" پارتی پەیوەست نەبوو بە رێكەوتنی دیل بەدیلەوە"
2019-01-08 18:28:44
راپۆرتی: درەو میدیا
لەدوای دیل بەدیلی دوو دەستگیركراوی یەكتری و هەڵوەشانەوەی كۆبونەوەی وەفدی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستا یەكێتی ئەنجامدانی هەر كۆبونەوەیەكی بەستوەتەوە بە ئازادكردنی شەش ئەندامی دەستگیركراوی لای پارتی و پارتیش دەڵێت ئەگەر ئەو دەستگیركراوانە ئازادبكرێن دەبێت تەواوی زیندانیانی هەرێمی كوردستان ئازادبكرێن، ئەم بارودۆخە لە كاتێكدایە كە ناڕەزایی لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی درووست بووە لەسەر بێدەنگی قوباد تاڵەبانی لە ئاستی ئەو رووداوانەی روودەدەن.
"پارتی پەیوەست نەبوو بە رێكەوتنی دیل بەدیلەوە"
رۆژی 6ی ئەم مانگە لەدوای هەوڵێكی زۆر پارتی دیموكراتی كوردستان (پێشڕەو وەیسی) كادیری یەكێتی نیشتمانیی كوردستانی لە هەولێر ئازادكردو لەبەرامبەریشدا یەكێتی (سەرخێڵ ئەكبەر رۆستەم) كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سلێمانی ئازادكرد، بەڵام رێکكەوتنەكە بەشێوەیەك بوو كە تەواوی دەستگیركراوانی یەكتری ئازادبكەن، بەڵام پارتی ئێستا رازی نیە بە ئازادكردنی ئەو دەستگیركراوانەی دیكەی یەكێتی.
"درەو میدیا" بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی باڵا زانیویەتی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی نیگەران بووە لەوەی پارتی پەیوەست نەبووە بە رێكەوتنی " دیل بەدیل"وەو پەیامێکی توندی ئاراستەی مەكتەبی سیاسی پارتی كردووەو تیایدا داوای ئازادكردنی شەش كادری دیكەی یەكێتی كردووە كە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە لای پارتی دەستگیركراون.
"درەو میدیا" زانیویەتی لەدوای بەدواداچوونی بەرپرسانی پارتی بۆ ئەو دەستگیركراوانە، بەرپرسانی ئەمنی رایانگەیاندووە كە ناتوانن ئەو كەسانە ئازاد بكەن چونكە هەندێكیان فایلی هەستیاریان هەیە، بەتایبەتیش لە بازرگانی لەگەڵ داعش، بۆیە مەكتەبی سیاسی پارتی وەڵامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان داوەتەوە كە ئەگەر ئەو شەش كادرەیان ئازاد بكەن دەبێت تەواوی زیندانیانی كوردستان ئازادبكەن، چونكە هەندێكیان فایلی مەترسیداریان هەیە.
بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری داوەتە پارتی ئەگەر ئەو ئەندامانەیان ئازاد نەكرێن ئەوا ئامادەی هیچ كۆبونەوەیەك نین لەگەڵ پارتی چی وەفدی دانوستان و چی وەفدی باڵای پارتی.
هەر ئەمرۆش ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نوسراوێكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كردووەو داوایان كردووە كە تا كادرەكانیان ئازاد نەكرێن، هیچ جۆرە كۆبونەوەك لەگەڵ پارتی نەكەن.
نیگەرانیەكان روو لە قوباد تاڵەبانیە
بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا"، ئەمڕۆ لە كۆبونەوەیەكی نافەرمیدا گلەیی و گازەندە ئاراستەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كراوە كە بە چی سیفەتێك لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە و مامەڵە لەگەڵ بەپرسانی پارتی دەكات، لەبەرامبەردا بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی وتویانە ئەی قوباد تاڵەبانی بۆ دەنگی نیە لەكاتێكدا لە هەولێر دانیشتووەو بەبەرچاویەوە كادرانی یەكێتی دەستگیردەكرێن و نە دەنگی هەیەو نە هەڵوێست، لە كاتێكدا تا ئێستاش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتەو وەزیفەی خۆیەتی كە بەدواداچوون بكات، هەندێكیشیان ئەوەیان بیر هێناوەتەوە كە دروشمی سەرەكی قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردنەكاندا ( ئارامی و هەلی كار)بووە ئەی بۆچی ئێستا لە ئاست ئەو نائارامیەی هەیە هەڵوێستی نیە.
بەشێك لە ئامادەبوانی كۆبونەوەكە ئاماژەیان بەوەكردوە، كە بێدەنگی قوباد تاڵەبانی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە نایەوێت پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی تێك بدات و بەو پێیەی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێتەوە.