92%ی فەرەنسیيەكان دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان دەدەن
2018-04-08 11:09:25
لە راپرسیەكدا كە گۆڤاری بەناوبانگی ( لۆپوان)ی فەرەنسی ئەنجامیداوە 92%ی بەشداربوان بە بەڵی دەنگیانداوە بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
گۆڤاری ( لۆپوان) كە گۆڤارێكی بەناوبانگی فەرەنسیيەو هەفتانیەو رۆژانی پێنجشەمان بڵاودەبێتەوە بە تیراژی( ٣٤٠٢٥٣ ) دەفرۆشرێت.
لە راپرسیەكدا لەسەر سایتەكەی ئەنجامیداوە كە پرسیارێكی كردووە بەم شێوەیەیە: پێویستە دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆم و سەربەخۆ بەكوردەكان بدرێت؟
لە ئەنجامدا تا ئێستا كە كۆی گشتی دەنگدەران تا ئێستا ( 42.134 ) كەس بەشداری راپرسیەكەیان كردووە ئەنجامی بەڵی و نەخێر بەم شێوەیە بووە:
( 38.673 ) كەس بە بەڵی دەنگیانداوە بە رێژەی 91.8% بۆ درووست بونی ئۆتۆنۆمی یاخود سەربەخۆیی بە كوردەكان، لەبەرامبەردا (3.461 ) كەس بە نەخێر دەنگیانداوە بەرێژەی 8.2% .
جیاواز لە وڵاتانی تری ئەوروپا و رۆژئاوا فەرەنسا گرنگیەكی زۆر بە دۆسیەی كورد دەدات تا پشتیوانی سەربەخۆیی، لەبارەی گرنگی فەرەنساوە بە كورد، د. هەردی مێد مامۆستای زانستە سیاسیەكان لە زانكۆی پاریس-دۆفین لە وتارێكی تایبەتدا بۆ سایتی درەو نوسیویەتی : فەرەنسا وەك كەمینەیەكی ژێردەستە مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات. ئەم مامەڵەكردنەش لە چوارچێوەی كەمینەدا پەیوەندی بەو بەها و ڕێسا و ئایدیانەوە هەیە كە فەرەنسا دەیەوێت نوێنەرایەتیان بكات وەك وڵاتێكی پێشەنگ و دانەری جاڕنامەی مافی مرۆڤ. بۆیە هەماهەنگی فەرەنسا لەگەڵ كورددا پەیوەندیەكی قوڵی بە كۆنەواری(ترادیسیۆنی) سیاسی فەرەنساوە هەیە وەك وڵاتێكی پشتیوانیكەر لە بەها مرۆییەكان. پاشان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوی دی وەك كەمینە فەرەنسا دەیەوێت لە رووی دیپلۆماسیەوە بیانویەكی شەرعی هەم بەو بەرگریە بدات كە لە كەمینەكانی دەكات لە كایەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان، هەمیش بە تەداخول و هاتنەپێشەوەی لە چارەسەركردنی كێشەكان. چونكە لە بیرمان نەچێت سەنگ و بەرچاوی زلهێزەكان لە سەر شانوی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان وابەستەی ئامادەبوونیانە لە هاوكێشە و ململانێ سیاسیەكان. بۆیە كورد بۆ فەرەنسا دەبێتە دەلاقەیەك كە بێتە ناو ململانێكان و رۆڵێك بۆ خۆی دابتاشێت.
د. هەردی مێد ئاماژەی بەوەشكردووە: كە پاڵپشتی فەرەنسا لە كوردانی عێراق لەم دوایانە و زیاتر هاتنە پێشەوەی، لەوانەیە پەیوەندی بە ئەگەر و تێگەشتنی فەرنساوە هەبێت بۆ ئێستای رۆژهەڵاتی ناوین و داكشانی نفوز و ئامادەیی ئەمریكا. فەرەنسا پێیوایە كە ئەمریكا لە سەردەمی ئۆباماوە سیاسەتی تاڕادەیەك بەجێهێشتنی رۆژهەڵاتی ناوین جێبەجێ دەكات. كشانەوەیان تا ڕادەیەك لە عێراق و لە ئەفغانستان و كەمكردنەوەی خەرجییە سەربازییەكان هەموویان ئاماژەن بەم ئاقارەدا. بۆیە فەرەنسا بە دوای پێگەیەكی نوێی دەسەڵاتیدا دەگەرێت لە رۆژهەڵاتی ناوین كە لە مێژەوە یەكێك بووە لە جێینفوزی ئەم وڵاتە. كوردیش یان كوردستان بە گشتی دەشێت یەكێك بێت لەو دەلاقانەی لێوەی زیاتر بێتەژوورە و پێگەی خۆت لێوە بسەلمێنێت.