانی (جمبور) لەناحیەی تازە خورماتوی كەركوكدا، رۆژانە رۆژانە ئێستاش (30) هەزار بەرمیل نەوت، بە كاروانی تەنكەری بەرپرسان تاڵان دەكرێ، كاروانی ئەو نەوتە دزراوانە، شەوانە بەرەو سلێمانی رێچكە دەبەستنو بەپێی ساتو سەودای تایبەتی ساغدەكرێنەوە"
مەلا بەختیار ئەوەش دەخاتە روو" ئەو ژمارەو ئامارانەی رۆژنامەی متمانەپێكراوی وەكو (ئیكۆنۆمیست) كە سەرچاوەی زانیاریەكانی هەمیشە راستن، (دزیو گەندەڵیو تەزویر) بونەتە سێگۆشەی ترسناك لەعێراقدا. كە ناتوانین هەرگیز كوردستانو ناوچە كێشەلەسەرەكانیان لێدەرهاوین. ئەم سێگۆشە ترسناكە، تەنهاوتەنها، بە دەسەڵات دەكرێو لەسایەی دەسەڵاتیشدا، بەو كاربەدەستو بەرپرسانە ئەنجامدەدرێ، كە پلەی باڵای دەسەڵاتی حكومیو سیاسیو هێزی چەكداری تایبەتیان هەیە. لەئاستی عێراقو كوردستاندا، بۆگەنی گەندەڵیو پاشەكشەی دیموكراسیو دەستكاریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنو راووڕوت، لەهەموو ئاستەكاندا ترەكیووە. هەربۆیە عێراق لە (114)مین ریزبەندی سیستەمە دیموكراسیەكانو چوارەمین وڵاتە لەناو (10) وڵاتدا، لە تەزویری هەڵبژاردنو گەندەڵیدا"