سۆسیالست دەبێتە خاوەنی كورسییەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
2019-01-08 11:46:08
(درەو میدیا):
بەهۆی تەواونەبوونی رێژەیی یاساییەوە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانیو دانانی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەن شكستیهێنا.
بڕیاربوو بەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە، بەڵام نیسابی یاسایی بۆ سازدانی كۆبونەوەكە تەواونەكرا.
هەفتەی رابردوو (21) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستەكانی (یەكێتی)و (توركمان)و (عەرەب)ەكان ئیمزایان كۆكردەوە بۆ سازدانی كۆبونەوەكە، ئامانجی ئەو سێ لایەنە بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی ئەوەبوو لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنو سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت لابداتو لەشوێنی ئەو (جەمال مەولود) دابنێت كە بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەو پێشتر سەربە حزبی شیوعی بووەو ئێستا چووەتە ناو كوتلەی یەكێتییەوە.
سۆسیالست كورسییەك دەباتەوە!
لەلایەكی ترەوە حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان دەبێت بە خاوەنی كورسییەك لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
سەرچاوەیەكی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، (حەسیب ئەحمەد) كە كاندیدی حزبی سۆسیالست بووە لە ناو لیستی برایەتی كورد لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2005، بەپێی ریزبەندی دەنگی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەچێتە شوێنی (ئەڵماس فازل) كە ئەندامی یەكێتییە لە ئەنجومەنو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەركەوت بۆ پەرلەمان.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" بەپێی ریزبەندی لیستی برایەتی كەركوك، لەدوای (ئەڵماس فازڵ) كاندیدی ژمارە (28) دێت كە كەسێكە ناوی (كەنز)ەو ئێستا لە دەرەوەی وڵاتەو داوای بەخشینی كردووە (اعفا)ی نوسیوە لە ئەنجومەن، دوای (كەنز) كاندیدێكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە بەناوی (حەسیب ئەحمەد ئیسماعیل)و كاندیدی ژمارە 29ی لیستی برایەتییەو دەچێتە شوێنی (ئەڵماس فازڵ).
یەكێتی دەتوانێت گۆڕانكاری بكات؟
ئەوەی بڕیار لەسەر گۆڕانكاری دەدات لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ژمارەیە، واتە كێ زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لایە.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە ساڵی 2005 هەڵبژێردراوەو سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە، لە (41) ئەندام پێكهاتووە، بەپێی بەزۆرینەی دەنگی (50+1)ی ئەنجومەن دەتوانرێت رێبوار تاڵەبانی لابدرێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام دەبێت (21) ئەندام دەنگ بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی بدەن.
دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبوون:
• پێكهاتەی عەرەب: 6
• پێكهاتەی توركمان: 9
• لیستی برایەتی كورد: 26 ئەندام
لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتیو پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەبو توركمانێكو مەسیحییەك.