بەرەی توركمانی: هەڵكردنی ئاڵای كوردستان نایاساییە
2019-01-09 12:31:09
(درەو میدیا):
بەرەی توركمانیو پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كە سەربە پێكهاتەی عەرەبە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بە "نایاسایی" ناودەبەن.
راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك ناسایاییەو ئەوانەی ئەو ئاڵایەیان هەڵكردووە دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵگرن لەئاست هەر روداوێكدا كە روبدات.
جبوری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بە "موزایەدەی سیاسی"ی وەسفدەكاتو دەڵێ" داوا لە خەڵكی كەركوك دەكەم شوێن ئەو كەسانە نەكەون كە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدەن".
هاوكات بەرەی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لە كەركوك بە كارێكی "نایاسایی"و هەوڵدان بۆ تێكدانی بارودۆخەكە ناوبرد.
دەقی بەیاننامەكەی بەرەی توركمانی
سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع لە كەركوك بە هەڵكردنی ئاڵای هەرێم، پێچەوانەی یاساو بڕیارە یاساییەكانەو هەوڵدانە بۆ تێكدانی بارودۆخەكەو دروستكردنی كێشەیەكی ترە لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا كە بەشێوەیەكی ئاشتیانە پێكەوە دەژین، تێوەگلاندنی دەزگا ئەمنییەكان بەو كێشانەوە لەم كاتەدا، هەوڵەكان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر دەشێوێنێت.
بۆیە داوا لە هەمووان دەكەین خۆبەدوربگرن لە سیاسەتی دروستكردنی قەیران، پێویستیشە لەسەر بەڕێز فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەرفەتی بەوانە نەدات كە دەیانەوێت كێشە دروست بكەن، كە ئێمە لە كەركوك تێرمان خواردووە لێی، داوا لە بەڕێز سەرۆك وەزیرانو كوتلە سیاسییەكانیش دەكەین یاری بە كەركوك نەكەن وەكو بۆندی سیاسی لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتو تەواوكردنی وەزارەتەكان لەسەر حسابی كەركوكییەكان، ئاسایشی كەركوك ئاسایشی عێراق دیاری دەكات.
بەرەی توركمانی- لقی كەركوك