Draw Media

پێنتاگۆن: تائێستا هیچ سەربازێكمان لە سوریا نەكشاندوەتەوە

پێنتاگۆن: تائێستا هیچ سەربازێكمان لە سوریا نەكشاندوەتەوە

2019-01-12 12:02:56


( درەو میدیا):
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا" پێنتاگۆن" رایدەگەیەنێت دەستیان كردووە بە گواستنەوەی ئامێر و كەلوپەلە سەربازییەكان لە سوریا و تائێستا هیچ سەربازێكیان ئەو وڵاتەی بەجێنەهێشتووە.
كۆلۆنێڵ شۆن رایان، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند پرۆسەی پاشەكشێپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەستیپێكردووە و ئاشكراشیكرد، وەك پەرۆشیان بۆ پرۆسەكە هیچ خشتەیەكی زەمەنی یان شوێنی جموجوڵی هێزەكان ئاشكراناكەن".
بە پێچەوانەی وتەبێژەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، شین رۆبێرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا" پێنتاگۆن" وتی:" جەختدەكەینەوە كە هیچ سەربازێكی ئەمریكا تائێستا سوریای بەجێنەهێشتوووە".
رۆبەرتسۆن لە بەیاننامەیەكدا وتیشی:" هاوپەیمانی دژ بە داعش چەند رێوشوێنێکی لۆجیستی گرتوەتەبەر بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆسەی كشانەوە، پاشەكشێكردنەكە پشت بە دۆخی ئۆپەراسیۆنەكان لەسەر خاك و دانوستان لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەكانمان دەبەستێت و پشت بە خشتەی زەمەنی هەڕەمەكی نابەستێت".
چەند بەرپرسێكیش كە قسەیان بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" كردووە، ئاشكرایانكرد ئێستا ئامێر و كەلوپەلە سەربازییەكان بۆ دەرەوەی سوریا دەگوازرێنەوە و ئەوەش نیشانیدەدات كە سوپای ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆئەوەی بە خێرایی لە سوربا پاشەكشێبكات.
هاوكات چەند هاوڵاتییەكی دانیشتوی نزیك خاڵی سنوریی نێوان رۆژئاوای كوردستان و عێراق رایانگەیاند، دوێنێ‌ هیچ جموجوڵێكی ئاشكرا یان گەورەی هێزی زەمینی ئەمریكایان هەستپێنەكردووە و ئەوەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كە پرۆسەی پاشەكشێپێكردنی سەربازانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هێشتا دەستیپێنەكردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand