كۆنگرەیەك دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت
2019-01-12 10:45:51
( درەو میدیا):
مانگی داهاتوو كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریكراویش ئێران، لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و ئەمریكاش بەشداری تێدادەكات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كۆنگرەكە رۆژی 13 و 14ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەند پرسێكی هەستیاری وەك تیرۆر و توندڕەویی و پەرەپێدانی موشەك و بڵاوبوونەوەی چەك و بازرگانی دەریایی تاوتوێدەكرێن، لەگەڵ هەڕەشەی ئەو گروپانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە وەكالەت شەڕدەكەن.
هاوكات، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " فۆكس نیوز" رایگەیاند ، لە كۆنگرەكەدا " سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و ئاسایش و ئازادی ئەو ناوچەیە تاوتوێدەكرێت و ئەوەش فاكتەرێكی گرنگە بۆئەوەی ئێران كاریگەری نەبێت لە تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە".
بەوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا, لە كۆنگرەكەدا دەیان دەوڵەت لە هەموو جیهاندا، لە ئاسیا و ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری تێدادەكەن.
لایخۆشیەوە یاتسیك چاپۆتۆڤیچ، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەكەی پشتگیری لە هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا دەكات بۆ پارێزگاریكردن لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەڵام رێككەوتنەكە رێگەی لە چالاكییەكانی ئێران بۆ تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە نەگرتووە.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاشكراشیكرد 70 دەوڵەت بانگهێشتكراون بۆ كۆنگرەكە و هیواشیخواست ببێتە هۆی نزیكبونەوەی هەڵوێستی ئەمریكا و ئەوروپا.
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو كۆنگرەیە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت:" ئەوانەی میوانداری كۆنگرەیەكی دژ بە ئێران دەكەن و ئەوانەشی بەشداری تێدادەكەن و ئەوانەی ئامادەی دەستپێشخەرییەكی پێشووی ئەمریكای دژ بە ئێران دەبن، یان مردون، یان پەراوێزخراون، ئێران لە هەموو كاتێك بەهێزترە".
زەریف دەشڵێت:" لە كاتێكدا ئێران لە جەنگی دووەمی جیهانیدا پۆڵەندییەكانی رزگاركرد، ئێستا پۆڵەندا میوانداری نمایشێكی كۆمیدی و بێزراوی دژ بە ئێران دەكات".