تۆمارێكی ڤیدیۆیی عیزەت دوری بڵاوكرایەوە
2018-04-07 20:21:56
سایتە ئەلیكترۆنییەكان سەربە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەی عێراق تۆمارێكی ڤیدیۆیی عیزەت دوری ئەمینداری گشتی حزبی بەعسیان بڵاوكردەوە كە بەبۆنەی 71 ساڵڕۆژی دامەزراندنی بەعسەوە بڵاویكردوەتەوە.
لە تۆمارەكەدا عیزەت دوری وەكو ئاماژەیەك بۆ حكومەتی ئێستای عێراق دەڵێ" ئەگەر هەموو عێراقییەكان ئازاد نەكرێن، جەنگ لەدژی حكومەتی سەفەوی و پێگەكانی عێراق بەرپا دەكەین و لە بەرژەوەندی وڵاتانی عەرەب و خۆرئاوا دەدەین كە پشتیوانی حكومەتی سەفەوی دەكەن".
عیزەت دوری ئاماژە بەوەدەكات، سەرباری هەموو شتێك پاڵپشتی سعودیە دەكەن، چونكە دەزانن سعودیە روبەروی پیلانگێڕییەكی هاوشێوەی عێراق و لیبیا و یەمەن دەبێتەوە و لەوبارەیەوە دەڵێ: با سعودیە و وڵاتانی كەنداو بزانن لەدەستدانی قەتەر یان پەراوێزخستنی سەرەتا زیانە بۆ وڵاتانی كەنداو پاشان بۆ گەلی عەرەب، با قەتەریش بزانێ ئەو بە لەدەستدانی وڵاتانی كەنداو هیچ شتێك نییە ئەگەر هەموو جیهانیشی لەگەڵ بێت.
عیزەت دوری كە لەدوای روخانی رژێمەكەی سەددامەوە بێسەروشوێنە لە بەشێكی تری وتارەكەیدا رایگەیاند" تاوەكو رۆژی قیامەت ترەمپ گورز لە ئێران ناوەشێنێ".
لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت، عیزەت دوری دەڵێ: ئەوەی كە لە خولی هەڵبژاردنی داهاتوو دێتە پێشەوە زۆر خراپترە لە خراپەكانی پێشتر.
عیزەت دوری كە لەلایەن دادگای عێراقەوە داوا كراوە باسلەوە دەكات" ئەگەر گۆڕانكاری ریشەیی لە عێراق رونەدات و یاساكانی ریشەكێشكردن و قەدەغەكردنی بەعس هەڵنەوەشێنەوە، شەڕدەكەن و سیمبولەكانی پرۆسەی سیاسی و بەكرێگیراوان و ناپاكەكان دەكەنە ئامانج و لە بەرژەوەندی سەربازی و ئابوری وڵاتان دەدەن لەسەر خاكی عێراق و دژی بونی عێراق لەسەر خاكی عێراق شەڕ دەكەن".
حیزبی بەعس ساڵی 1947 لە دیمەشق دامەزراوە، ئەم حزبە ئازاری 1963 وە دەسەڵاتی لە سوریا بەدەستەوەیە، لە عێراقیش لە 17ی تەموزی 1968وە دەسەڵاتی گرتەدەست تاوەكو روخانی رژێمی سەددام لە رۆژی 9ی نیسانی 2003دا.