هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنكەی سەربازی نوێ لە مەنبەج دروستدەكات
2018-04-07 18:08:06
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، بنكەی سەربازی نوێ لەسەر كەناری خۆرهەڵاتی روباری فورات دروست دەكات.
ریسان جیلۆ هاوسەرۆكی لیژنەی بەرگری كانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرایكرد" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنكەی سەربازی نوێ لە مەنبەج دروستدەكات.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی نۆڤۆستی روسیا، ریسان جیلۆ وتی: دروستكردنی ئەو بنكە سەربازیانە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندیدارە بە پلانێكی سەربازییەوە، ئەو بنكانە ئەمریكی بن یاخود فەرەنسی ئێمە مامەڵ هاوپەیمانی دەكەین نەك وڵاتان.
جیلۆ ئاماژە بەوەشدەكات، بەهۆی هێرشی توركیاوە بۆسەر عەفرین و هەڕەشەكانی بۆ هێرشكردنەسەر مەنبەج و ناوچەكانی تری باكوری سوریا، داعش هەندێك لە هێز و توانای لە ناوچەكە بەدەستهێناوەتەوە.
باسلەوەشدەكات، بنیادنانی بنكەی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە باكوری سوریا بەشێكە لە هاوكاری سەربازی نێوان هاوپەیمانان و هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی فورات.
دروستكردنی بنكەی سەربازی نوێ لە مەنبەج لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دوای هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دێت بۆ هێرشكردن بۆسەر ئەو ناوچانە، هەروەها دوای چەند رۆژێك دێت لە لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە باسی لە كشاندنەوەی سوپای وڵاتەكەی كرد لە سوریا و دواتر بڕیاریدا ماوەی مانەوەی هێزەكان درێژبكاتەوە.