زیاتر لە 50 ئەندام و هاوسەرۆكان و وتەبێژی تەڤگەری ئازادی دەستگیركران
2019-01-11 15:31:00
( درەو میدیا):
ئێوارەی ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی ژمارەیەك بەرپرسی تەڤگەری ئازادی و زیاتر لە ٥٠ كەسی دیكەی ئەو پارتەی لە سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی شاری سلێمانی دەستگیركرد.
ڕێكخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان (ڕژاك )ویستیان لە سەكۆی ئازاد لە پاركی ئازادیی لە سلێمانی، فیلمەكەی ساكینە جانسز نمایش بكەن و خەڵاتی ساكینە جانسزیش ببەخشن بە لەیلا گوڤەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگرییان لێكراو زیاتر لە 50 كەسیان دەستگیركرد.
لە ناو دەستگیركراوەكاندا هەریەكە لە (شەهێن محەمەد، و حاجی ئازاد) هاوسەرۆكی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادی و تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی و سەلاح خدر رۆژنامەنووس و كلسووم حسێن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەر بونیان هەیە.
دوای ڕێگریكردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساكینە جانسز لە سینەما سالمی شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی بڕیاریدا لە سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی شاری سلێمانی فیلمەكە نمایشبكەن.