ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن دژی بەرتەسكردنەوەی ئازادیەكانن لە سلێمانی
2019-01-09 13:14:16
(درەو میدیا):
ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن راگەیەندراوێك دژ بە بەرتەسکكردنەوەی ئازادییەكان بڵاودەكەنەوەو رایدەگەیەنن" هێزەكانی ئاسایش ئەمڕۆ ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠١٩ ناوەندی رۆشنبیری غەزەل نووسییان بۆ ماوەیەكی كاتی داخست، دوێنێش لەسەر بڵاوكردنەوەی فلمێكی تایبەت بەژیانی ژنە تێكۆشەرانی باكوری كوردستان ساكینە جانسزو هاورێكانی، سینەما سالمیان بۆ ماوەی رۆژێك داخست".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە" ئێمە ئەم دەزگایانەی كە لە خوارەوە ناومان هاتوە دژی ئەم پێشێلكاریانەینو بەزەنگێكی مەترسی دادەنێن كە سیمای تەواوی ئەم شارە لە شارێكی پڕ بزووتنەوەی كۆمەڵایەتیو رۆشنبیری بگۆڕدرێت بە شارێكی پۆلیسیو ئەو پەراوێزە ئازادەی تیادا نەمێنێت كە پێشەنگە بۆ شارەكانی تری هەرێمو هەمیشە بە پارێزگایەك ناسراوە كە دەربڕینی ناڕەزاییو داكۆكیكردن لە ئازادیدا لە شارەكانی تری هەرێمو بگرە عێراقیش جیاوازترە"
دەقی راگەیەندراوەكە:
سلێمانی لە شاری رۆشنبیریەوە مەكەن بەشاری سەركوتكردن
راگەیاندراوێك لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی دژی ئازادی لەسلێمانی ئەنجامدەرێن..
رۆشنبیران، چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی، لایەنە سیاسیەكان، هەموو ئەو خەڵكانەی خەمی بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراسیو ئازادیان هەیە، ماوەیەكە دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای سلێمانی دەستیانكردووە بەپێشێلكاریی سیاسی بەرامبەر دەزگا رۆشنبیریو هونەریو چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی، بەردەوامبوونی ئەم سەركوتكردنە خەریكە دۆخی ئەم شارە كە بەپایتەختی رۆشنبیری ناوزەد دەكرێت، دەگۆڕدرێت بەشاری سەركوتكردن.
هێزەكانی ئاسایش ئەمڕۆ ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠١٩ ناوەندی رۆشنبیری غەزەل نووسییان بۆ ماوەیەكی كاتی داخست، دوێنێش لەسەر بڵاوكردنەوەی فلمێكی تایبەت بەژیانی ژنە تێكۆشەرانی باكوری كوردستان ساكینە جانسزو هاورێكانی، سینەما سالمیان بۆ ماوەی رۆژێك داخست، ئەم زنجیرە پێشێلكارییە لەمانگی رابردووەوە دەستیپێكرد كاتێك ٢٠ كانوونی یەكەمی ٢٠١٨ نزیكەی ١٠٠ چالاكوان بە پیاوو ژنەوە كە نزیكبوون لەتەڤگەری ئازادی دەستگیركران و چەند رۆژێك لەزیندان هێشتنیانەوەو پێشتریش بارەگاكانی ئەو حیزبەیان داخست.
ئەم دەستدرێژیانە پاشخانە سیاسیەكەی هەرچی بێتو بچێتە بواری چ سازشكردنێك لەگەڵ وڵاتانی هەرێم، دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادیو ئازدی بیروڕا لەپارێزگای سلێمانیو سەرتاسەری هەرێمی كوردستانو دژی هەموو ئەو یاسا بەركرانەیە كە لەبواری كاری میدیاییو رۆشنبیریدا لەپەرلەمانی كوردستان دەركراون.
ئێمە ئەم دەزگایانەی كە لەخوارەوە ناومان هاتوە دژی ئەم پێشێلكاریانەینو بەزەنگێكی مەترسی دادەنێن كە سیمای تەواوی ئەم شارە لەشارێكی پڕ بزووتنەوەی كۆمەڵایەتیو رۆشنبیری بگۆڕدرێت بەشارێكی پۆلیسیو ئەو پەراوێزە ئازادەی تیادا نەمێنێت كە پێشەنگە بۆ شارەكانی تری هەرێمو هەمیشە بەپارێزگایەك ناسراوە كە دەربڕینی ناڕەزاییو داكۆكیكردن لەئازادیدا لەشارەكانی تری هەرێمو بگرە عێراقیش جیاوازترە، ئەگەر ئەم روبەرە لەئازادی نەهێڵرێت، ئیتر چی دەمێنێ ئەم شارە شانازی پێوە بكات؟!
ئەم دەزگایانە ئەم هەڵسوكەوتە لەسەر بنەمای هەر یاساو رێسایەك بێت، پێشێلكاریە بەرامبەر ئازادی و ئازادی رادەربڕین و داهێنان و، داوادەكەین ئەم جۆرە رەفتارانە رابگیرێت. هەروەها داوادەكەین لەدەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمو پەرلەمانی كوردستان كۆتایی بەم دۆخە بهێننو لەچۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەر دەزگایەكی رۆشنبیریدا جارێكیتر پەنا نەبەنە بەر هێزو زۆرەملێ، بەڵكو پێویستە بەشیوەیەكی شارستانیو لەچوارچێوەی یاسایەكی دیموكراسیدا مامەڵە بكەن.
- رۆژنامەو ماڵپەڕی ئاوێنە..
- ماڵپەڕی سپی میدیا..
- ماڵپەڕی درەو میدیا
- دمەزراوەی میدیای نالیا
- تەلەفزیۆنی KNN
- تەلەفزیۆنی پەیام