كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێدا
2018-04-07 12:29:47
رۆژی 14 ی ئەم مانگە بەشێوەیەكی فەرمی لایەنەكان هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەكەن كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت، هێشتا وادەی فەرمی بانگەشە دەستیپێنەكردووە قەوارەو كاندیدەی لیستەكان دەستیان بە بانگەشە و كۆبونەوەی جەماوەری كردووە، وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشووش ئەگەری رودانی ساختەكاری لە ئارادایە.
(درەو) بۆ وەرگرتنی وەڵامی هەندێك پرسیاری لەبارەی دۆخی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ساختەكاری و دەستوەردانی ناوخۆیی و دەرەكی لە هەڵبژاردنەكە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (سەعید كاكەیی) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سازكرد.
چاوپێكەوتن: محەمەد رەئوف و فازل حەمەرفعەت
درەو: بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران چ میكانیزمێك گیراوەتەبەر بۆ رێگرتن لە رودانی ساختەكاری ؟
سەعیید كاكەیی: بەڵێ رێوشوێن گیراوەتەبەر، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئامێری جیاكردنەوەی دەنگەكانمان هێنا كە ئامێرێكی ئەلیكترۆنییە هەروەها ئامێری دڵنیابوونمان لە ناسنامەی دەنگدەر هێناوە، بەوهۆیەوە ئێمە بڕوایەكی پیتەومان هەیە بەڕێژەی 75% ئاستی دەستكاریكردنی دەنگدەكان و ساختەكاری كەمدەكات، بۆچی وا دەڵێم، ئێستا ئەگەربێتو بڕوانیتە كۆی گشتی دەنگدەران لە عێراق دەبینیت (24 ملیۆن و 383 هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ژمارەیە نزیكەی (12 ملیۆن و 280 هەزار) كەس زانیارییەكانیان بە پرۆسەی بایۆمەتری تازەكراوەتەوە، ئەم كارتی بایۆمەترییە 100% رێگری لە دەستكاریكردنی دەنگ و ساختەكاری دەكات، بەم كارتی بایۆمەترییە ساختەكاری بەرێژەی زیاتر لە 50% كەمكراوەتەوە، ئەوەی كە دەمێنێتەوە رێژەی 49% بۆ 48%ە، لەم رێژەیەش 24% تاوەكو 25% دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئێمە دەزانین لە هیچ وڵاتێكدا هەڵبژاردن بەرێژەی 80% روینەداوە، زۆرترین رێژەی دەنگدەران كە بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان لەوانەیە 76% تاوەكو 77% بێت، ئەوانەی كە دێنە سەر سندوقەكانی دەنگدان دڵنیاین بڕیاری خۆیانداوە دەنگ بە كێ بدەن، ئەمە خۆی لە خۆیدا رێژەی دەستكاریكردنی دەنگەكان زۆر كەمدەكاتەوە.
درەو: ئەی ئەو كەسانەی كە كارتی بایۆمەترییان نەكردووە، ئەوانە مافی دەنگدانیان دەبێت ؟
سەعید كاكەیی: وەكو وتم هەموو هاوڵاتییەك لە سەرو تەمەنی 18 ساڵییەوە مافی دەنگدانی هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی كارتە كاتییە كۆنەكەیان هەیە كە وێنەی لەسەر نییە و پەنجەمۆرەكەی وەرنەگیراوە، ئەمانەش مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی دەنگدانەكەی دووبارە نەبێتەوە لەكاتی دەنگداندا هەر كە كارتەكەی كردە ناو سندوقەكەوە، كارتەكە قوفل دەبێت، جاران دەمانوت بۆ سێ رۆژ، پاشان وتمان بۆ سێ مانگ، ئێستا لەگەڵ ئەو كۆمپانیا رێككەوتوین ئەو كارتە قوفل ببێت و داخرێت تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو.
درەو: بە رێژەیی لەو چوار تەمەنەی تر واتە (1997- 1998- 1999- 2000) بە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو چەند دەنگ زیادی كردووە ؟
سەعید كاكەیی: نزیكەی (4 ملیۆن) كەسێك لەم چوار ساڵەی دوایدا زیادیان كردووە.
درەو: سەبارەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردن، وەكو دەزانن ئێستا بە جۆرێك لە جۆرەكان هەڵمەت دەستیپێكردووە، رێكاری كۆمسیۆن بۆ ئەم حاڵەتانە چییە ؟
سەعید كاكەیی: ئێمە رۆژی یەكی مانگ ئاگادارییەك و سەرەنجرشاكێشانێكمان بڵاوكردەوە و مۆڵەتی سێ رۆژمان بە هەموو لایەنەكان داوە هەموو بانگەشەیەكی راستەخۆ راگرن، لەدوای ئەو مۆڵەتەوە هەر لایەنێك بانگەشە بكات، ناو و ژمارەی كاندید و یان ناوی قەوارو هاوپەیمانێتی بڵاوبكاتەوە، سزایەكی قورسی وەهای دەدەین نەتوانێت دووبارەی بكاتەوە، ئەگەر دووبارەی كردەوە سزاكە دووقات دەبێت، ئەگەر سێبارە كرایەوە سزاكە سێقات دەبێت تا ئەو رادەیەی دەتوانین بیكێشینە دادگا و ماوەی 15 ساڵ حوكمی بدەین تەنانەت تا ئەو رادەیەی كاندیدەكانیشی پێ بكشێنینەوە.
درەو: تائێستا هیچ پێشێلكارییەكتان بەدەستگەیشتووە ؟
سەعید كاكەیی: بەڵێ پێشێلكاریمان پێگەیشتووە، بەڵام پێشێلكارییەكان كەوتونەتە ناو ئەو سێ رۆژەی كە مۆڵەتمان پێداون، دوای ئەو سێ رۆژە مۆڵەت بە هیچ كەس نادەین، تەنانەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێی و كۆمەڵ و هەر لایەنێكی تر بێت، چ جای لایەنە عەرەبییەكان، ئێمە بە یەك چاو لە هەموویان دەڕوانین و بە یەك تای تەرازوو مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین و سزاكەیان زۆر قورس دەبێت تەنانەت ئەگەر نەشتوانن و پارەیان نەبێت بۆ ئیدارەدانی بانگەشەكەیان.
درەو: باس لەوە دەكرێت لە زوترین كاتدا ئەنجامەكان رادەگەیەنرێت، دوای هەڵبژاردن بە ماوەی چەنێك دەتوانن ئەنجامەكان رابگەیەنن ؟
سەعید كاكەیی: بە حوكمی ئەو ئامێرانەی كە سەدان ملیۆن دۆلارمان تێدا خەرجكردوون بەرنامەی ئێمە ئەوەیە لەماوەی (24 كاتژمێر)دا ئاكامە سەرەتاییەكان رابگەیەنین، دەمێنێتەوە دوای راگەیاندنی ئاكامی بەرایی، دوو هەفتەمان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەر لایەنێك سەرەنج یاخود رەخنەی هەبێت لە رێگای ئێمەوە وەكو كۆمسیۆن یاخود لە رێگای دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە، دوای دوو هەفتە لە راگەیاندنی ئاكامی بەرایی، ئاكامی فەرمی و كۆتایی بڵاودەكەینەوە.
درەو: لایەنەكان تا چەند دڵنیا بن لەوەی لە لایەن لایەنە عێراقی یاخو نێودەوڵەتییەكانەوە هیچ فشارێك لەسەر كۆمسیۆن نییە و دەستكاری دەنگەكان ناكرێت، پێشتر باسلەوەدەكرا هێزێكی هەرێمی یاخود كەسایەتییەكی عێراقی هەژمونی هەبووە بەسەر كۆمسیۆندا ؟
سەعید كاكەیی: ئێمە لە رێگەی سایتەكەی ئێوەوە دڵنیایی دەدەین بە هەموو دەنگدەرێك كە گرنگ نییە ئاستی فشارەكان چەندن، بەڵام دڵنیابن لەوەی ئەم دەستوری ئەنجومەنی كۆمسیارانە یەكڕیز و هاودەنگن و تائێستا چۆكیان بۆ هیچ فشارێك دانەداوە و دڵنیابن ئێمە ئامادەین سەرو ماڵ و گیانی خۆمان لەرێگەی ئەم ئەركە پیرۆزەدا بەخت بكەین و چۆك دانەدەین بۆ هیچ فشارێكی دەرەكی یان ناوخۆیی.