بۆچی یەكێتی لە درەنگانی شەودا ئاڵای كوردستانی هەڵكرد؟
2019-01-08 20:45:52
( درەو میدیا):
درەنگانی ئەمشەو مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بڕیاریدا لەسەر سەرجەم بارەگاكانی ئاڵای كوردستان هەڵبكات.
لە روونكردنەوەیەكدا ڕاگەیاندنی مەڵبەندی 2ی ڕێكخستنی كەركوك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە ئاسایی و یاسایی ناو دەبات و رایگەیاندووە " كەركوك كە ناوچەی جێ ناكۆكەو بەپێ دەستوری عێراق هیچ ڕێگرییەكی یاسایی بۆ هەڵنەكردنی ئاڵای كوردستان نییە. بەڵام دوای وەفاتی سەرۆك مام جلال ئێمە لە تەواوی بارەگاكانمان ئاڵاكانی ( كوردستان و عێراق و یەكێتی )مان داگرت. بەڵام لە ئۆفیس و هۆڵ و شوێنی كۆبوونەوە و بۆنە نیشتمانییەكان ئاڵای كوردستان و یەكێتی شەكاوە بووە، ئەمڕۆ جارێكی تر بە فەرمی ئاڵای كوردستان و عێراق و یەكێتی لە سەڕ بارەگاكان دانرانەوە وەك كارێكی ئاسایی و یاسایی"
بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدی" یەكێتی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراقی بەدەستهێناوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان تەنها لەسەر بارەگاكانی خۆی، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ حزبە كوردستانییەكانی كەركوك لە بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر كەمال كەركوكی رایگەیاند، پارتی بەبێ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ناگەڕێتەوە ئەو شارە، پێشبینیشدەكرێت پارتی ئامادەكاری بكات بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو شارە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن یەكێتیەوە بۆ سوتانی ئەو كارتەی دەستی پارتیە كە دەیویست سۆزی كەركوكییەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان.تەنانەت پارتی ئێستا لە چاوەڕەوانی چۆڵكردنی بارەگاكانیەتی لە كەركوك بۆئەوەی بگەڕێتەوە ئەو شارە، ئەمشەو جموجوڵێكی هێزە عێراقییەكان هەبوو وا چاوەڕەوان دەكرا بارەگاكانی پارتی لەو شارە لەلایەن هێزە عێراقیەكانەوە چۆڵكرابێت، بۆیە یەكێتی پەلەیكرد لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان.
رەنگە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كاردانەوەی شكستی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بێت بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت
هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەكوك لەسەر بڕیاری ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بووە، كە تازە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە، رەنگە بەشێكیشی كاردانەوەی ئەو بڕیارەی مەسعود بارزانی بوو بێت كە رایگەیاندبوو رازی نیە بەوەی لە وەفدەكەی یەكێتیدا ئەو كەسانەی تێدابێت كە تێوە گلاون لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.