توركیا ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان تەواوكردووە
2019-01-08 12:34:32
( درەو میدیا):
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند قسەكانی جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بۆ پاراستی كوردەكانی سوریا رەتدەكاتەوە و بۆڵتۆنیش بێ بینینی ئەردۆغان توركیا بەجێهێشت.
ئەردۆغان لە بەرپەرچدانەوەی قسەكانی بۆڵتۆندا وتی:" ئامادەكارییە سەربازییەكانمان تەواوكردووە، ئێمە سورین لەسەر ئەوەی هەنگاو لەدژی یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە بنێینن بەمزوانە بۆ لەناوبردنی گروپە تیرۆریستییەكان لە سوریا دەست بە جوڵە دەكەین".
ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ پەرلەمانتارانی حزبەكەی راشیگەیاند بۆڵتۆن " هەڵەیەكە گەورە"ی كرد كاتتێك مەرجێكی نوێی بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا راگەیاند و توركیا بەهیچ شێوازێك سەبارەت بە "یەپەگە" سازش ناكات.
بڕیاربوو ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا لەگەڵ جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی ئەمریكا كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی مەرجی ئەمریكا بۆ پارێزراوی كورد لە سوریا و قسەكانی بۆڵتۆنەوە ئەردۆغان كۆبوونەوەكەی هەڵوەشاندەوە.
بۆڵتۆن لە سەردانەكەیدا لەگەڵ ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا كۆبووەوە بڕیاربوو لە دوای كۆبوونەوەكە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام بۆڵتۆن ئامادەی كۆنفرانسەكە نەبوو و توركیای بەجێهێشت.
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لە كاتێكدایە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێش دەستپێكردنی گەشتەكەی بۆ ئوردن و چەند وڵاتێكی عەرەبی رایگەیاند وڵاتەكەی سەبارەت بە پاراستنی شەڕڤانانی كورد لە سوریا گەرەنتی تەواوی لە ئەنكەرە وەرگرتووە.